
زانیار حوسێنی
ئەو وێنە هاوبەش و کلاسیکەی کە میدیا و پێکهاتەکانی دەسەڵات لە ئێران نەمایشی دەکەن، وڵاتێکی خاوەن شوناسێکی تاکڕەهەند، ناوەندگەرا و یەکگرتووە. بەڵام ڕاستییە مەیدانی و مێژووییەکان بە ڕوونی جیاوازن لەم وێناکردنەی ئەم جوغرافیایە؛ ئێران وڵاتێکی فرەنەتەوەیی و مۆزایکییە کە پێکهاتووە لە نەتەوەکانی کورد، تورک، عەرەب، بەلووچ و نەتەوەکانی دیکە کە دەیان ساڵە لەژێر سایەی پێکهاتەیەکی توندی ناوەندگەرادا دەژین. یاسای بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران، وەک باڵاترین بەڵگەنامەی یاسایی سیستەمی حوکمڕان، نەک هەر دان بەو فرەییەدا نانێت، بەڵکوو بە نکۆڵیکردنی سیستماتیکی «مافی چارەی خۆنووسینی نێوخۆیی»، مۆدێلێکی سەروەریی ئایدیۆلۆژی و قۆرخکارانەی دامەزراندووە. ڕەخنەگرتن لەم پێکهاتە ناوەندگەرایە و لێکۆڵینەوە لە دەرئەنجامە وێرانکەرەکانی لەسەر گەلانی غەیری فارس، کلیلی تێگەیشتن لە قەیرانە ژێئۆپۆلیتیکییەکان و ئاسۆی بەردەم دێموکراسییە لەم جوغرافیایەدا.
چەمکناسیی یاسایی: مافی چارەی خۆنووسینی نێوخۆیی
لە وێژەی یاسای نێودەوڵەتی و زانستی سیاسیدا، جیاوازیی دوو خوێندنەوەی «مافی چارەی خۆنووسین» بۆ تێگەیشتن لە داخوازییەکانی گەلانی غەیری فارس لە ئێراندا زۆر گرنگە؛ مافی چارەی خۆنووسینی دەرەکی بە واتای دابڕانی یاسایی تەواو و کێشانی سنووری نوێ و پێکهێنانی دەوڵەتێکی سەربەخۆ لە سیستەمی نێودەوڵەتیدایە. بەڵام مافی چارەی خۆنووسینی نێوخۆیی بە مانای مافی نەتەوە، قەوم و گرووپە جیاوازەکانی وڵاتێکە بۆ بەشداریی مانادار، واقعی و دێموکراتیک لە چارەنووسی سیاسی، ئابووری، یاسایی و کولتووریی خۆیان لە چوارچێوەی سنوورە هەبووەکاندا. ئەم چەمکە لە شێوەی سیستەمی فیدراڵی، ناناوەندگەرایی، خۆبەڕێوەبەریی ناوچەیی و پارڵەمانی نێوخۆییدا خۆی دەردەخات. لە ڕاستیدا مافی چارەی خۆنووسینی نێوخۆیی، ئامرازێکی یاساییە بۆ دەستەبەرکردنی پێکەوەژیانی ئازادانە، دادپەروەرانە و ئاشتییانە. قەوارەی ناوەندگەرای حوکمڕانیی ئێران، هەمیشە بە مەبەستی سڕینەوەی پرسی دابەشکردنی دادپەروەرانەی دەسەڵات لە نێوان گەلانی فرەنەتەوەی ئێراندا، هەر داخوازییەک بۆ ئەم مافە ڕەوایە بە ناوی «جیاخوازی» و «هەڕەشەی ئاسایشی نەتەوەیی» سەرکوت کردووە.
تەرمپشکنیی یاسای بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران
یاسای بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە تەواوی نوێنەرایەتیی قۆرخکاریی دەسەڵات لە ناوەند و نکۆڵیکردن لە ناسنامەی نەتەوە نافارسەکان دەکا. شیکارییەک بۆ بڕگە و بنەماکانی ئەم یاسایە دەری دەخا کە پێکهاتەی ئێستا لە بنەڕەتدا ئەو بەستێنە ئەرێنییەی نییە کە بۆ قبووڵکردنی فرەیی سیاسی و پێکهاتە جیاوازەکان پێویستە. بۆ نموونە چڕبوونەوەی ڕەهای دەسەڵات لە دامەزراوە دەستنیشانکراوەکاندا، ڕەنگدانەوەی ئەم ئیدیعایەیە؛ بە پشتبەستن بە پێکهاتەی یاسای بنەڕەتی، دەسەڵاتی ڕەها لە دەستی دامەزراوەی ویلایەتی فەقیهـ و دامەزراوەکانی ژێردەستەی (وەک شوورای نیگابان)دایە. ئەم دامەزراوانە کە ڕاستەوخۆ لە ناوەندەوە ڕێنمایی دەکرێن، هەر یاسا و ڕوانگەیەک کە ناناوەندگەرایی ئیداری، سیاسی یان ئابووری بەدوای خۆیدا بهێنێ، بە بیانووی ناکۆکی لەگەڵ شەریعەت یان یاسای بنەڕەتی ڕەت دەکەنەوە. پارێزگار و فەرماندار و تەنانەت بەڕێوەبەرانی گشتیی ئیدارەکان لە ناوچەکانی کوردستان، ئازەربایجان، بەلووچستان و خوزستان نەک لەلایەن خەڵکی ڕەسەنەوە، بەڵکوو لەلایەن وەزارەتی نێوخۆ لە تارانەوە دەستنیشان دەکرێن.
