کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسرائیل: بۆ هێرشکردنە سەر کۆماری ئیسلامی چاوەڕێی بڕیاری ئەمریکاین

09:32 - 15 خەزەڵوەر 2726

ئەرتەشی ئیسرائیل لە کاتێکدا ئامادەیی سەربازیی خۆی بۆ ئەگەری هێرشکردنەوە سەر ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی پاراستووە کە بڕیاری کۆتایی لەبارەی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکەوە هێشتا لە دەسەڵاتی واشنگتۆندا ماوەتەوە.

ماڵپەڕی "وای‌نێت" ڕاگەیاند کە سەرەڕای زیادبوونی ئەگەری دەستپێکردنەوەی شەڕ، هێشتا هیچ نیشانەیەک بۆ بەهێزکردنەوەی بەرفراوانی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا نابینرێت.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، جموجوڵە سەربازییەکانی ئەمریکا تا ئێستا سنووردار بووە بە بەهێزکردنەوەی هێزەکان لە باشووری ئیسرائیل و چەند گواستنەوەیەکی سنووردار لە دەریای عەرەب.

بەرپرسانی بەرگریی ئیسرائیل دەڵێن کە بە گۆڕانی بڕیارەکانی واشنگتۆن، دۆخەکە دەتوانێت بە خێرایی بگۆڕێت.

وای‌نێت هەروەها باسی لە جیاوازیی ئەگەریی نێوان ئامانجەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە قۆناغی داهاتووی شەڕدا کردووە. بێنیامین نێتانیاهوو خوازیاری ڕووخانی کۆماری ئیسلامییە، بەڵام بەشێک لە بەرپرسانی ئەمریکایی جەخت لەسەر لاوازکردنی حوکمەتەکە و ناچارکردنی بۆ قبووڵکردنی ڕێککەوتنێکی دڵخوازتر لە دۆسییەی ئەتۆمیدا دەکەنەوە.

ئەم ڕاپۆرتە هەروەها باس لە ئامادەکردنی پلانی سەربازیی ئیسرائیل دژی حیزبوڵڵا و لێکۆڵینەوە لە ئەگەری هاوکاتبوونی هێرشکردنەسەر ئێران لەگەڵ خولێکی نوێی پێکدادانەکان لە لوبنان دەکات.