سیاسەتی قەدەغەکردنی خواردنەوە ئەلکولییەکان و پەرەسەندنی بازاڕی ڕەشی بەرهەمهەمهێنانی ئەلکولی ساختە لەژێر سێبەری کەمتەرخەمیی دامەزراوەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیدا، شەپۆلێکی نوێی ژەهراویبوونی بەکۆمەڵی لە شارەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لێ کەوتووەتەوە و گیانی دەیان هاووڵاتیی ستاندووە.
بەپێی ئامارە بڵاوکراوەکان تا شەوی پێنجشەممە ٥ی سەرماوەزی ١٤٠٥، بە هۆی بەکارهێنانی خواردنەوە ئەلکولییە ساختەکانەوە، نزیکەی ٦٠٠ کەس لە ناوچە جیاجیاکاندا ژەهراوی بوون کە لەو ژمارەیە لانیکەم ٢٦ کەس گیانیان لەدەست داوە و ٩ کەسی دیکەش تووشی مەرگی مێشکی بوون.
بەپێی داتای زانکۆکانی زانستە پزیشکییەکان، زۆرترین ژمارەی ژەهراویبووان لە نەیشابوور بە ٢٣٨ کەس (٥ گیانلەدەستدان و ٥ مەرگی مێشکی)، هۆرموزگان بە ١١٩ کەس (١٠ گیانلەدەستدان)، شیراز بە ٨١ کەس و تاران بە ٦٩ کەس تۆمار کراون.
هاوکات لە پارێزگاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش دەیان هاووڵاتی بوونەتە قوربانی؛ لە سنە ٢١ کەس، لە شاری خۆی سەر بە پارێزگای ورمێ ٢٠ کەس (٣ گیانلەدەستدان) و لە سەوڵاوا و سەقزیش چەندین حاڵەت تۆمار کراون.
چاودێران جەخت دەکەنەوە کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لەجیاتی پاراستنی گیانی هاووڵاتییان، تەنیا جەخت لەسەر قەدەغەکردن و سزادان دەکاتەوە، ئەمەش بووەتە هۆی تێکەڵکردنی ماددەی ژەهراویی "مێتانۆڵ" لە بازاڕی ڕەشدا.
بەپێی ئامارە فەرمییەکانی پزیشکیی دادوەریی ڕێژیم، تەنیا لە ساڵی ١٤٠٣دا ٦٤٥ کەس بە هۆی ژەهراویبوون بە ئەلکول لە ئێراندا گیانیان لەدەست داوە و ساڵانە ئەم کارەساتە بەبێ هیچ چارەسەرێکی بنەڕەتی دووبارە دەبێتەوە.