
نەهیە خۆشکەلام
«بە دەستدرێژیی سێکسی، بۆمبەکان پاشەکەوت دەکرێن.»
ئەم ڕستەیە، کە لە لایەن چاوەدێرێکی شەڕی بۆسنی بڵاو کراوەتەوە، لە ناخی خۆیدا ڕاستییەکی دڕندانە دێنێتە گۆ. ڕاستییەک کە وێنای ئەوە دەکات کە بۆ وێرانکردنی کۆمەڵگەیەک، هەمیشە پێویست بە هاژەک و بۆمب نییە؛ هەندێک جار تەنها بە شکاندنی کەرامەت و جەستە و ڕۆحی ژنان و کچانی ئەو کۆمەڵگەیە، بە ترساندن و سووکایەتیپێکردنیان و بە لەنێوبردنی متمانە و پەیوەندییە خێزانییەکان، دەتوانرێت ئەو کۆمەڵگەیە لە مرۆڤبوون دابماڵرێت و برینێکی قووڵ، کە ساڕێژبوونی ئەستەمە، لە ناخی کۆمەڵگەدا دروست بکرێت.
جەستەی ژن دەبێتە مەیدانی شەڕ؛ شەڕێک کە تەنها لە نێوان دوو سوپادا نییە، بەڵکوو هێرشێکە بۆ سەر کەرامەتی مرۆڤ و، ژنان دەکات بە قوربانی، لە مرۆڤبوون دایان دەماڵێت و دەیانکات بە کەرەستە و ئامرازێک بۆ شکاندنی لایەنی بەرانبەر. لەو ساتەدا کە دەستدرێژیی سێکسی دەبێتە چەکی شەڕ، تاوانبار تەنها لەگەڵ جەستەی ژن ناکەوێتە شەڕەوە؛ بەڵکوو لە ڕێگەی ئەو جەستەیەوە دەست دادەگرێت بەسەر یادەوەری و مێژووی میللەتێکدا و کاریگەریی وێرانکەری درێژخایەنی لەسەر ئەو بنەماڵە و کۆمەڵگەیە دەبێت و هەر هەستێکی شکۆ و شانازی لەو خەڵکە یان ئەو گەلە دەسێنێت و ئەو دۆخە دەکات بە کەرەستەیەک بۆ دەستبەسەرداگرتنی ڕۆحی بەرگری؛ شەرم دەبێتە ئامرازێکی بێدەنگکردن و بێدەنگی دەبێتە قۆناغێکی تر لە تاوان.
توندوتیژیی سێکسی؛ تاوانێکی هەڕەمەکی نییە
کاتێک وڵاتێک داگیر دەکرێت، جەستەی ژن چۆن دەبێتە بەشێک لە سیاسەتی داگیرکاری و دەسەڵاتی سەربازی؟
لە مێژووی نووسراو و نەنووسراوی مرۆڤایەتیدا، جەستەی ژن زۆرجار بووەتە خاڵی یەکلاییکردنەوەی ململانێی دەسەڵات، ئایدیۆلۆژی و پیاوسالاری.
توندوتیژیی دژی ژنان ڕووخساری جۆراوجۆری هەیە و لە دەستدرێژیی سێکسی، لێدان و کوشتندا کورت نابێتەوە. توندوتیژیی دەروونی، ئابووری، زمانی، یاسایی و کولتووری، سەپاندنی ئەدەبیاتی پیاوسالار، سنووردارکردنی ئازادی و کۆنترۆڵکردنی ژیانی ژنان، هەموویان بەشێکن لە ڕووبەری فراوانی ئەو ستەمە.
بەڵام لە نێو هەموو شێوازەکانی توندوتیژیدا، دەستدرێژیی سێکسی تایبەتمەندییەکی قووڵ و وێرانکەرتری هەیە؛ چونکە ئەم تاوانە تەنها پێشێلکردنی سنووری جەستە نییە، بەڵکوو بەئامرازکردنی ژن و هەوڵێکی دڕندانەیە بۆ سەپاندنی دەسەڵات و شکاندنی سەربەخۆیی، کەرامەت و مافی بڕیاردانی ژن لەسەر جەستەی خۆی.
جەستەی مرۆڤ تەنها پێکهاتەیەکی زیندووی فیزیۆلۆژی نییە؛ بەڵکوو شوێنی ناسنامە، بیرەوەری، هەست و ئازادیی تاکەکەسییە. کاتێک بە زۆر دەکرێتە ئامرازی چێژ و سەپاندنی دەسەڵات، زیانەکە تەنها لە ئاستی جەستەدا نامێنێتەوە؛ بەڵکوو بەنێو ڕۆح و ڕەوانی ئەو ژنەدا شۆڕ دەبێتەوە؛ هەستی سەلامەتی، متمانە، پەیوەندییە مرۆییەکان و توانای ژیانکردنی ئاسایی دەگۆڕێت و هەمیشە لە شوێنێکی ڕۆحدا خۆی جێگیر دەکات و چاوەڕێی دەرفەتێکە تا خۆی پیشان بدات.
ئاسەواری تاوانێک کە لەوانەیە تەنها چەند خولەکێک بخایەنێت، دەتوانێت برینێکی وەها قووڵ لە ناخی قوربانییەکەدا دروست بکات کە ساڵانێکی درێژ بەردەوام بێت و چارەسەرکردن و ساڕێژبوونی ئەستەم بێت. ترس، بێدەنگی، شەرم، لەدەستدانی متمانە و بیرەوەرییە ئازاربەخشەکان، دەتوانن ببنە بەشێک لە ژیانی ئەو کەسانە. ئەوەش لە کاتێکدایە کە کۆمەڵگە، لە جیاتی پشتیوانییان، هەندێک جار بە پرسیارکردن لێیان، بە تاوانبارکردن و حوکمدانی بێبەزەییانە جارێکی دیکە زیانیان پێ دەگەیەنێت.
دیارە لە کاتی شەڕدا، ئەم تاوانە ڕەهەندێکی دیکە وەردەگرێت و نابێت وەک ڕووداوێکی لاوەکی یان بەرهەمی لەدەستدانی کۆنترۆڵی سەربازان لێک بدرێتەوە. لە زۆرێک لە ناکۆکییە چەکدارییەکاندا، جەستەی ژن وەک ستراتیژییەک دەکرێت بە گۆڕەپانی شەڕ. لێرەدا دەستدرێژیی سێکسی چیتر تەنها تاوانێک دژی تاک نییە، بەڵکوو تاوانێکە بە ئامانجی داڕووخانی کۆمەڵگەیەک.