بابەتێکی دیکە کە جێی ئاماژەیە، ڕواڵەتبوونی شووراکانە (لە بەشی حەوتەمی یاسای بنەڕەتیدا باس کراوە). هەرچەندە لە ماددەی ١٠٠ تا ١٠٦ی یاساکەدا ئاماژە بە شوورای شار و گوندەکان دەکا وەک هێمای بەشداریکردنی نێوخۆیی، بەڵام لە پراکتیکدا دەسەڵاتەکانیان بە شێوەیەکی زۆر سنووردار کورت کراوەتەوە بۆ بابەتی خزمەتگوزاری و خۆشگوزەرانی. شووراکان دەسەڵاتی یاسادانانی نێوخۆیی و بەڕێوەبردنی سەرچاوە داراییەکانی ناوچەکەیان نییە، یان کۆنترۆڵی دامەزراوە ئەمنییەکان و پۆلیسییان نییە و بڕیارەکانیان هەمیشە لەژێر چاوی چاودێریی بەرپرسانی ناوەنددان. نموونەیەکی دیکە نکۆڵیکردنە لە ناسنامەی زمانەوانی و کولتووری؛ لە ماددەی ١٥ی یاسای بنەڕەتیدا، بە شێوەیەکی ناڕوون ئاماژە بە فێرکردنی زمانی نەتەوەیی لە قوتابخانەکاندا دەکا لە پەنا زمانی فارسیدا. بەڵام تەنانەت ئەم نیوە بڕگەیەش دوای نزیکەی پێنج دەیە هەرگیز بە شێوەیەکی سیستماتیک و لەسەر ئاستی ئێران جێبەجێ نەکراوە. ئێستاش سیستەمی پەروەردەی ئێران بە تەواوی تاکزمان و قۆرخکراوە و لە درێژایی پەرەپێدان بە شوناسێکە کە فرەچەشنیی زمانیی نەتەوەکانی کورد، تورک، بەلووچ و هتد پشتگوێ دەخا.
ڕەهەندە کۆنکرێتەکانی ناوەندگەرایی
ناوەندگەرایی لە ئێراندا تەنیا پرسێکی تیۆری یان یاسایی لەسەر کاغەز نییە، بەڵکوو لێکەوتەی بەرجەستە، وێرانکەر و ڕۆژانەی لەسەر ژیانی ملیۆنان کەس لە ناوچە پەراوێزخراوەکاندا هەیە. کۆمەڵناسانی سیاسی ئەم دیاردەیە بە «داگیرکاریی نێوخۆیی» پێناسە دەکەن؛ دۆخێک کە ناوەند بێبەزەییانە سەرچاوەکانی ناوچە دەوروبەرییەکان دەخوا، بەڵام لە گەشەکردن و خۆشگوزەرانی بێبەشیان دەکا. وەک نموونە دەکرێ ناوچەکانی کوردستان و بەلووچستان لەبەرچاو بگیرێن. ئەم ناوچانە بەهۆی تێڕوانینی توندی ئەمنیی ناوەندەوە بەئەنقەست لە چەرخی گەشەپێدان و پیشەسازی دوور خراونەتەوە. نەبوونی ژێرخانی ئابووری و کارگەی پیشەسازی لە کوردستان، هەزاران گەنجی خوێندەواری کوردی بەرەو کارە مەترسیدار و کوشندەکەی «کۆڵبەری» و مەترسییەکانی قاچاخچێتی هان داوە؛ کارێک کە ڕۆژانە بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی پاسەوانە سنوورییەکانی ناوەندەوە یان کارەساتی سروشتییەوە قوربانییەکی زۆر دەدا. لە بەلووچستان، تەنانەت ڕێژیمی ناوەندی ڕەتی کردووەتەوە بڕوانامەی لەدایکبوون و بەڵگەنامەی ناسنامە بدا بە بەشێک لە دانیشتووانی ڕەسەن، ئەمەش خەڵکی ئەم ناوچانەی ناچار کردووە کە کارە مەترسیدارەکانی وەک «قاچاخی سووتەمەنی» بکەن. نموونەیەکی دیکە خوزستانە کە دڵی لێدەری ئابووریی ئێرانە و سەرچاوەی سەرەکیی داهاتی نەوت و گازی وڵاتەکەیە. بەڵام خەڵکی ڕەسەنی ئەم ناوچەیە لەگەڵ قەیرانی سەختی ژینگەیی، کەمی ئاو، هەژاریی ڕەها، بەرزیی ڕێژەی بێکاری و بێبەشبوون لە تەنانەت سەرەتاییترین خزمەتگوزارییەکانیشدا لە ململانێدان. ئەو سەروەت و سامانەی لە نەوتەوە دێ بۆ ناوەند دەنێردرێ تا لە پڕۆژە گەورەکانی شارەکانی ناوەڕاست یان بەشی سەربازیی ڕێژیم لە دەرەوەی وڵات خەرج بکرێ.
