ڕۆژی هەینی ١٢ی پووشپەڕی ١٤٠٥، کاک حەسەن جنیکانلوو ئەندامی دێرین و یاری وەفاداری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە تەمەنی ٩٠ ساڵیدا بە هۆی نەخۆشی و بەساڵاچووییەوە لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری ورمێ کۆچی دوایی کرد.
کاک حەسەن لە بنەماڵەیەکی شۆڕشگێر و خەباتکار لە کاتێکدا لە دایک دەبێ کە بنەماڵەی بە هۆی بەشداری لە شۆڕشی ئاگری لەلایەن ڕێژیمی پەهلەوی تووشی دوورخستنەوە بۆ شاری قەزوین دەبن و هەر بۆیە ناوبراو لە گوندی عەبدوئابادی شاری قەزوین لە دایک دەبێ .
بنەماڵەی ناوبراو پاش چەندین ساڵ دوور خستنەوە بە قاچاخی بەرەو ناوچەی ورمێ دێن و لە گوندی ڕاژان نێشتەجێ دەبن و هەر لە سەردەمی دەستپێکی ڕاپەڕینی گەلانی ئێران کاک حەسەن پەیوەندی بە ڕیزەکانی حیزب دەکا و وەک ئەندامێکی چالاکی حیزب لە ناوچەکانی ورمێ و ماکۆ دەست بە خەبات دەکا و وەک پردی پەیوەندی تیمەکانی حیزب لە ماکۆ و ورمێ کار دەکا .
کاک حەسەن لەو ماوەیەدا بە دەیان جار لەسەر هاوکاریی حیزب سزا و ئەشکەنجە درا بەڵام قەت وازی لە ڕێبازی حیزبی دێموکرات نەهێنا و تا دوایین ساتەکانی ژیانی بڕوای بە ڕزگاری کوردستان و سەردەستی گەلی کورد هەبوو.
تەرمی ناوبراو لە ناو ئاپۆڕای خەڵکی ڕاژان لە گوڕستانی ئەو گوندە بە خاک سپێردرا.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵەی ناوبراوان دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.