لەوەش خەمبارتر ئەوەیە کە زۆرجار دوای خامۆشبوونی چەکەکان و واژۆکردنی ڕێککەوتنەکان و دەستپێکردنی هەلهەلە و شادی لەبەردەم کامێراکاندا، ژنانی قوربانی هەر لە نێو شەڕەکەدا دەمێننەوە؛ بەڵام ئەمجارە لەگەڵ شەڕێکی ناوەکیدا بەرەوڕوون: شەڕێک کە لە بیرەوەرییاندا بەردەوامە، لە خەونەکانیاندا دووبارە دەست پێ دەکات و لە بێدەنگییەکاندا خۆی حەشار داوە و هەناسە دەدات.
دواجار شەڕ بە واژۆکردنی پەیماننامەیەکی ئاشتی هەر کۆتایی پێ دێت، بەڵام ئازاری ژنێک، منداڵێک، پیاوێک کە کەرامەت و مافی لەسەر جەستەی خۆی پێشێل کراوە، بە واژۆیەک کۆتایی نایەت و ئەم تاوانانە چەندین هێندە دڵتەزێنتر دەبن کاتێک کە دوای کۆتاییهاتن بە شەڕ، تازە شەڕی قوربانی دەست پێ دەکات و ئەو ناچارە بە تەنیا لەگەڵ دەرئەنجامەکانی ئەو شەڕە بژی.
شەڕی جیهانیی دووەم؛ ملیۆنان برین و دەیان ساڵ بێدەنگی، ژنانی پشتی مێژووی سەرکەوتنەکان
مێژوویەک کە ژنان تیایدا دەنگیان نەبێت، مێژووییەکی ناتەواوە.
کاتێک باس لە مێژووی شەڕی جیهانیی دووەم دەکرێت، زۆرجار سەرنج دەخرێتە سەر سەرکەوتن و شکستی سوپاکان، گرتنەوە و داگیرکردنی شارەکان و کۆتاییهاتنی ڕێژیمە فاشیستییەکان. بەڵام بەشێکی گرنگی ئەو مێژووە بێدەنگی لێ دەکرێت: ئەوەی کە لەو شەڕەدا چی بەسەر جەستەی ژنان و کچاندا هات.
لە بێرلین، بەپێی لێکۆڵینەوەیەکی مێژوویی کە لەسەر بنەمای خەمڵاندن و داتای دیمۆگرافی ئەنجام دراوە، ژمارەی ئەو ژنانەی کە دەستدرێژییان کراوەتە سەر لە نێوان ٩٤,٤٥٠ تا ١٣١,٠٠٠ کەس دانراوە. مێژوونووس میریام گێبهارت (Miriam Gebhardt) بۆ ماوەی ساڵانی ١٩٤٤/١٩٤٥ تا ١٩٥٥، ژمارەیەکی نزیکەی ٨٦٠,٠٠٠ قوربانی خەمڵاندووە. (دیارە، بەڵام ئەم خەمڵاندنە بەهۆی بنەمای داتاکان و شێوازی هەژمارکردنەکەیەوە لە نێوان توێژەراندا مشتومڕی لەسەرە (٥، ٦).)
شوێن و ماوە — ژمارەی خەمڵێنراو:
• بێرلین، ساڵی ١٩٤٥: ٩٥,٠٠٠ تا ١٣٠,٠٠٠ ژن
• هەموو ئاڵمان، ١٩٤٤–١٩٤٥: تا ١.٩ ملیۆن؛ خەمڵاندنێکی مشتومڕلێکراو، نەک ئاماری پشتڕاستکراو
• ژنانی ئاڵمان لە ژێر داگیرکاریی هاوپەیمانان، ١٩٤٤/١٩٤٥–١٩٥٥: نزیکەی ٨٦٠,٠٠٠؛ خەمڵاندنی Miriam Gebhardt
لە کتێبی «شەڕ هیچ ڕووخسارێکی ژنانەی نییە»ی سڤێتلانا ئەلێکسییڤیچ (Swetlana Alexijewitsch)دا، ژنان و پیاوانی بەشدار لە شەڕدا، دوای شەڕ بیرەوەرییە دڵتەزێنەکانی خۆیان دەگێڕنەوە:
«ئێمە ئەفسەرێکمان هەبوو، عاشقی کچێکی ئاڵمانی بووبوو…
لە بەڕێوەبەرایەتییەوە بانگ کرا… دواتر دەرکرا و ڕەوانەی شوێنێکی تریان کرد. بەڵام ئەگەر ئەو ئەفسەرە لەبری ئەوە لاقەی کچەکەی بکردایە، ئەوا… بێگومان ئەوە ڕووی نەدەدا… لای ئێمە کەم جار لەسەر ئەمە دەنووسرێت، دیارە ئەمە یاسای شەڕە.
پیاوەکان ماوەیەک بوو بێ ژن بوون، دیارە ئەمەش دەخرایە قاڵبی ڕقەوە. کاتێک شارێک یان گوندێکی بچووکمان دەگرت، تاوەکو سێیەمین ڕۆژ سەرەتا خۆیان بە تاڵانەوە خەریک دەکرد و… بێگومان هیچ کەسێک بە ئاشکرا و کراوەیی باسی لەمە نەدەکرد… تێدەگەیت… بەڵام ئەوەی دوای ئەو سێ ڕۆژە هەر بەردەوام بوایە، ئەوە دەخرایە بەر دەم دادگای شەڕ، کۆتایی پێ دەهات.
لە ماوەی ئەو سێ ڕۆژەدا گەسکیان لە هەموو شتێک دەدا و… ئەمەی من باسی دەکەم، پەیوەندی بە عەشقەوە هەیە. ئەفسەرەکەش لەبەردەم ئاسایشدا خۆی دانی بەوەدا نابوو کە پەیوەندیی ئەو لەگەڵ کچەکەدا پەیوەندییەکی عاشقانەیە. بێگومان ئەوەش خیانەت بوو… عاشقی کچێکی ئاڵمانی بیت ـ عاشقی کچ یان ژنی دوژمن، خیانەت بوو!
