کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تێکشکاندنی ئێران: لە زەختەوە بۆ گواستنەوە

06:34 - 2 سەرماوەز 2726

میدڵ ئیست فۆروم – سێت د. کاپلان

و لە ئینگلیزییەوە: کەماڵ حەسەنپوور

نووسەر سێت د. کاپلان لە وتارێکی دوورودرێژدا کە لە ماڵپەڕی ناوەندی توێژینەوەی میدڵ ئیست فۆرومدا بڵاو کراوەتەوە، باسی چۆنیەتیی تێکشکاندنی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و گواستنەوەی دەسەڵات بۆ ڕێژیمێکی نوێ دەکات. لەبەر دوورودرێژبوونی وتارەکە، من تەنیا بەشە گرینگەکانی وتارەکەم وەرگێڕاوە، بە شێوەیەک کە بکرێ لە ژمارەیەکدا چاپ و بڵاو بکرێتەوە.

نووسەر لە وتارەکەیدا دەڵێ هەشت مانگ دوای هێرشی سەربازیی ئەمریکا و ئیسرائیل و زەختی ئابووری، ئەم ڕێژیمە لە ڕوانگەی سەربازییەوە لاواز بووە، ڕێبەرە پلەبەرزەکانی کوژراون، ژێرخانە ناوکی و هاژەکییەکانی زەرەری بەرچاویان بەر کەوتووە و، دەستڕۆیشتوویی ناوچەیی لاواز بووە، لەگەڵ ئەوەشدا کۆماری ئیسلامی هێشتا لەسەر دەسەڵات ماوە. ڕێژیم درێژە بە شەڕ دەدات، بە درۆن و هاژەک، هێزی دەریایی، بەکرێگیراوان و ڕێگریی دەریایی و، بە ئامرازە ناهاوسەنگەکان هەڕەشە لە داڵانی وزەی کەنداو دەکات. بەڵام نووسەر لەسەر ئەو بڕوایەیە کە لاوازیی سەربازی بە تەنیا بۆ ئاڵوگۆڕی سیاسی بەس نییە.

لە ڕوانگەی نووسەری وتارەکەوە، ناوەندی یەکلاکەرەوەی دەسەڵات ئەو هاژەکانە نین کە ڕێژیم هێشتا بەدەستییەوە ماون یان سانتریفیۆژەکانی پیتاندنی ئۆرانیۆم، بەڵکوو یەکگرتوویی نێوان سپا و ئەو نوخبەیە کە ئێستا دەسەڵاتی بەدەستەوەیە. سپای پاسداران وەک بڕبڕەی پشتی ڕێژیم و ناوەندی لێکبەستنەوەی دامەزراوە داپلۆسێنەرەکان، ناوەندە هەواڵگرییەکان، دەسەڵاتدارانی پارێزگاکان، ڕایەڵەکانی بازرگانی، دامەزراوە ئایینییەکان و پیشەسازییە ستراتێژیکەکانە. سپای پاسداران بە هۆی دامەزراوە داراییەکانییەوە خۆبەڕێوەبەرە، ڕێنوێنیکاری سەرکوتە و دەسەڵاتی خۆی دەسەپێنێت. ئاڵوگۆڕەکانی دوای کوژرانی ڕێبەری پێشوو، عەلی خامنەیی، وا پیشان دەدەن کە دەسەڵات بە قازانجی دەوڵەتێکی ئەمنییەتیی ژێر ڕکێفی سپای پاسداران لاسەنگ بووە کە ڕەوایی ئایینی وەک ئامرازێکی دەوڵەتداری بەکار دەهێنێت. دەسەڵاتی بەکردەوە لەدەست ئەو دامەزراوانەدایە کە هێزی داپلۆسێنەر و سەرچاوەکانی کۆنتڕۆڵکردنیان بەدەستەوەیە. مانەوەی تاقمی هاوپەیمانی ترۆپکی دەسەڵات زۆرتر بە چاوەڕوانیی هاوبەش لە داهاتوو بەستراوەتەوە هەتا ئایدیۆلۆژی. گەلێک لە بازرگانە ناسراوەکان، تێکنۆکراتەکان، کاربەدەستانی پارێزگاکان، کارمەندان و تەنانەت بەشێک لە کارمەندانی بەشی ئاسایش بە شێوەی کەسی ئەم ڕێبازە دەخەنە ژێر پرسیار، بەڵام مەترسییەکانی بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ دەسەڵاتی سەرکوتکەر پێشی بە جیابوونەوە لە ڕێژیم گرتووە و ئەو ڕەوتە هەتا نوخبەکان لەوە دڵنیا نەبن کە ئەوانی دیکەش بە هەمان شێوە لە ڕێژیم جیا دەبنەوە و جێگرەوەیەکی جێگای باوەڕ سەرهەڵدەدات، بەردەوام دەبێت.

