ڕۆژی یەکشەممە ١٤ی پووشپەڕی ١٤٠٥ی هەتاوی، دایە زارا کاردار، هاوسەری شەهید و دایکی پێشمەرگەیەکی کوردستان، لە تەمەنی ٨٣ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.
دایە زارا لەدایکبووی ساڵی ١٣٢٢ لە ورمێ بوو کە وەک ژنێکی خۆڕاگر و نیشتمانپەروەر تەمەنی خۆی لە نێو ئازار، بەرخۆدان و خزمەت بە کوردایەتیدا بەسەر برد و دوای ژیانێک پڕ لە فیداکاری ماڵاوایی لە ژیان کرد.
دایە زارا ژنێکی خۆڕاگر، شۆڕشگێڕ و پاسەوانێکی وەفاداری بەهاکانی کوردایەتی بوو.
ناوبراو کچی شەهید جەسیم کاردار و هاوسەری شەهید محەممەد ئەحمەدیپوور، خەڵکی گوندی قەڵاتانی سندووس لە نەغەدە بوو.
دایە زارا وەک ژنێکی شۆڕشگێڕ و هاوسەفەری ڕێگای ئازادی، هەرگیز لە بەرانبەر قوربانیدانەکانی خێزانەکەی نەشکا و بە ئارامی و بەرخۆدان، ئامانجی شەهیدەکانی زیندوو ڕاگرت.
ئەو هەروەها خوشکی شەهیدان عەلی، محەممەد و کەریم کاردار بوو کە لەگەڵ ئەو هەموو کارەساتەدا، بوو بە قوتابخانەیەکی کوردایەتی بۆ نەوەکان و بە هێزی باوەڕ و ئیرادە، هەمیشە ڕۆحی خۆڕاگریی لە خێزانەکەیدا زیندوو ڕاگرت.
کچێکی دایە زارا بە ناوی هیوا ئەحمەدیپوور، ساڵانێکە لە ڕیزی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتدا، خزمەت بە گەل و نیشتمانەکەی دەکات.
دایە زارا شەش جار ماڵەکەی لەلایەن بەکرێگیراوانی کۆماری پەت و سێدارەوە سووتێندرا و خۆی و مناڵەکانی پەنایان دەبرد بۆ کێو و ئەشکەوتەکان.
دایە زارا نەک دوای شەهیدبوونی هاوسەرە قارەمانەکەی بەڵکوو ئەو کاتەش کە هاوسەرەکەی بە هۆی کار و چالاکیی حیزبییەوە نەیدەتوانی لەگەڵ بنەماڵەکەی بێت، ڕۆڵ و ئەرکی باوکایەیەتیی کەوتبووە سەر شان و جیا لە ڕۆڵی دایکایەتی ڕۆڵی باوکایەتییەکی بەهێزی لە ژیانی مناڵەکانیدا هەبوو.
دایە زارا هەموو کات ورەی بە مناڵەکانی دەدا و دەیپاراستن و زۆر بە جوانی ڕێگا و ڕرێبازی باب و باپیرانی خۆی و هاوسەرە شەهیدەکەی بە یادگارەکانی شەهید محەممەد ناساند و هەموو کات بۆ پەیوەستبوون بە ریزەکانی حیزب هاندەری خەڵک بوو.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.