ڕۆژنامەی "فاینەنشاڵ تایمز" لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرای کردووە کە لە حەفتەکانی ڕابردوودا لانیکەم چوار کەشتیی سەر بە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە نزیک هێڵی کابڵە دەریاییەکانی پەیوەندی لە دەریای عوماندا جووڵەی نائاساییان هەبووە؛ بابەتێک کە مەترسییەکانی سەر ژێرخانەکانی پەیوەندی لە ناوچەکەدا بەرز کردووەتەوە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، سێ نەوتکێشی ژێر سزاکانی ئەمریکا و کەشتییەکی ڕاوەماسیی ئێرانی لە نزیک کابڵەکانی فیبری نووری لەنگەریان گرتووە، ڕێڕەوی ڕۆیشتنیان گۆڕیوە یان سیستەمەکانی ڕێشوێنکەوتنی (AIS) خۆیان کوژاندووەتەوە. کۆمپانیای زانیارییە دەریاییەکانی "ویندوارد" (Windward) ئەم هەڵسوکەوتانەی بە نائاسایی ناو بردووە.
ئەم جووڵانە لە کاتێکدایە کە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی چەندین جار هەڕەشەیان کردووە لە ئەگەری دەستپێکردنەوەی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، ژێرخانە دیجیتاڵییەکان و کابڵەکانی ئینتێرنێتی ناوچەکە دەکەنە ئامانج.
ئەگەرچی تا ئێستا بەڵگەیەکی سەربەخۆ لەسەر تێکدانی ئەم کابڵانە لەلایەن کەشتییەکانەوە بڵاو نەکراوەتەوە، بەڵام هەڕەشەکانی تاران بەڕوونی نیشانی دەدات کە کۆماری ئیسلامی بۆ پێشبردنی ئامانجە سەربازییەکانی، ئامادەیە ژێرخانە هەستیارەکان و پەیوەندییەکانی وڵاتانی ناوچەکەش بخاتە مەترسییەوە.