سیستمە دیکتاتۆرییەکان زۆر بە دەگمەن تەنیا بە هۆی ناڕەزایەتییەوە هەرەس دەهێنن. هەر لەبەر ئەو هۆیەشە کە لە ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی دوو دەیەی ڕابردوودا، سەرەڕای خۆپیشاندانی میلیۆنان ئێرانی و ڕەتکردنەوەی کۆماری ئیسلامی لەلایەن ئەوانەوە، مانگرتنی کرێکاران، کەمپەینەکانی چالاکانی مافەکانی ژنان، چالاکییەکانی خوێندکاران و خەباتی مەدەنی و لە کۆتاییدا بە هۆی لاسەنگیی دەسەڵاتی داپلۆسێنەری ناوەندەکانی سەرکوت و پرشوبڵاویی ئۆپۆزیسیۆن، تا ئێستا ڕێژیم نەڕووخاوە. ڕەوایی دژبەران بە تەنیا نابێتە هۆی ڕووخانی ڕێژیم، بەڵکوو بە ڕێکخستن دەتوانن بەم ئامانجە بگەن.

ڕێژیمە دیکتاتۆرەکان کاتێک لاواز دەبن کە بڕوابەخۆیی چینی نوخبە لاواز دەبێت، جێگرەوەیەک سەرهەڵدەدات و، ڕێژیم چیدیکە ناتوانێ لایەنگرانی دڵنیا بکات کە ڕێگایەکی جێگەی متمانە بەرەو سەقامگیری پێشکەش دەکات. گۆڕانی ڕێژیم لە ئاکامی پڕۆسەی کەڵەکەبووی نادڵنیایی نوخبەی دەسەڵاتدارەوە دێتە ئاراوە نەوەکوو تاکە ڕووداوێک. بۆیە ستراتێژییەکە دەبێ پەرەپێدان بە نادڵنیایی لەنێو تاقمی دەسەڵاتداردا و هاوکات بەهێزکردنی جێگرەوەیەکی جێگای باوەڕ لە ئێران بێت. هەموو هەوڵەکان دەبێ بە وردی هەڵسەنگێندرێن، جا بەرزکردنەوەی نادڵنیایی لەنێو دەسەڵاتداراندا بێت یان بەهێزکردنی ئاڵترناتیڤێکی ئێرانی بێت. لایەنە دەرەکییەکان (لە پێش هەموواندا ئەمریکا و ئیسرائیل) دەبێ هەلومەرجەکان بۆ گواستنەوەیەکی تەواو ئێرانی ئامادە بکەن، چونکە پشتگیریی ئاشکرای دەرەکی مەترسیی ڕەواییدان بە پرۆپاگاندای ڕێژیمی لێ دەکەوێتەوە.

بۆ ئەم مەبەستە پرسی سەرەکی چیدیکە ئەوە نییە کە ئاخۆ کۆماری ئیسلامی دەکرێ لە ڕوانگەی سەربازییەوە لاواز بکرێت، بەڵکوو ئاخۆ دەکرێ بە شێوەیەکی سیستماتیک پاشماوەی بناغە سیاسییەکانی ڕێژیم بە جێگرەوەیەکی ئێرانیی جێگای متمانە بڕووخێندرێت. بە بۆچوونی نووسەری وتارەکە ئەم کارە پێویستی بە ستراتیژییەک هەیە کە لە چەند بەش پێکهاتبێت:

بەشی یەکەم: سپای پاسداران وەک چەقی دەسەڵات

ناوەندی یەکلاکەرەوەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی پاشماوەی تواناییە سەربازییەکانی نییە، بەڵکوو یەکگرتوویی نێو سیستمی سیاسی و ئەمنییەتییەکەیەتی کە لە دەوری سپای پاسداران چڕ بووەتەوە. بەڵام ئەو تاقمە یەکچەشن نییە: فەرماندە پلەبەرزەکانی لە تێکنۆکراتەکان، بەڕێوەبرانی پارێزگاکان، بەرپرسانی کۆمپانیا دەوڵەتییەکان، دادوەران، ڕێبەرانی پیشەسازییەکان، کارمەندان و ئەفسەرانی ئەرتەش جیاوازن. جیاوازیی تێوەگلان گرینگە؛ بەرپرسیارێتی بۆ ئەوانەی بەرپرسی سەرکوت و گەندەڵین، هاوکات دانی دەرفەت و دڵنیایی بە ئەوانی دیکە هەتا بەبێ دڵەخورپە لە تێکڕمانی ڕێژیم و تۆڵەسەندنەوەی کوێر، دەست لە ڕێژیم بەردەن. ئەمە توانایی دامەزراوەیی پێویست بۆ بەڕێوەبەریی وڵات دەپارێزێت و هاوکات خۆڕاگریی یەکدەستی دەسەڵات لاواز دەکات.

بەشی دووهەم: چوارچێوەیەک بۆ گواستنەوەی دەسەڵات

لێرەدا پێویستە چوارچێوەیەک کە پێکهاتبێ لە چوار هێڵی هاوتەریب، کە بەردەوام یەکتر بەهێز بکەن، دروست بکرێت:

١. تواناییەکانی ئۆپۆزیسیۆن دەبێ پەرەی پێ بدرێت: دروستکردنی یەکەیەکی یەکگرتووی سیاسی بە مەبەستی هاوئاهەنگکردنی لایەنەکانی نێوخۆ و تاراوگە پێویستە. دەبێ ڕێبەریی کاریگەر، پلاتفۆرمێکی گشتگیر، ئامرازی پێوەندیی دڵنیا و توانایی ڕێکخستنی ناڕەزایەتی، مانگرتن، دیپڵۆماسی، یارمەتیی مرۆڤانە و لە کۆتاییدا دەوڵەتداری هەبێت. ئامانج لێرەدا یەکگرتوویی دامەزراوەییە نەوەکوو یەکچەشنیی ئایدیۆلۆژیک؛ واتە ناوەندێکی دانپێدانراو کە ناڕەزایەتی بکاتە کردەوەی بەردەوام و دەسەڵاتی ڕەوا. ئەمەش پێویستی بە یەکگرتوویی دامەزراوەیی بەرفراوان هەیە.

٢. پارچەپارچەکردنی بەرەی دەسەڵاتدار: بۆ ئەم مەبەستە دەبێ کەڵک لە زەختی جۆراوجۆر وەرگیرێت. لێپرسینەوە لە سەرکوتکەرە سەرەکییەکان و هەرە گەندەڵەکان پێویستە، بەڵام دەبێ داهاتوویەکی ڕوون بخرێتە بەردەم مووچەخۆرە پلەنزمەکانی دامودەزگا ئەمنییەتییەکان. گوشاری هاوشێوە بەبێ جیاوازی زۆرجار دەبێتە هۆی بەهێزتربوونی یەکگرتوویی لە نێوان تاقمی دەسەڵاتداردا، بەڵام جیاوازیدانان دەبێتە هۆی بەرینتربوونی کەلێنی نێوانیان و کشانەوەی وردەوردە. گواستنەوەی دەسەڵاتی سیاسی زۆر بە دەگمەن بە جیابوونەوەیەکی کتوپڕ ڕوو دەدات، ئەوان کاتێک دێنە ئاراوە کە بڕوابەخۆبوونی نوخبەی دەسەڵاتدار وردەوردە بنکۆڵ بکرێت و هێدی‌هێدی ویستی داکۆکی لە دۆخی زاڵ لەنێو بچێت.