ئەو کاتە… هەروەها…، بە کورتی بیبڕمەوە، بێگومان…
وێنەکانی کچەکە و ناونیشانەکەیان لە ئەفسەرەکە سەندەوە.
من ژنێکی لاقەکراوی ئاڵمانیم لە بیرە، بە ڕووتی ڕاکشابوو، نارنجۆکێکیش خرابووە نێوان ڕانەکانییەوە… من ئێستا شەرم دەکەم، بەڵام ئەو کاتە هەستم بە هیچ حەیاچوونێک نەدەکرد؛ بێگومان هەستەکان گۆڕاون.»
یەکێکی تر دەگێڕێتەوە:
«ئێمە لە پێشڕەویدا بووین… گەیشتبووینە یەکەم دێی ئاڵمانییەکان… گەنج بووین. بەهێز بووین. چوار ساڵ بوو بێ ئافرەت بووین. لە ژێرزەمینەکاندا شەراب هەبوو. سووکە پێخۆریش. کچە ئاڵمانییەکانمان بە دیل گرت… دە پیاو بەیەکەوە لاقەی کچێکیان دەکرد… ئەوەندە ژن زۆر نەبوون بەشی هەمووان بکات. خەڵکی دیکە لە ترسی سوپای سۆڤیەت هەڵهاتبوون. ئەوانەمان دەگرت کە گەنج بوون. کچی بچووک… دوازدە، سێزدە ساڵان… ئەگەر بگریانایە لێمان دەدا، شتێکمان دەئاخنییە دەمییەوە. کچەکە ئازاری دەچێشت، بەڵام ئێمە پێمان وابوو خۆشە. ئێستا تێناگەم من چۆن توانیم وا بکەم… لە کاتێکدا کوڕی ماڵێکی خوێندەواریش بووم… کەچی کردیشم…»
ژنان لەبەردەم چاوی منداڵەکانیاندا دەستدرێژییان دەکرایە سەر. هەندێکیان بەردەوام لەلایەن چەند سەربازێکەوە بە زۆر ڕاپێچ کران. هەندێکیان بە جۆرێکی توند بریندار بوون و هەندێکیان لەو کاتەدا کە بە کۆمەڵ لاقە دەکران گیانیان دەسپارد.
سڤێتلانا ئەلێکسییڤیچ لە وتاری وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبیاتدا، لە «On the Battle Lost»ـدا، بەم ڕستەیە گرنگیی دەنگی ئەو شایەتییانە دەخاتە ڕوو:
«من مێژووم لە ڕێگەی دەنگی ئەو شایەت و بەشداربووانەوە تۆمار کردووە کە پشتگوێ خراون؛ ئەو کەسانەی کە هەرگیز پرسیاریان لێ نەکراوە.»
لە وڵاتانی ئاسیاش:
• چین، نانجینگ، ١٩٣٧–١٩٣٨: لە ماوەی کوشتارە بەکۆمەڵەکەی نانجینگدا، هەندێک خەمڵاندنی مێژوویی ژمارەی ئەو ژنانەی کە دەستدرێژیی سێکسییان کرایە سەر نزیکەی ٢٠,٠٠٠ دەخەمڵێنن (١٢).
• کۆریا و ناوچەکانی تری ژێر داگیرکاریی ژاپۆن: ژنان بە زۆر خرانە نێو سیستمی دامەزراوە سێکسییە سەربازییەکانی ژاپۆن، کە بە ناوی «ژنانی ئاسوودەیی» (Comfort Women) ناسراوە. ژمارەی گشتیی ئەو ژنانە بە دڵنیایی دیاری نەکراوە؛ خەمڵاندنی ١٠٠,٠٠٠ تا ٢٠٠,٠٠٠ لە ئەدەبیاتی مێژوویی و سیاسیدا هاتووە، بەڵام ژمارەی ٢٠٠,٠٠٠ بەڵگەی ئەرشیڤیی یەکلاکەرەوەی نییە (١١).
ئەم ژنانە بە زۆر دەستبەسەر دەکران و دەستدرێژییان دەکرایە سەر. زۆرێکیان دوای شەڕیش بەهۆی ترس، هەستی شەرمەزاری و نەبوونی دادپەروەرییەوە ساڵانێک بێدەنگ مانەوە؛ نەک لەبەر ئەوەی ڕووداوەکەیان لەبیر کردبوو، بەڵکوو لەبەر ئەوەی کۆمەڵگە شوێنێکی ئەمنی بۆ گێڕانەوەی ڕاستییەکانیان جێ نەهێشتبوو. مێژووی شەڕ تەنها مێژووی ژەنەڕاڵ و چەک و سەرکەوتن نییە؛ مێژووی شەڕ، گەلێک جار مێژووی ڕمبازێنە لەسەر جەستەی ئەو مرۆڤانەی کە یادەوەرییەکانیان بە بارمتە دەگیردرێت.
ڕواندا، سیرالیۆن و کۆنگۆ: کاتێک جەستە دەبێتە ئامرازی جینۆساید و سەرکوت
• لە جینۆسایدی ڕواندا لە ساڵی ١٩٩٤دا، توندوتیژیی سێکسی بە شێوەیەکی فراوان دژی ژنان و کچانی توتسی بەکار هێنرا. نەتەوە یەکگرتووەکان ژمارەی ئەو ژنانەی کە لە ماوەی سێ مانگی جینۆسایدەکەدا دەستدرێژییان کرایە سەر، لە نێوان ١٠٠,٠٠٠ تا ٢٥٠,٠٠٠ کەس خەمڵاندووە. ئەمە خەمڵاندنێکی نێودەوڵەتییە، نەک ژمارەیەکی تۆمارکراوی تەواو (٨).
• لە شەڕی نێوخۆیی سیرالیۆندا، ژنان و کچان ڕفێندران، دەستدرێژییان کرایە سەر و هەندێکیان ناچار کران لە ژێر کۆیلایەتیی سێکسیدا بژین.
• لە باکووری ئۆگاندا، گرووپی چەکداری LRA هەزاران کچ و ژنی ڕفاند و بە زۆر ئەوانی خستە ژێر دەسەڵاتی خۆی. هەندێک لەو کچانە ناچار کران بە هاوسەرگیریی زۆرەملێ و دووگیانبوون.
