کاک مستەفا هیجری، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە پێوەندی لەگەڵ دۆخی سیاسیی هەرێمی کوردستانی عێراق، پەیامێکی بڵاو کردەوە و تێیدا وێڕای ڕاگەیاندنی پشتیوانیی حیزبی دێموکرات، جەختی لەسەر پاراستنی یەکگرتوویی وەک تاکە فاکتەری پارێزرابوونی هەرێمی کوردستان کرد.
دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:
هەرێمی کوردستان، تەنیا بە یەکگرتوویی دەپارێزرێت.
وەک هەموو لایەک ئاگادارن دۆخی سیاسیی هەرێمی کوردستانی عێراق لە ئێستادا لەژێر مەترسیدارترین هەڕەشەکانی سەردەمی خۆیدایە. بێگومان بەشێک لەو دۆخە، ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، بەرهەمی کێشە و بەربەرەکانیی حیزبە دەسەڵاتدارەکانی ئەم بەشەی کوردستانە؛ هەروەها ڕێکنەکەوتنیان لە پێکهێنانی پارلەمان و حکوومەتی هاوبەش، ئەویش دوای تێپەڕینی زیاتر لە دوو ساڵ بەسەر دوایین هەڵبژاردنەکاندا.
بۆیە وێڕای ڕاگەیاندنی پشتیوانیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەم دەستکەوتە نەتەوەییە، بەپەرۆشەوە، نیگەرانی ئەم دۆخەین. داوام ئەوەیە هەتا کات لەدەست نەچووە بەرپرسیارانە لە پێکهێنانی حکوومەتێکی یەگکرتوو و یەکڕیزیی نیشتمانی پەلە بکەن و بە هاودەنگی و لە چوارچێوەی ڕێوشوێنی یاساییدا، ڕووبەڕووی ئەم بارودۆخە مەترسیدارە ببنەوە.
با ئەو ڕاستییەشمان لەبیر نەچێت کە ئەم کیانە سیاسییە بەرهەمی خوێنی دەیان و سەدان هەزار کەس لە ڕۆڵەکانی کورد و قوربانییانی ئەنفال و کیمیابارانە و لە ئاکامدا موڵکی نەتەوەی کوردی خێرلەخۆنەدیوە بە هەموو بەشەکانیەوە؛ گومانیش لەوەدا نییە کە داگیرکەرانی کوردستان لە کاتی لاوازیدا پیلانی نگریسی خۆیان دەبەنە سەر.
مێژوو ئەو لایەنانە نابەخشێت کە ئەم دەستکەوتە نەتەوەییە بکەنە دەسمایە و بارمتەی ڕقەبەرایەتییەک کە بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی تێدا ببێتە قوربانی.
سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
مستەفا هیجری
٢٥ی نۆڤامبری ٢٠٢٦ی زایینی
٤ی سەرماوەزی ١٤٠٥ی هەتاوی