٣. بردنەوەی گۆڕەپانی زانیاری: گشت سیستمێکی دیکتاتۆر هێندەی دەسەڵاتەکەی بە کۆنتڕۆڵکردنی ڕوانگەکانەوە بەندە، هێندەش بە کۆنتڕۆڵکردنی خاک. بۆیە دەبێ ڕایەڵەی پتەو دروست بکرێت کە بتوانێ لە بەرانبەر سانسۆر، بەستنی ئینتێرنێت و چاودێریدا خۆڕاگر بێت. پێشێلکارییەکان دەبێ تۆمار بکرێن، گەندەڵییەکان دەبێ ئاشکرا بکرێن، دەنگەکانی نێوخۆ بەهێز بکرێن و، ئاسۆی ئەرێنی پێشکەشی خەڵک بکرێت و باسی ئەوە بکرێت کە چ شتێک جێگای ڕێژیم دەگرێتەوە. پیشانی خەڵک بدرێت کە بەبێ لێکهەڵتەکاندنی کۆمەڵگە، ئاڵوگۆڕ مومکینە. زانیاری گۆڕانی واقیعەکان لە ڕوانگەی سیاسییەوە واتادار دەکات و دڵنیایی دەداتە ئەو کەسانەی کە بەتەمای جیابوونەوە لە ڕێژیمن.

٤. کێبڕکێی ئابووری: پشتگیری لە بەرگریی مەدەنی پێویستە (واتە پشتگیریی دارایی پێشکەشی ئەو کرێکارانە بکرێت کە مان دەگرن و هەروەها بنەماڵەکانی لاواز لە ڕوانگەی ئابوورییەوە). گەمارۆی ئامانجدار بخرێتە سەر دامەزراوە سەرکوتکەرەکان، بەشی دابینکەری دارایی بۆ سپای پاسداران و، تاکی تایبەت لە کاتێکدا کە دژوارییە بەرفراوانەکانی سەر خەڵکی مەدەنی سووک بکرێن. پلانی وردی سەقامگیرکردنی ئابووریی وڵات، نۆژەنکردنەوەی وێرانییەکان، پارێزگاری لە مافی خاوەندارێتیی موڵک، بەردەوامبوونی دانی مووچەی خانەنشینی، بەردەوامبوونی پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان، گەڕاندنەوەی وەبەرهێنان و هاوگونجیی بازاڕ داڕێژرێت. داهاتوویەکی ئابووریی جێگای باوەڕ، بەستراوەیی بە بەخێوکران لەلایەن سپای پاسداران و دەوڵەتەوە کەم دەکاتەوە و ئاڵوگۆڕ لە هەڕەشەوە دەکاتە دەرفەت.

هیچکام لەم چوار هێڵە بە تەنیا بەس نییە؛ ڕێکخستنی بێ وازهێنانی نوخبەی دەسەڵاتدار لە بەرامبەر زۆرەملێدا شکست دەهێنێت؛ نادڵنیایی نوخبەکان بەبێ ئاڵترناتیڤێک دەبێتە هۆی ئیفلیجی؛ زانیاری بەبێ ڕێکخستن ناتوانێ ببێتە هۆی بەردەوامبوون؛ گوشاری ئابووری بەبێ دوورەدیمەنی گەڕانەوەی دۆخی ئاسایی دەبێتە هۆی ترس و دڵەڕاوکێ. بەرەوپێشچوونی هاوکات دەبێتە هۆی گۆڕانی هاوسەنگیی سیاسی.

بەشی سێهەم: مەرجەکانی تێکشکاندنی ڕێژیم

ئاڵوگۆڕی ڕێژیم بەرهەمی کەڵەکەبوونە: شکستی سەربازی، ئابووری، لێکهەڵتەکان، ناڕەزایەتییەکان، شکست لە بەرەی زانیاریدا و پارچەپارچەبوونی دامەزراوەیی لەسەر یەک کەڵەکە دەبن هەتا ئەوانی نێو دەسەڵات بەم ئاکامە دەگەن کە ڕێژیم ناتوانێ ئاسایش یان درێژەی تەمەنی ڕێژیم دەستەبەر بکات. پەرەگرتنی ناڕەزایەتییەکان تێچووی سەرکوت دەبەنە سەر و لەکیسچوونی ڕەوایی ڕێژیم پیشان دەدەن، بەڵام تا ڕادەیەکی زۆر کاریگەرییان لەسەر لێکدانەوەکانی نوخبەی دەسەڵاتدار دەبێت (وەکوو لە جووڵانەوەکانی دوای ٢٠٠٩ دیتراوە). گۆڕانی یەکلاکەرەوە دەبێتە هۆی تەشەنەکردنی نادڵنیایی، پەرەسەندنی هەستی خۆدەربازکردن، کەمبوونەوەی هاوکاری، خۆبواردن لە بڕیاری پڕمەترسی، پێوەندیی نهێنی لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆن. جیابوونەوەکان لە ڕێژیم هۆی سەرەکیی تێکڕمانن بەڵام خاڵی کۆتایی نین. زەختی ئابووری و سەربازی، چاوەڕوانییەکان لە ڕێژیم بە چوونەسەری تێچووی وەفاداری بە ڕێژیم دەگۆڕن. زانیاری پەرە بە نادڵنیایی دەدات بەهۆی ئاشکراکردنی دۆخی ئێستا و پیشاندانی جێگرەوەکان. دەبێ باوەڕبەخۆبوون لە دەسەڵاتدارانەوە بگوازرێتەوە بۆ نێو دامەزراوەکانی ئۆپۆزیسیۆن کە توانای ڕێکخستنی کردەوەکان، پێوەندییەکان، ئامادەکاری بۆ وەئەستۆگرتنی بەڕێوەبەریی دەوڵەت و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە سەرەکییەکانی هەیە. ئامانجەکە ئەوەیە کە مەترسیی پاراستنی دۆخی ئێستا مەزنتر بێت لە پشتگیری لە جێگرەوەکە.

