کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وای‌نێت: سەرۆکی مووساد پاڵپشتیی هێرشی تاکلایەنەی ئیسرائیل بۆ سەر ڕێژیمی ئێران دەکات

10:59 - 6 سەرماوەز 2726

لەکاتێکدا نیگەرانییەکان سەبارەت بە هەوڵەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ پەرەپێدانی چەکی شیمیایی پەرەی سەندووە، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل "مووساد" پشتیوانیی خۆی بۆ ئەنجامدانی هێرشی سەربازیی تاکلایەنە دژی ئەو ڕێژیمە لە ئەگەری پێویستدا دەربڕیوە، تەنانەت ئەگەر ئەمریکاش تێیدا بەشدار نەبێت.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی "وای‌نێت"، ڕۆمەن گۆفمەن، سەرۆکی مووساد، پێی وایە دواکەوتنی زیاتر دەکرێت ببێتە هۆی ئەوەی کۆماری ئیسلامی تواناکانی پەیوەست بە بەرنامەی چەکی شیمیایی خۆی فراوانتر بکات و بەرەنگاربوونەوەی ئەو هەڕەشەیە دژوارتر ببێت.

بەرپرسانی ئیسرائیلی ماوەی نێوان ئێستا تا دەستبەکاربوونی کۆنگرەی نوێی ئەمریکا لە سەرەتای مانگی ژانوییەدا وەک دەرفەتێکی ئەگەری بۆ هەنگاوی سەربازی دژی ڕێژیمی ئێران دەبینن.

لە بەرانبەردا، ئەیال زەمیر، سەرۆکی ستادی ئەرتەشی ئیسرائیل، سەرەڕای نیگەرانی لەو هەڕەشانە، پێی وایە مەترسییەکە هێشتا دەستبەجێ نییە و پێی باشترە چاوەڕێی وەرگرتنی مۆڵەتی دۆناڵد ترامپ و ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی هاوبەش لەگەڵ ئەمریکادا بمێنێتەوە.