کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ترامپ: لە ئەگەری پێویستدا بە دڵنیاییەوە هێرش دەکەینە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی کێوی پیکاکس

10:49 - 6 سەرماوەز 2726

دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا لە پەیوەندییەکی تلفۆنیدا لەگەڵ هێزە سەربازییەکانی وڵاتەکەی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، هۆشداریی توندی دایە ڕێژیمی ئێران کە ئەگەر ڕێککەوتن نەکات و هەوڵی دەستپێکردنەوەی چالاکییە ئەتۆمییەکانی بدات، دامەزراوە ژێرزەمینییەکانی کێوی "پیکاکس" (کوه کلنگ) دەکرێنە ئامانجی هێرشی سەربازی.

ترامپ ڕۆژی پێنجشەممە ٥ی سەرماوەزی ١٤٠٥، بەبۆنەی جەژنی "شوکرانەبژێری" لە شوێنی مانەوەی خۆی لە فلۆریداوە لە قسەکانیدا بۆ سەربازانی ئەمریکا جەختی کردەوە کە هەرچەندە سەرکەوتن لەبەر دەستی ئەمریکادایە، بەڵام هێشتا بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن دەرفەتیان بە تاران داوە.

ناوبراو ڕایگەیاند کە هێزی ئاسمانی، دەریایی و بەرگریی ئاسمانیی کۆماری ئیسلامی تێکشکێندراون و ڕێژیم نەیتوانیوە کارەکانی لەو دامەزراوە ئەتۆمییانەدا دەست پێ بکاتەوە کە پێشتر کراونەتە ئامانج.

سەرۆککۆماری ئەمریکا بە ئاماژەدان بە کێوی پیکاکس لە نزیک نەتەنز وەک ئامانجێکی سەرەکی لە ئەگەری هێرشی نوێدا، وتی: "ئەگەر پێویست بکات بە دڵنیاییەوە هێرش دەکەینە سەر ئەوێ، بەڵام لە ئێستادا هیچ چالاکییەکی ڕاستەقینەمان لەو شوێنەدا بەدی نەکردووە.

ترامپ دووپاتیشی کردەوە کە ئەمریکا بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نادات کۆماری ئیسلامی دەستی بە چەکی ئەتۆمی بگات.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا لەگەڵ هێزە دەریاییەکانی ئەمریکا لە کەنداو، ترامپ ئاماژەی بەوە کرد کە واشنگتۆن ١٥٠ مووشەکی بۆ پووچەڵکردنەوەی هێرشە مووشەکی و دڕۆنییەکان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی هۆرمۆز تەقاندووە و گەمارۆی دەریایی سەر ئێرانیشی بە یەکێک لە سەرکەوتووترین ئۆپەراسیۆنەکانی مێژووی هێزی دەریایی ئەمریکا لە قەڵەم دا.