بەشی چوارەم: ستراتێژییەکی گشتگیر بۆ گواستنەوەی سیاسی

وەکوو پێشتر ئاماژەی پێ کرا، ئاڵوگۆڕی سیاسی تەنیا بە لاوازکردنی ڕێژیم نایەتە ئاراوە؛ ئەو، بەهێزکردنی جێگرەوەیەکی سیاسیی جێگەی متمانە دەخوازێت، هاوکات دەبێ بە شێوەی سیستماتیک ئەوانی نێو ڕێژیم هان بدرێن کە لێی جیاببنەوە. لێرەدا دەبێ ئەولەوییەت بدرێت بە جێگرەوەی سیاسیی بەرفراوان (کە خاوەنی پلاتفۆرم، نەخشەڕێگا، تێوەگلان لەگەڵ کرێکاران، ژنان، خوێندکاران، پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان، مامۆستایان، بازرگانان، کەسایەتییە ئایینییەکانی خوازیاری چاکسازی؛ پێکهاتن لەسەر پرەنسیپە گشتییە دێموکراتیکەکان، دەوڵەتداریی پشتبەستوو بە یاسای بنەڕەتی، یەکپارچەیی خاک و گواستنەوەی ئاشتییانەی دەسەڵات بێت). ستراتێژیی دانی زانیاری دەبێ هاوتەریبی دابینکردنی ئامرازەکانی جێگای متمانە بۆ پێوەندیگرتن، ئامرازی دژی سانسۆر، ئامرازی تۆمارکردن و پیشاندانی ئاسۆیەکی ڕوون بێت. ستراتێژیی ئابووری دەبێ پشتگیری لە ئۆپۆزیسیۆن و گەمارۆی ئامانجدار و پلانی گەڕاندنەوەی دۆخی ئاسایی بگرێتەوە. پلانی بێژینگکردنی نوخبەی دەسەڵاتدار دەبێ جیاوازی لە نێوان کەسایەتییە سەرەکییەکانی سەرکوت (بەرپرسیارکردنی لەژێر یاسادا) و ئەوانی دیکە دانێت (بە دانی دڵنیایی بۆ دەورگێڕانیان لە داهاتوودا، بەردەوامبوونی کاری دامەزراوەکان، پاراستنی کەسانی پسپۆڕ بەو مەرجەی لە پێشێلکارییەکاندا بەشدار نەبووبن). کەرتی ئاسایش دەبێ ئەرتەش بگرێتە خۆ، ئەفسەرانی پلەنزم و سەربازانێک کە خوازیاری خزمەت بە نیشتمانن، بەڵێنی هەڵسوکەوت لەگەڵیاندا بەگوێرەی یاسا و درێژەدان بە خزمەتیان لەو شوێنانەی پێویستن، هاندان بەرەو بێلایەنبوون یان جیابوونەوە لە ڕێژیم، توانایی سەرکوت لەلایەن ڕێژیمەوە کەم دەکاتەوە. بەرخۆدانی مەدەنی و خۆڕاگریی سایبێری دەبێ ئامرازی پێوەندیگرتنی سەربەخۆ، ئامرازی دیجیتاڵی، ڕایەڵەی ناناوەندگەرا و پشتگیری لە کرێکاران، کارمەندان، زانستگاکان و تاقمە پیشەییەکان بگرێتەوە.

