لە شاری سەقز بە دەسپێشخەریی ڕێکخراوەکانی ژینگەپارێزیی "ژیانی سەوزی سەقز" و "یارانی زاگرۆس" و بە بەشداریی دەیان ڕێکخراوەی مەدەنی، گرووپی شاخەوانی، وەرزشی و خەڵکی ژینگەدۆستی شاری سەقز هەڵمەتی ساڵانەی زاگرۆسانە بە گڕوتینێکی زۆرەوە بەڕێوە چوو.
سەرەتای هەڵمەتەکە بە سروودی "خوایە وەتەن ئاوا کەی" لەلایەن کچان و کوڕانی خوێنگەرمەوە دەستی پێکرد.
دواتر چەندین شێعر و گۆرانیی فۆلکلۆری کوردی لەلایەن بەشداربووانەوە پێشکەش کران.
لە بڕگەیەکی دیکەدا، چەندین کەسایەتیی ژینگەپارێز لەسەر گرنگیی پاراستنی ژینگە و لێڕەوارەکان، چاندنی نەمام و خاوێنڕاگرتنی ژینگەی نیشتمان و بابەتە پێوەندارەکان بە ژینگەوە قسەیان کرد و ڕێنوێنیی پێویستیان بە بەشداربووان دا.
لەو هەڵمەتە بەرفراوانەدا، هەزاران نەمام و دەنکە بادام چێندران.
هەروەها لە ڕۆژانی ڕابردوودا و لە ٥ـەمین ساڵی بەڕێوەچوونی هەڵمەتی زاگرۆسانە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان، لە یەکەم ڕۆژەکانی مانگی سەرماوەزەوە ئەو هەڵمەتەی لەژێر دروشمی "ژینایی ئەم نیشتمانە بە سەوزایی زاگرۆسەوەیە" و "پێنج ساڵ هەنگاو، بۆ داهاتوویەکی سەوزتر" دەست پێکرد.
لە ساڵانی ڕابردوودا لە هەرکام لە شارەکانی جوانڕۆ، سنە، پاوە، بانە، ڕوانسەر، سەقز، کرماشان، باینگان، بانەوڕێ، مەریوان و دەیان شار و ئاوایی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا هەڵمەتی ساڵانەی زاگرۆسانە بەڕێوە چووە.
شایانی باسە هەڵمەتی زاگرۆسانە لە ساڵی ڕابردوودا شارەکانی هەرێمی کوردستانیشی گرتووەتەوە و لە شاری شەقڵاوە و قەڵادزێ و چەندین ناوچەی دیکەدا ئەو هەڵمەتە بەڕێوە چووبوو.