ڕۆژی دووشەممە ۱۵ی پووشپەڕ، کاک مەولوود محەممەدی کەسایەتیی نیشتمانپەروەر و کۆمەڵایەتیی دیار و بەرچاوی شاری کامێران و خەڵکی ئاوایی "کۆرەدەرە"، لە تەمەنی ٨۴ ساڵیدا بە هۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کرد.
کاک مەولوود وەک کەسایەتییەکی نیشتمانپەروەر هەتا دوایین ساتەکانی ژیانی، هەموو ئاوات و هیوایەکی ئازادیی کوردستان بوو.
ناوبراو زۆر جار باسی لەوە کردبوو کە ئەوەندە نەمردبام هەتا ئازادیی کوردستانم بە چاوی خۆم بدیبا، بەڵام بەداخەوە مردن بواری نەدا ئاواتە پیرۆزەکەی بەدی بێت و بەو ئاواتەوە سەری نایەوە.
هاوکات کاک مەولوود کەسایەتییەکی کۆمەڵایەتی و بەرچاوی ناوچەکە بوو، زۆربەی کێشە کۆمەڵایەتییەکانی ناوچەکە لە سەردەستی ناوبراو چارەسەر بووە و بەو هۆیەوە لەلایەن خەڵکی ئەو ناوچەیەوە وەک کەسێکی خۆشەویست و جێگای متمانە سەیر دەکرا.
تەرمی کاک مەلوود لەنێو ئاپۆرای خەڵکی ناوچەکەدا و لە زێدی خۆی لە ئاوایی کۆرەدەرە بە خاکی پیرۆزی کوردستان سپێردرا.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵەی ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.