هاوئاهەنگیی نێونەتەوەیی گەمارۆکان، گەیاندنی پەیامەکان، یارمەتی و پلاندانان لە نێوان وڵاتانی دێموکراتیک و هاوپەیماناندا بە وریاییەوە و بە ڕێبەریی لایەنی ئێرانی ڕێک بخرێت. «پلانی ڕۆژی دوای ڕووخان» دەبێ پاراستنی وەزارەتخانەکان، دادگاکان، کەرەستە گشتییەکان، بەڕێوەبەریی ناوچەیی و بەردەوامبوونی پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان بگرێتەوە بۆ ئەوەی پێش بە تێکڕمانی دامەزراوەیی بگیرێت. دادپەروەریی ئینتیقالی دەبێ کەڵک لە ڕێکارێکی چەندتوێ وەربگرێت: لە کاتێکدا کە مەزنترین پێشێلکارەکان دادگایی دەکات، پارێزگاری لە یارمەتیدەرە ئاساییەکان دەکات، هاوکات دەبێ کەرتی ئاسایش چاکسازیی تێدا بکرێت، میکانیزمی ئەوتۆ کەڵکی لێ وەربگیرێت کە دانوستانی لەسەر کرابێت، شاندی لێکۆڵینەوە لە ڕاستییەکان پێکبێت و وردەوردە پشێوی و دڵەڕاوکێ کەم بکاتەوە و بڕوا بە دۆخێکی سەقامگیر بچەسپێنێت.

بەشی پێنجەم: دامەزراندنی ناوچە پارێزراوەکان بۆ ئۆپۆزیسیۆن

ئەزموونە مێژووییەکان سەلماندوویانە کە سیستمە دیکتاتۆرەکان کاتێک بە شێوەی بەرچاو لاواز دەبن کە ئۆپۆزیسیۆن بتوانێت دەست بە سەر هێندێک پارچەی وڵاتدا بگرێت و بیانپارێزێت. ئەم ناوچانە دەبنە هۆی ئەستاندنەوەی کۆنتڕۆڵ بە سەر کۆی ڕووبەری وڵات لەلایەن ڕێژیمەوە و پاراستنی دامەزراوەکانی ئۆپۆزیسیۆن بۆ کاتی دوای گواستنەوەی دەسەڵات. بۆ وێنە لە سووریە، ناوچەی ئیدلیب لەلایەن ئۆپۆزیسیۆنەوە بە یارمەتیی هێزی سەربازیی چاوترسێنکەری دەرەکی و پشتگیریی لۆجیستیکی سەرسنوور، بووە هۆی پاراستنی دامەزراوە سیاسییەکانی ئۆپۆزیسیۆن، سەرەڕای تێکشکانی ئۆپۆزیسیۆن لە شوێنەکانی دیکە.

لە ئێران ئەم ناوچانە وێدەچێت لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان و بەلووچستان سەرهەڵدەن، چونکە لەوێ ڕایەڵە سیاسییەکان دەتوانن دەرفەتی لەبارتر بۆ ڕێکخستنی بەردەوام دەستەبەر بکەن. بەڵام ناوچەکانی شوێنی ژیانی پێکهاتە نەتەوەییەکان وێناچێت ڕەوایی پێویست بۆ گواستنەوەی سیاسی وەدەست بهێنن و ئەگەری هەیە ببنە هۆی بەهێزکردنی گوتاری ڕێژیم لەمەڕ جیاییخوازیی ئەم نەتەوانە. بۆیە دەبێ ئامانج لە دامەزراندنی ئەم ناوچانە ئەوە بێت کە ببنە بناغەی جووڵانەوەیەکی بەرفراوانی نیشتمانی کە بە شێوەی پەرەئەستێن دەستڕۆیشتوویی سیاسیی خۆی لە ناوچە ناوەندییەکانی ئێران کە زۆرینەی فارسن پەرە پێ بدات.

