ڕۆژی هەینی ٩ی گەلاوێژی ١٤٠٥، کاک مەحموود ئەحمەدی ناسراو "مەحموو ئیشکەڵ" کەسی نیشتمانپەروەر و حیزبدۆست، خەڵکی ئاوایی قوروچاوێی پیرانشار، بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کرد.
کاک مەحموود لە ساڵانی٦۰ و ٦١ وەک هێزی بەرگریی لە ڕیزەکانی حیزبدا بەشداریی چالاکانەی هەبووە و لە هێرش و پەلاماری دوژمنانی گەلی کورد بۆ سەر خاکی کوردستان، شانبەشانی هێزی پێشمەرگە قارەمانەتیی نواندووە.
لە هەموو کاتێکدا، دەرگای ماڵەکی ناوبراو بە ڕووی پێشمەرگە و تێکۆشەرانی حیزبدا ئاوەڵا بووە.
ناوبراو هەتا لە ژیاندا بوو لە دڵسۆزیی بۆ گەل و نیشتمانەکەی لە هیچ خزمەتێک سڵی نەکرد و بە حیزبی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان وەفادار مایەوە.
کاک مەحموود زۆرجار لەلای دۆستان و ناسیاوانی وتوویەتی خۆزگە نەمردبام ئازادیی کوردستانم بە چاوی خۆم بدیبایە و بەداخەوە مردن ڕێگەی نەدا ئەو ئاواتەی بێتە دی.
تەرمی ناوبراو لەنێو ئاپۆڕای خەڵکی ناوچەکەدا بە خاکی پیرۆزی کوردستان سپێردرا.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەوە پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.