• لە کۆماری دێموکراتیکی کۆنگۆش، ڕاپۆرتەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و دامەزراوەکانی مافی مرۆڤ توندوتیژیی سێکسییان لە ناوچە ناکۆکییەکاندا وەک ئامرازێکی ترساندن، سەرکوت و هەندێک جار ئاوارەکردنی دانیشتووان بەڵگەدار کردووە. لە هەموو ئەم نموونانەدا، ژمارەکان تەنها بەشێک لە ڕاستییەکە دەخەنە ڕوو؛ چونکە ترس، نەبوونی ئەمنیەت، نەبوونی دەستگەیشتن بە خزمەتگوزاری و شەرمەزارکردنی ئەو کەسانە لە لایەن کۆمەڵگەوە بووەتە هۆکار کە زۆرێک لە قوربانییان خۆیان لە تۆمارکردنی تاوانەکە بپارێزن.
توندوتیژیی سێکسی دژی ژنان لە شەڕی بۆسنی (١٩٩٢–١٩٩٥)
شەڕی بۆسنی (١٩٩٢–١٩٩٥) یەکێکە لە تاریکترین لاپەڕەکانی مێژووی هاوچەرخی ئورووپا؛ شەڕێک کە تەنها بە کوشتار، وێرانکردنی شار و ئاوارەکردنی ملیۆنان کەس نەناسراوە، بەڵکوو بە بەکارهێنانی توندوتیژیی سێکسی وەک ئامرازێکی ترسناک بۆ شکاندنی کەرامەتی مرۆڤ و لەنێوبردنی ناسنامەی کۆمەڵگەکانیش ناسراوە.
لە ماوەی ئەم شەڕەدا، هەزاران ژن و کچ بوونە قوربانیی دەستدرێژیی سێکسی، ئەشکەنجە و زیندانیکردن. خەمڵاندنی باو وەک ٢٠,٠٠٠ قوربانی لە هەندێک سەرچاوەدا هاتووە، بەڵام ژمارەیەکی یەکگرتوو و پشتڕاستکراوی فەرمی نییە؛ هەندێک خەمڵاندنی مێژوویی ژمارەیەکی زۆر بەرزتریان پێشنیار کردووە. بەهۆی نەبوونی تۆمارێکی تەواو و ئاشکرانەکردنی زۆرێک لە تاوانەکان، ژمارەی ڕاستەقینە نادیارە.
(هەندێک خەمڵاندنی مێژووییش ژمارەکە تا ٥٠ هەزار کەس دەباتە سەرەوە.)
یەکێک لە نموونە هەرە ئاشکرا و بەڵگەدارەکانی ئەم جینایەتانە، شاری فۆچا (Foča) بوو. لەو شارەدا ژنان و کچانی بۆسنیی لە قوتابخانە، هۆتێل، زیندان و شوێنەکانی دیکەدا بەند کران و بە شێوەیەکی سیستماتیک و بەردەوام دەستدرێژییان کرایە سەر. هەندێکیان بۆ ماوەیەکی درێژ لە شوێنەکانی بەندکردندا ڕاگیران و چەندین جار لەلایەن تاوانبارانەوە بە تاک و بە کۆمەڵ تووشی دەستدرێژیی سێکسی بوونەوە.
دۆسیەی فۆچا لە دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکانی یۆگسلاڤیای پێشوو (ICTY) بوو بە خاڵێکی وەرچەرخان لە مێژووی دادپەروەریی نێودەوڵەتیدا. دادگا لە بەڵگەی تاوانەکانی دەستدرێژیی سێکسی و کۆیلایەتیی سێکسی کۆڵییەوە و لە ساڵانی ٢٠٠١ و ٢٠٠٢دا حوکمی چەند تاوانبارێکی دەرکرد. ئەم حوکمانە ڕۆڵێکی گرنگیان لە بەهێزکردنی ناساندنی توندوتیژیی سێکسی وەک تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی گێڕا.
کۆتاییهاتنی شەڕ لە ساڵی ١٩٩٥دا واتای کۆتاییهاتنی ئازاری قوربانییان نەبوو. ژنانی ڕزگاربوو ساڵانێکی درێژ لەگەڵ ترۆما، خەمۆکی، ترس، خەونە ناخۆش و برینە قووڵە دەروونییەکاندا ژیاون. هەندێکیان لەبری ئەوەی لە کۆمەڵگەکانیاندا پشتگیرییان بکرێت، ڕووبەڕووی شەرمەزارکردن و جیاکاری بوونەوە و بێدەنگ کران.
لە نێوان ئەو هەموو برینە مێژووییانەدا، چارەنووسی منداڵانی لەدایکبووی ئەنجامی دەستدرێژیی سێکسیش بابەتێکی زۆر پڕئازار و هەستیارە. ئەو منداڵانە لە هەندێک حاڵەتدا بەهۆی نەزانینی ڕاستیی ڕەچەڵەک، جیاکاری و نەبوونی پشتیوانیی یاسایی و کۆمەڵایەتی، ڕووبەڕووی ئاستەنگی قووڵ و بێناسنامەیی بوونەتەوە.
شەڕی بۆسنی نیشانی دا کە جەستەی ژن دەتوانێت لە شەڕدا بکرێتە ئامرازی چەوساندنەوە، ترساندن و وێرانکردنی کۆمەڵگە. لەوێدا دەستدرێژیی سێکسی تەنها تاوانێک دژی تاک نەبوو، بەڵکوو لە چوارچێوەی هەندێک ستراتیژیی سەرکوتدا و لە هەندێک لە ڕاپۆرتەکان و بڕیارە دادگاییەکانیشدا، وەک ئامرازێکی ترساندن و دەرکردنی دانیشتووان لێک دراوەتەوە. ئەمە پێویست دەکات کە ئەم جینایەتانە نەک وەک ڕووداوێکی لاوەکیی شەڕ، بەڵکوو وەک بەشێک لە مێژووی تاوانەکانی دژی مرۆڤایەتی بخوێندرێنەوە.