پێویستیی بنەڕەتی بە جیاکاریی ئەرێنی و دادپەروەریی بنیاتنەرەوە
بۆ تێگەیشتن لە قووڵایی ئەو کارەساتە، گرنگە بزانین کە چەوساندنەوەی بەسیستمکراوی گەلانی غەیری فارس مێژوویەکی سەد ساڵەی هەیە و لە سەرەتای دەستپێکردنی دەوڵەت-نەتەوەی مۆدێرنی پەهلەوی لە سەرەتای سەدەی بیستەمەوە دەستی پێکردووە و لە سەردەمی کۆماری ئیسلامیدا گەیشتووەتە لووتکە. لە ماوەی ئەو سەد ساڵەدا، سیاسەتی ئاسیمیلاسیۆن (چاوپۆشیکردن و نکۆڵیکردن لە ناسنامە و یەکگرتنی زۆرەملێی کولتووری) و سەرکوتی ڕاشکاوانە بەکارهێنران بۆ کەمڕەنگکردنەوە و سڕینەوەی زمان، مێژوو، کولتوور و هۆشیاریی سیاسیی گەلانی کورد، بەلووچ، تورک و ئەوانی تر.
لە چوارچێوەیەکی وەهادا، کاتێک بیر لە ئێرانی دوای کۆماری ئیسلامی و ئاسۆی داهاتوو دەکەینەوە، تەنیا وتنەوەی دروشمی «مافی یەکسانیی هاووڵاتیبوون» یان «دادپەروەری بۆ هەمووان» بەس نییە. بۆ نموونە ئەگەر لە پێشبڕکێی ڕاکردندا سەد ساڵ کێشێکی قورس بە پێی یەکێک لە ڕاکەرەکانەوە ببەسترێتەوە، لابردنی ئەم قورساییە لە کۆتا خولدا، نابێتە هۆی ئەوەی پێشبڕکێکە دادپەروەرانە بێت، چونکە ڕاکەری بریندار ناتوانێ بە یەکسانی ڕکابەری بکا. بۆیە جێبەجێکردنی «جیاکاریی ئەرێنی» و «دادپەروەریی بنیاتنەرەوە» لە چەند ڕەهەندێکدا، پێویستییەکی ژیانی و یاساییە. ئەم دادپەروەرییە بنیاتنەرەوەیە سەرەتا دەبێ لە پێکهاتە پەروەردەییەکاندا ڕەنگ بداتەوە، بەجۆرێک کە بودجەی تایبەت و ناوازە، جگە لە بودجەی ساڵانەی پەسەندکراوی حکوومەت، بۆ بووژانەوە، گەشەکردن و پێشکەوتنی زمانەکانی کوردی، تورکی، بەلووچی و زمانەکانی دیکە تەرخان بکرێ. ئەمەش بریتییە لە دامەزراندنی زانکۆ و ناوەندە زانستییە گەورەکان بە زمانی دایکی لە ناوچە پەیوەندیدارەکان، هەروەها دووبارە نووسینەوەی تەواوەتیی کتێبەکانی خوێندنی نیشتمانی بۆ ڕەنگدانەوەی مێژووی ڕاستەقینەی گەلانی غەیری فارس و کۆتاییهاتنی قۆرخکاریی زمانی فەرمی. حکوومەتی ناوەندیی داهاتوو دەبێ پابەند بێ بە دابینکردنی میدیای جۆراوجۆری بەهێز لە پارەی گشتی بۆ ئەم گەلانە، لەمەڕ قەرەبووکردنەوەی دواکەوتوویی سەپێنراوی سەدەی ڕابردوو. جیا لەوانە لە درێژایی ئەو سیاسەتەدا، پێویستە دابەشکاریی سەروەت و سامان داڕێژێتەوە و قەرەبووی ئەو زیانە ئابوورییانە بکاتەوە کە لە سەد ساڵی ڕابردوودا بەسەر ئەم ناوچانەدا هاتووە.
