ڕۆژی چوارشەممە ڕێكەوتی ٢٧ی جۆزەردان، مام قادر چەرەندە ئەندامی حیزبی دێموكراتی کوردستانی ئێران و پێشمەرگەی دێرینی حیزب بەهۆی نەخۆشییەوە لە شاری کۆیە كۆچی دوایی كرد.
مام قادر ساڵی ١٣٢٥ی هەتاوی، لە گوندی ڕكاوێی پیرانشار لە بنەماڵەیەكی نیشتمانپەروەر لەدایک بوو. ساڵی ١٣٥٨ هاتە ڕیزی پێشمەرگەی کوردستان و وەک سەرپەل ئەركی حیزبیی خۆی بەوپەڕی دڵسۆزییەوە بەجێگەیاند.
ساڵی ١٣٦٥ بەهۆی تەنگەژەی ژیان وازی لە پێشمەرگایەتی هێنا و وەک ئەندامێكی دڵسۆزی حیزب لە شاری هەولێر لە كەمپی گردەچاڵ و دواتر لە كەمپی ئیماراتی، درێژەی بە تێكۆشانی حیزبی خۆی داوە.
بەداخەوە مەرگ مەودای نەدا ڕزگاریی نەتەوە و نیشتمانەكەی بەچاوی خۆی ببینێ و ڕۆژی چوارشەممە ڕێكەوتی ٢٧ی جۆزەردانی ١٤٠٥ی هەتاوی لە شاری کۆیە كۆچی دوایی كرد.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.