مێژووی بۆسنی لە ڕووی ئەم تاوانانەوە، جیاواز لە مێژووی ژنانی کورد، ئێزیدی و ئەفغانستان نییە؛ هەرچەندە هەر یەک لەم جینایەتانە لە بارودۆخی سیاسی، جوغرافی و مێژوویی جیاوازدا ڕوویان داوە. خاڵی هاوبەشیان ئەوەیە کە بنەمای زۆر شت هێشتا نەگۆڕدراوە و لە مێژووی هاوچەرخیشدا ژن و کچان بەهۆی ڕەگەز، ئایین و ناسنامەی کۆمەڵایەتییانەوە دەبنە ئامانجی توندوتیژییەک کە مەبەستی تەنها ئازاردانی تاک نییە، بەڵکوو شکاندنی بنەماکانی کۆمەڵگەشە و کاریگەریی تاوانی شەڕ سنووری ژیانی قوربانیی ڕاستەوخۆ تێدەپەڕێنێت و دەتوانێت بۆ نەوەکانی دواتریش بگوازرێتەوە.
شەڕ دەوەستێت، بەڵام برینەکانی ژنان هەمیشە لەگەڵ تەواوبوونی شەڕ کۆتاییان پێ نایەت، بگرە ڕێک لەو کاتانەدا ئەوان دەکەونە نێو شەڕێکی تاقەتپڕووکێن. بۆیە گێڕانەوەی چیرۆکی ژنانی قوربانی، تەنها گەڕانەوەیەک بۆ ڕابردوو نییە؛ بەڵکوو داواکارییەکە بۆ دادپەروەری، ناساندنی تاوان و بەرگری لە مافی ژیان و کەرامەتی مرۆڤ. «بێدەنگی پاراستن نییە؛ بەڵکوو دەبێتە هۆی بەردەوامبوونی ستەم و نادادپەروەری.»
ئەودری لۆرد – Audre Lorde وتەیەکی بەناوبانگی هەیە کە دەڵێت:
«بێدەنگییەکانم نەیانتوانی من بپارێزن؛ بێدەنگیی تۆش تۆ ناپارێزێت.»
کوردستان: لە ئەنفالەوە تا شنگال و عەفرین و دەستدرێژیی سێکسی لە بەندیخانەکانی ئێران و تورکیە
مێژووی ژنانی کورد پڕە لە ئەزموونی ئاوارەیی، سەرکوت، لەدەستدانی خێزان و توندوتیژیی دەوڵەتی. لە زۆر قۆناغی مێژووی کوردستاندا، جەستەی ژن بووەتە شوێنی سەپاندنی دەسەڵات و ترس. بەداخەوە، لە کوردستان، بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، سیستمێکی سەربەخۆ و شەفافی ئامارگیری نییە کە بە شێوەیەکی سیستماتیک تاوانەکانی توندوتیژیی سێکسی و دەستدرێژی بۆ سەر ژنان، بەتایبەتی لە کاتی شەڕ و سەرکوتدا، تۆمار و پۆلێن بکات؛ بۆیە بەشێکی زۆری ئەم تاوانانە لە بێدەنگیدا دەمێننەوە.
لە ئۆپەراسیۆنی ئەنفالی ڕێژیمی بەعس لە ساڵانی ١٩٨٧–١٩٨٩دا، هەزاران گوند وێران کران، خەڵک ڕفێندران، خێزانەکان لێک دابڕان و ناوچەیەکی بەرفراوان چۆڵ کرا. ژنان و منداڵان لە کەمپ و شوێنەکانی بەندکردندا لە بارودۆخێکی دژواردا ژیان. لە گێڕانەوەی ڕزگاربوواندا باس لە ئەشکەنجە و توندوتیژیی سێکسی لە ماوەی بەندکردندا کراوە؛ بەڵام ئامارێکی گشتگیر و پشتڕاستکراو لەبارەی ژمارەی ئەو ژنانەی کە لەو قۆناغەدا دەستدرێژییان کرایە سەر، لەبەردەستدا نییە. ئەم بۆشاییە نابێت ببێتە هۆی گومانکردن لە شاهیدیی ڕزگاربووان؛ بەڵکوو پێویستە ببێتە هۆی لێکۆڵینەوەی زیاتر و پاراستنی بەڵگە مێژووییەکان.
لە تورکیە و ناوچەکانی کوردستانی ژێر دەسەڵاتی ئەو وڵاتە، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە چوارچێوەی بەندکردن، ئەشکەنجە و ناکۆکییە چەکدارییەکاندا حاڵەتەکانی توندوتیژیی سێکسی دژی ژنان و کچانی کوردیان ڕاپۆرت کردووە. لە عەفرین، ڕاپۆرتەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ باس لە ڕفاندن، ئەشکەنجە و هێرشە سێکسییەکان دەکەن (١٣، ١٤). لە ئێرانیش، لە ماوەی بزووتنەوەی «ژن، ژیان، ئازادی»دا، ئەمنستی ئینترناشناڵ حاڵەتەکانی دەستبەسەرکردن، ئەشکەنجە و دەستدرێژیی سێکسی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بەڵگەدار کردووە (١٥). بەڵام بۆ هیچ یەک لەم ناوچانە ئامارێکی گشتگیر و هاوتای جیهانی لەبارەی قوربانییە کوردەکانەوە بەردەست نییە.
لە پشت ئەم بۆشاییە ئامارییەدا پرسیارێکی قووڵ هەیە: بڵێی چەندەها ژنی کورد هەرگیز دەرفەتی ئەوەیان نەبووبێت چیرۆکی خۆیان بگێڕنەوە؟ چەندەها یادەوەری و چیرۆکی ژنان هێشتا لە نێو دیوارەکانی زیندان و کەمپ و بنەماڵەکاندا قەتیس مابنەوە...؟
بۆشاییەک بە درێژایی مێژوو!
شنگال؛ لە داگیرکردنی جەستەوە تا لەنێوبردنی ناسنامە
سێی ئاگۆستی ٢٠١٤ ڕۆژێکی تاریکە لە یادەوەریی کوردان و بەتایبەتی کوردانی ئێزیدی. داعش هێرشی کردە سەر ناوچەی شنگال؛ پیاوان و کوڕانێکی زۆر کوژران و ژنان و کچان ڕفێندران، فرۆشران و بە زۆر کران بە کۆیلەی سێکسی. هەزاران ژن و کچ و منداڵ لە خێزانەکانیان جیا کرانەوە.
