لە ماوەی ڕۆژرانی ڕابردوودا چەندین هاووڵاتیی دیکەی کورد لە شارە جیاوازەکانی کوردستان دەسبەسەر کراون و چارەنووسی چەند هاووڵاتیی دیکە نادیارە و سزای قورس بەسەر چەندین هاووڵاتیی دیکە سەپێندراوە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆیی هەنگاو، سزای بەندکران، لێدانی قامچی و پێبژاردنی پارە بەسەر ئەمیرعەلی زاکەریفەرد و عیماد زاکەریفەرد، دوو برای کورد و لە چالاکانی مەدەنیی ئیلام و لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، لە لقی یازدههەمی دیوانی باڵای ڕێژیم وەک خۆی پشتڕاست کرایەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی هەنگاو، جەمیلە (مینا) محەممەدئەمین ئازەر، هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان، لە ئەنجامی هەڵکوتانی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم بۆ سەر ماڵی بنەماڵەییی دەسبەسەر کرا و دوای تێپەڕبوونی سێ ڕۆژ، هێشتا چارەنووسی نادیارە.
بەپێی ڕاپۆرتی هەمان سەرچاوە، ڕۆیا عەیدینژاد، هاووڵاتیی کورد و خەڵکی قووچان و خوشکی زارا عەیدینژاد، لە شەهیدانی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو، دوای تێپەڕبوونی ٤٨ ڕۆژ بەسەر دەسبەسەرکرانی، هێشتا چارەنووسی نادیارە.
هەروەها بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆیی کوردپا، سەعدی کەریمی، خەڵکی بۆکان لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا و سەرەڕای تێپەڕبوونی سێ ڕۆژ بەسەر دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەیدا، هێشتا هیچ زانیارییەک لەبارەی چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی لەبەر دەستدا نییە.
بەپێی ڕاپۆرتی کوردپا، لاوێکی خەڵکی ئاوایی گۆگجەلووی سەر بە شاری میاندواو بە ناوی «مەحموود پیلە»، لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.