پاراستنی ئەم ناوچانە پشتگیریی لۆجیستیکی، پێوەندی، مرۆیی، پێڕاگەیشتنی پزیشکی، پسپۆڕیی میدیایی و یاسایی و هەروەها بەڕێوەبەریی دامەزراوەیی دەخوازێت. لەگەڵ لاوازبوونی دەستڕۆیشتوویی سەربازیی ڕێژیم، دەسەڵاتی سیاسیی ئۆپۆزیسیۆن بەرینتر دەبێت کە دەبێتە هۆی گەشەکردنی بڕوابەخۆبوون. ناوچە پارێزراوەکان تەنیا کاتێک سەرکەوتوو دەبن کە ببنە هۆی بەهێزتربوونی ئۆپۆزیسیۆنێکی یەکگرتووی سەرانسەری کە بتوانێت لە کۆتاییدا دەسەڵاتی وڵات بگرێتە دەست.

بەشی شەشەم: جێبەجێکردنی ستراتێژییەکە، بژاردە سیاسییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل

ئەمریکا هەوڵە سیاسی، ئابووری، زانیاری و پلانەکانی گواستنەوە ڕێبەری دەکات: بوار بۆ سەرهەڵدانی ئۆپۆزیسیۆنی یەکگرتوو دەڕەخسێنێت، گەمارۆکان بەرەو گوشاری ئامانجدار بۆ سەر سپای پاسداران و ڕایەڵەی سەرکوت دەگۆڕێت، پشتگیری لە میدیای فارسی و ئامرازەکانی دژەسانسۆر دەکات، خۆڕاگریی سایبێری دروست دەکات، دڵنیایی بە تاقمی نوخبە دەدات و پلانی جێگرەوە بۆ بەردەوامبوونی کاری دامەزراوەکان، سەقامگیرکردن و باشکردنەوەی دۆخەکە دادەڕێژێت. ئیسرائیل درێژە بە گوشاری بەردەوامی سەربازی و هەواڵگری بۆ سەر فەرماندەکانی سپای پاسداران، هێزەکانی درۆن/هاژەک، بەکرێگیراوە دەرەکییەکان (حیزبوڵڵا و حوسییەکان) و، تواناییە ناچارکەرەکان دەدات و هاوکات زانیاریی هەواڵگری لەسەر کەلێنەکانی نێو ڕێژیم کۆ دەکاتەوە و بە وریاییەوە یارمەتیی دەرفەتەکانی ناوچەکان دەدات. هەردوولا بە بێدەنگی کاری خۆیان دەکەن. هاوپەیمانییەکی ناوچەیی دەتوانێت یارمەتییە مرۆییەکان، لۆجیستیکی ناوچەکان، پلانی پەنابەران، ئاسایشی هاتووچۆی دەریایی و دروستکردنەوەی وڵات ڕێک بخات. سەرجەم یارمەتییە دەرەکییەکان بە وریاییەوە جێبەجێ دەکرێن و دەبێ بکەرە سەرەکییەکان ئێرانی بن و ڕەواییەکەی نەیەتە ژێر پرسیار.

دەرئەنجام

ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لاوازە بەڵام خۆگونجێنە؛ بەبێ ڕێکخستنی سیاسی بۆ بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵیدا، ئەگەری وەدەستهێنانەوەی هێز و درێژەدان بە تەمەنی هەیە. سەرنجەکان دەبێ لە لاوازکردنی ڕێژیمەوە بۆ دروستکردنی جێگرەوەیەک بە ئۆپۆزیسیۆنێکی یەکگرتوو، پەرەپێدان بە نادڵنیایی تاقمی نوخبەی دەسەڵاتدار، ڕایەڵەی خۆڕاگر، ناوچەی پارێزراو و پێشکەشکردنی دوورەدیمەنی خۆشبژیویی ئابووریی دوای ڕووخانی ڕێژیم، بگۆڕدرێت. کێبڕکێی سیاسی یەکلاکەرەوەیە.

لایەنە دەرەکییەکان زۆرتر تواناییبەخشن هەتا بەڕێوەبەر. سەرکەوتن بە ئەگەری سەرهەڵدانی ئۆپۆزیسیۆنێکی جێگای باوەڕ، ڕێکخراو و ئامادە لە کاتی ڕوودانی ئاڵوگۆڕ کە بتوانێت ڕێگای بەرەو ئێرانێکی سەقامگیر، دێموکراتیک و گونجاو لە کۆمەڵگەی ناونەتەوەییدا بپێوێت، بەستراوەتەوە.

سەرچاوە:

https://www.meforum.org/mef-reports/fracturing-the-iranian-regime