داعش جەستەی ژنانی ئێزیدی کردە کاڵای بازرگانی؛ دەستاودەستکردن و کڕین و فرۆشتنی بە ژنان و کچانی کوردی ئێزیدییەوە دەکرد و دڕندانە مامەڵەیان لەگەڵ دەکرا. تاوان و جینۆسایدێکی سیستماتیکی ئامانجدار و ڕێکخراو بوو بە مەبەستی شکاندنی ناسنامەی ئایینی و کۆمەڵایەتیی ئێزیدییەکان.
نادیا موراد، ژنێکی ئێزیدیی خەڵکی گوندی کۆچۆ، یەکێک بوو لەو قوربانییانە. دایک و شەش براکەی لەدەست دا و خۆیشی ڕفێندرا و بەردەوام تووشی دەستدرێژیی سێکسی بوو. ئەو بە هەڵبڕینی دەنگی خۆی، دەنگی هەزاران ژن و کچی بێدەنگکراوی گەیاندە جیهان. لە ساڵی ٢٠١٨ خەڵاتی ئاشتیی نۆبڵی پێ بەخشرا و لە کتێبی خۆیدا «The Last Girl» چیرۆکی ڕفاندن، کۆیلایەتیی سێکسی، ڕزگاربوون و خەباتی گێڕایەوە.
منداڵانی دەرئەنجامی دەستدرێژیی سێکسی
ژمارەی ئەو منداڵانەی لە ئەنجامی دەستدرێژیی سێکسیی شەڕ لەدایک بوون، لە جیهاندا بە شێوەیەکی تەواو تۆمار نەکراوە. لە بۆسنیش ژمارەی فەرمی و یەکگرتوو نییە و خەمڵاندنە ئەکادیمییەکان جیاوازن (٩).
ئەم منداڵانە لە ئەدەبیاتی نێودەوڵەتیدا بە ناوی Children Born of Wartime Rape یان Children Born of Conflict-Related Sexual Violence ناسراون.
ئاماری منداڵانی لەدایکبوو لە ئەنجامی دەستدرێژیی شەڕ
وڵات و شەڕ — ژمارەی خەمڵێنراو:
• ڕواندا – جینۆسایدی ١٩٩٤: ٢,٠٠٠–٥,٠٠٠ (خەمڵاندنی نەتەوە یەکگرتووەکان)
• سیرالیۆن – شەڕی نێوخۆ: نزیکەی ٢٠,٠٠٠ (خەمڵاندن)
• باکووری ئۆگاندا – شەڕی LRA: نزیکەی ٨,٠٠٠ (خەمڵاندنی نەتەوە یەکگرتووەکان)
• بنگلادێش – شەڕی ١٩٧١: لانیکەم ٢٥,٠٠٠؛ بەڵگەی بەردەست بۆ پشتڕاستکردنەوەی ژمارەکە سنووردارە
• بۆسنی – شەڕی ١٩٩٢–١٩٩٥: ژمارەی فەرمی نییە؛ هەندێک خەمڵاندنی ٢,٠٠٠–٤,٠٠٠ هەیە، بەڵام ناپشتڕاستکراوە
لە بۆسنی و هەرزەگۆڤین، چیرۆکی ئەلەین موهیچ (Alen Muhić) نموونەیەکی ڕاستەقینەیە. ئەلەین لە ساڵی ١٩٩٣ لەدایک بوو؛ دایکی دوای لەدایکبوونی لە نەخۆشخانە جێی هێشت و کارمەندێکی نەخۆشخانە و هاوسەرەکەی بەخێویان کرد. ئەلەین لە منداڵییەوە نەیدەزانی چیرۆکی لەدایکبوونی چییە. کاتێک لە قوتابخانەدا بەهۆی ڕەچەڵەکییەوە گاڵتەی پێ کرا، ڕاستییەکەی زانی: ئەو لە ئەنجامی دەستدرێژیی سێکسیی شەڕدا لەدایک بووە. دواتر لەبارەی ناسنامە و ڕەچەڵەکەوە پرسیاری زۆری بۆ دروست بوو، بەڵام خێزانە بەخێوکەرەکەی بە هەموو جۆرێک پشتیوانییان کرد (١٠).
لە توێژینەوەکانی ئۆگاندا، دەنگی منداڵێک تۆمار کراوە کە لەبارەی جیاوازیی مامەڵەی خێزانەکەی لەگەڵی گوتوویەتی: «دایک و باوکم خۆشیان ناوێم؛ پارەی خوێندنی خوشک و براکانم دەدەن، بەڵام پارەی خوێندنی من نا. کاتێک نەخۆش دەبم، نامبەن بۆ نەخۆشخانە.» ئەم منداڵە لە ئەنجامی ڕفاندن و دەستدرێژیی سێکسیی بەرانبەر بە دایکی لەدایک بووە.
ئەم منداڵانە چەندین جار زیان دەبینن: جارێک لە ئەنجامی تاوانی سەرەتایی کە بەرانبەر دایکەکانیان کراوە و جارێکی دیکە کاتێک کۆمەڵگە بەهۆی شێوازی لەدایکبوونیانەوە ڕەتیان دەکاتەوە. هەندێکیان بە ناوی «منداڵی دوژمن» ناسێنراون، لە خوێندن و چاودێریی تەندروستی بێبەش کراون یان لەلایەن خێزان و کۆمەڵگەوە پەراوێز خراون. دایکەکانیشیان لەبری ئەوەی پشتیوانی بکرێن، هەندێک جار ڕووبەڕووی حوکمدان و تاوانبارکردن لە لایەن کۆمەڵگەوە دەبنەوە.
ئامارەکان چی دەڵێن؟ ئەودیوی پشت ژمارەکان چیمان پێ دەڵێن؟
بەپێی نوێترین خەمڵاندنی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO)، نزیکەی ٨٤٠ ملیۆن ژن، واتە نزیکەی یەک لە هەر سێ ژنێک، لە ماوەی ژیانی خۆیدا توندوتیژیی جەستەیی و/یان سێکسی لەلایەن هاوسەر یان توندوتیژیی سێکسی لەلایەن کەسانی دەرەوەی پەیوەندیی هاوسەرییەوە ئەزموون کردووە. ئەم ژمارەیە تەنها دەستدرێژیی سێکسی ناگرێتەوە؛ بەڵکوو چەند جۆرێکی توندوتیژی لەخۆ دەگرێت و پێویستە بە وردی لێک بدرێتەوە (١).