سیستەمی بودجەی ئێران لە ئایندەدا، پێویستە لەسەر بنەمای پرەنسیپی پێچەوانە و بەگوێرەی ڕاستییە بەرجەستە و مەیدانییەکان ڕێک بخرێ و دابڕێژرێ. ئەو ناوچانەی سەدەیەکە، سامانیان (نەوت، گاز، ئاو، کان و بەروبووم) دەرهێنراوە و خۆیان لە هەژاریدا ماونەتەوە، پێویستە زۆرترین پشکی تایبەت لە داهاتی نیشتمانی وەربگرن بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی ژێرخانی ئابووری، نەهێشتنی بێکاری، دامەزراندنی نەخۆشخانە و ناوەندە خۆشگوزەرانی و ژینگەییەکان؛ گرنگ و پێویستە لەوە تێبگەین کە ئەمە پشکێکی تایبەت نییە، بەڵکوو «مافی یاسایی گەڕاندنەوە و بنیاتنەرەوە»یە بۆ قەرەبووکردنەوەی چەوسانەوەی ئابووریی ڕابردوو و هەوڵدان بۆ دامەزراندنی دادپەروەریی ڕاستەقینەیە. هەنگاوی سێیەم و کۆتایی کە دەبێ بۆ تەواوکردنی پرۆسەی جێبەجێکردنی جیاکاریی ئەرێنی و دادپەروەریی بنیاتنەرەوە لەبەرچاو بگیرێ و لە ڕاستیدا گرنگترین بەشە لە وەها سیستەمێکدا، بریتییە لە ڕەچاوکردنی پشکە سیاسییەکان و دەستەبەرکردنی نوێنەرایەتیی دەسەڵات؛ لە قۆناغی گواستنەوە (گوزار) و لە پێکهاتەی گەورەی حوکمڕانیی داهاتوودا، دەبێ میکانیزمی یاسایی و گەرەنتیکراو بنیات بنرێ بۆ دڵنیابوون لەوەی کە نوێنەری ڕاستەقینەی گەلانی غەیری فارس لە بەرزترین ئاستەکانی بڕیاردانی سیاسی، دادوەری و یاساداناندا ئامادە بن و بڕیارە گەورەکان بەبێ ڕەزامەندیی ڕاستەقینە و ڤیتۆی ئەوان نەدرێن.
ئەنجام و ئاسۆی داهاتوو
ئێرانی فرەنەتەوەیی دێموکراتیک تەنیا بە مانای گۆڕینی کاراکتەرەکان یان ناوی سیستەمی سیاسی لە داهاتوودا نییە؛ ئەگەر جێگرەوەکانی داهاتوو، هەمان بیرکردنەوەی ناوەندگەرایی، تاکزمانی و تاکناسنامەیی ڕابردوو بەرهەم بهێننەوە، وەک ئەوەی لە سەد ساڵی ڕابردوودا بووە، لە هیچ کەسێک شاراوە نییە کە ئێران هەرگیز سەقامگیریی ڕاستەقینە و دێموکراسیی کاریگەر نابینێ. ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە پێکهاتەی ناوەندگەرای دەسەڵات لە بنەڕەتدا پاوانخوازانەیە؛ چونکە بۆ ئەوەی کۆنترۆڵی ناوەندێکی کەمینە بەسەر پەراوێزی زۆرینە و فرەنەتەوەییدا بپارێزێ، ناچارە مشتی ئاسنین و دامەزراوە ئەمنییەکان و سەرکوتی ئاشکرا و بێپەردە بەکار بهێنێ.
لە ڕاستیدا دێموکراسییەکی ڕاستەقینە، بەردەوام و ئاشتییانە لەم جوغرافیایەدا مەرجدارە بە قبووڵکردنی بێمەرجی ئەو ڕاستییەی کە ئێران وڵاتێکی فرەنەتەوەییە و تاکە ڕێگای بەرەوپێشچوون ئەوەیە کە لە سیستەمێکی تەواو ناناوەندگەرا، فیدراڵی یان کۆنفیدراڵیدا بە تەواوی مافی چارەی خۆنووسین بدرێتە نەتەوەکانی کورد، تورک، بەلووچ و ئەوانی تر. داننان بەم مافەدا، لەگەڵ جێبەجێکردنی وردی سیاسەتەکانی جیاکاریی ئەرێنی بۆ قەرەبووکردنەوەی سەدەیەک لە چەوساندنەوە و ئاسمیلەکردن، تاکە گەرەنتیی گەیشتن بە دادپەروەریی بەردەوام و کۆتاییهێنان بە گرێی کوێری ناوەندگەرایی لە ئێرانە.