بە گوێرەی خەمڵاندنەکانی هەمان ڕاپۆرت، نزیکەی ٢٦٣ ملیۆن ژن لە تەمەنی ١٥ ساڵییەوە توندوتیژیی سێکسییان لەلایەن کەسانی دەرەوەی پەیوەندیی هاوسەرییەوە ئەزموون کردووە. WHO ئاگاداری دەدات کە ژمارەی ڕاستەقینە زۆر لەم ژمارەیە زیاترە (١).
بەپێی ڕاپۆرتی یونیسێف کە لە ئۆکتۆبری ٢٠٢٤ بڵاو کرایەوە، زیاتر لە ٣٧٠ ملیۆن ژن و کچ، واتە نزیکەی یەک لە هەر هەشت کەس، پێش تەمەنی ١٨ ساڵی تووشی دەستدرێژی یان هێرشی سێکسیی جەستەیی بوونەتەوە. ئەگەر شێوەکانی تری توندوتیژیی سێکسیی بێ بەرکەوتنی جەستەییش لەبەرچاو بگیرێن، ژمارەی گشتی دەگاتە نزیکەی ٦٥٠ ملیۆن، واتە یەک لە هەر پێنج ژن و کچێک. یونیسێف جیاوازیی نێوان ئەو ٣٧٠ ملیۆن کەسەی کە توندوتیژیی سێکسیی جەستەییان بەرانبەر کراوە و ئەو ٢٨٠ ملیۆن کەسەی کە بێ بەرکەوتنی جەستە بەرەوڕووی توندوتیژی بوونەتەوە، ڕوون دەکاتەوە (٢).
لە بواری شەڕ و ناکۆکییە چەکدارییەکاندا، ڕاپۆرتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ماوەی ژانویە تا دێسامبری ٢٠٢٤، ٤,٦١٧ حاڵەتی توندوتیژیی سێکسیی پەیوەست بە ناکۆکییە چەکدارییەکان لە ٢١ بارودۆخی جیاوازدا بەڵگەدار کردووە. لەوانە، زیاتر لە ٤,٢٣٩ حاڵەت، واتە ٩٢٪، ژنان و کچانیان گرتووەتەوە. ژمارەی حاڵەتە بەڵگەدارکراوەکان بە بەراورد بە ساڵی پێشوو ٢٥٪ زیاد بووە (٣، ٤).
ئەم ٤,٦١٧ حاڵەتە ژمارەی تەواوی تاوانەکان نییە؛ تەنها ئەو حاڵەتانەن کە نەتەوە یەکگرتووەکان توانیویەتی پشتڕاستیان بکاتەوە. ڕاپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان بە ڕوونی دەڵێت ئەم ئامارانە وێنەی تەواوی قەبارەی جیهانیی تاوانەکان نییە؛ نەبوونی ئەمنیەت، نەبوونی دەستگەیشتن بە خزمەتگوزاری و ڕێگایەکی سەلامەت بۆ ڕاپۆرتکردن، ترس و شەرمەزارکردن، هەموو ئەمانە دەبنە هۆی ئەوەی زۆرێک لە قوربانییان ڕووداوەکە تۆمار نەکەن (٤). بۆیە نەبوونی ئامار بە مانای نەبوونی تاوان نییە.
ئامارەکان ژمارەی قوربانییەکان دەژمێرن، بەڵام لە پشت هەر ژمارەیەکەوە ژنێک هەیە، منداڵێک هەیە کە هیچ ژمارەیەکی قەبە ناتوانێت قەبارەی ئەو ئازارە و دەرئەنجامی ئەو شەڕە ڕانەگەیەندراوە وێنا بکات. لە پشت هەر ژمارەیەکەوە ژنێک هەیە کە ئەستەمە بتوانێت ئاسایی بژیت، منداڵێک هەیە کە لە کۆمەڵگەدا هیچ کاتێک جێگەی خۆی نادۆزێتەوە و زامێک هەیە کە بۆ ناودێرکردنی، مرۆڤ وشەی لێ دەبڕێت.
«جەستە هەرگیز ئەوەی بەسەری هاتووە لەبیر ناکات.»
لە کتێبی «The Body Keeps the Score»دا، پزیشکی دەروونناس بێسڵ ڤان دێر کۆڵک باس لەوە دەکات کە ترۆما تەنها یادەوەرییەکی ناخۆش نییە؛ ئەزموونێکی قووڵە کە دەتوانێت سیستمی عەسەبی، هەستی سەلامەتی، خەو و پەیوەندییەکانی مرۆڤ بگۆڕێت. بۆ ژنێک کە لە شەڕدا تووشی دەستدرێژیی سێکسی بووە، دەنگێک، بۆنێک یان بەرکەوتنێکی جەستەیی دەتوانێت یادەوەریی ئەو ساتە ترسناکە زیندوو بکاتەوە.
لەوانەیە ژنێک ئێستا لە وڵاتێکی ئاساییدا بژی، منداڵەکانی گەورە بکات و کار بکات؛ بەڵام لە ناخیدا هێشتا هەست بە مەترسی بکات. ئەمە یەکێکە لە کاریگەرییە قووڵەکانی ترۆما: جەستە لەوانەیە لە مەترسییەکە ڕزگاری بێت، بەڵام دەروون هێشتا لەگەڵ ترس و بیرەوەرییەکاندا بژی. بۆیە چارەسەری ترۆما پێویستی بە کات، خزمەتگوزاریی تەندروستی، پشتیوانیی دەروونی و ژینگەیەکی ئەمن هەیە؛ نابێت لە ڕزگاربووان چاوەڕوانی ئەوە بکرێت بە تەنها و بە خێرایی «لەبیر بکەن.»
دادپەروەری و بەرپرسیارکردن
دوای هەر شەڕێک ڕێککەوتننامەی ئاشتی واژۆ دەکرێت، پەیکەر دادەنرێت و ناوی سەرکردە و ژەنەڕاڵەکان لە کتێبە مێژووییەکاندا تۆمار دەکرێت. بەڵام بەگشتی لە زۆربەی شەڕەکاندا بە پاڵ ئاسەواری ئەو شەڕە لەسەر جەستە و ڕۆحی ژناندا بە بێدەنگی تێدەپەڕن.
ئەو بەپاڵدا تێپەڕبوون و بەئاسایی دیتنی ئەو دیاردە قێزەونە، لاقەکردن لە شەڕدا دەکات بە بابەتێکی لاوەکی. بۆیە لەبەر ئەوەی ڕێگری بکرێت لەو دیاردە کارەساتبارە، پێویستە لە ناوەندی لێکۆڵینەوەی مێژوویی، یاسایی و سیاسیی شەڕدا توێژینەوە و بەدواداچوونی بۆ بکرێت. ئەم تاوانانە پێویستیان بە بەڵگەنامەسازی، پاراستنی شاهیدیی ڕزگاربووان، چاودێریی تەندروستی، پشتگیریی دەروونی، دادپەروەری و بەرپرسیارکردنی تاوانباران هەیە.
جەستەی ژن خاک نییە کە بتوانرێت داگیر بکرێت. جەستەی ژن هی خۆیەتی؛ نە هی دەوڵەت، نە هی سوپا، نە هی ئایین، نە هی بنەماڵە و نە هی هیچ پیاوێک. هیچ ئامانجێکی نەتەوەیی، هیچ ئایدیۆلۆژییەکی سیاسی و هیچ ستراتیژییەکی سەربازی ناتوانێت پاساو بۆ دەستدرێژیی سێکسی بهێنێتەوە.
کۆتایی: شەڕ لەو کاتەوە کۆتایی پێ دێت کە دادپەروەری دەست پێ بکات
مێژوو تەنها ئەوە نییە کە کێ شەڕی بردەوە؛ ئەوەی کە کێ لەو شەڕەدا هەموو شتێکی لەدەست دا و کێ هەرگیز نەیتوانی دەنگی خۆی بگەیەنێتە جیهان، بەشێکی گرنگ و دانەبڕاو لەو مێژووەیە.
شەڕ لەو کاتەوە کۆتایی پێ دێت کە دادپەروەری دەست پێ دەکات!
سەرچاوە و بەڵگەنامەکان:
(١) World Health Organization (WHO), Violence against women prevalence estimates, 2023: Global, regional and national prevalence estimates, 19 November 2025. https://www.who.int/publications/i/item/9789240116962
(٢) UNICEF, When Numbers Demand Action: Confronting the Global Scale of Sexual Violence Against Children, October 2024. https://data.unicef.org/resources/when-numbers-demand-action/
(٣) United Nations Secretary-General, Conflict-related sexual violence, Report S/2025/389, 15 July 2025. https://digitallibrary.un.org/record/4086814
(٤) UN Office of the Special Representative of the Secretary-General on Sexual Violence in Conflict, “Help Us Live With Dignity, Not Just Survive”, press release and factsheet on the 2024 reporting period, 14 August 2025. https://www.un.org/sexualviolenceinconflict/
(٥) Deutscher Bundestag, Wissenschaftliche Dienste, WD 1-023/21, Schätzungen zu Vergewaltigungen am Ende des Zweiten Weltkriegs. https://www.bundestag.de/resource/blob/872014/6f0f8229e73376473c576aa0aba143b2/WD-1-023-21-pdf.pdf
(٦) Miriam Gebhardt, Als die Soldaten kamen: Die Vergewaltigung deutscher Frauen am Ende des Zweiten Weltkriegs, Deutsche Verlags-Anstalt, 2015; review: American Historical Review, “Miriam Gebhardt. Crimes Unspoken”, 2019. https://academic.oup.com/ahr/article-abstract/124/2/769/5426285
(٧) Svetlana Alexievich, “On the Battle Lost”, Nobel Lecture, 7 December 2015. https://www.nobelprize.org/prizes/literature/2015/alexievich/lecture/
(٨) United Nations, Outreach Programme on the Rwanda Genocide, “Supporting Survivors” and “Historical Background”. https://www.un.org/en/preventgenocide/rwanda/supporting-survivors.shtml
(٩) UN Office of the Special Representative on Sexual Violence in Conflict, Remarks for CSW69: The Forgotten Victims, 13 March 2025. https://www.un.org/sexualviolenceinconflict/statement/remarks-for-csw69-side-event-the-forgotten-victims-addressing-crsv-and-children-born-of-wartime-rape-new-york-13-march-2025/
(١٠) PBS NewsHour, “Children of Bosnian wartime rape victims seek justice”, 2018. https://www.pbs.org/newshour/show/adults-born-from-wartime-assault-in-bosnia-search-for-paths-to-justice
(١١) Ministry of Foreign Affairs of Japan, “Japan’s Efforts on the Issue of Comfort Women”; official position and acknowledged limits of available records. https://www.mofa.go.jp/policy/postwar/page22e_000883.html
(١٢) Q. Edward Wang, “Eightieth anniversary of the Nanjing Massacre: Editor’s introduction”, Chinese Studies in History, 2017/2018. https://www.tandfonline.com/doi/full/10.1080/00094633.2017.1435074
(١٣) Human Rights Watch, “Everything is by the Power of the Weapon”: Abuses and Impunity in Turkish-Occupied Northern Syria, 29 February 2024. https://www.hrw.org/report/2024/02/29/everything-power-weapon/abuses-and-impunity-turkish-occupied-northern-syria
(١٤) UN Commission of Inquiry on Syria, report A/HRC/46/55, 2021; documentation of rape and sexual violence against Kurdish women in Afrin. https://www.ecoi.net/en/file/local/2046935/A_HRC_46_55_E.pdf
(١٥) Amnesty International, “Iran: Security forces used rape and other sexual violence to crush ‘Woman Life Freedom’ uprising with impunity”, 6 December 2023. https://www.amnesty.org/en/latest/news/2023/12/iran-security-forces-used-rape-and-other-sexual-violence-to-crush-woman-life-freedom-uprising-with-impunity/
(١٦) Bessel van der Kolk, The Body Keeps the Score: Brain, Mind, and Body in the Healing of Trauma, 2014.
(١٧) Audre Lorde, “The Transformation of Silence into Language and Action”, in Sister Outsider, 1984 (essay first delivered in 1977).