کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی بەندکراوێکی سیاسیی پێشوو و شاعیرێکی نیشتمانپەروەر لە شنۆ

09:01 - 15 گەلاوێژ 2726

ڕۆژی سێشەممە ۱۳ـی گەلاوێژی ١٤٠٥، مامۆستا عەبدولکەریم بەلەدی ناسراو بە "ع. غەریب"، بەندکراوی سیاسیی پێشوو، شاعیری نیشتمانپەروەر و تێکۆشەر، لە تەمەنی ٥٤ ساڵیدا، لە شاری شنۆ کۆچی دوایی کرد.

ناوبراو لە ساڵی ١٣٥١ لە شاری شنۆ و لە بنەماڵەیەکی نیشتمانپەروەر و ئەدەبدۆست لەدایک بووە و هەموو ژیانی خۆی کردە قوربانیی باوەڕە بەرزەکانی کوردایەتی و سەربەرزیی نەتەوەکەی.

مامۆستا لە کۆتاییەکانی دەیەی٦٠ی هەتاوی، کاتێک لە دواناوەندیی ساڵی کۆتایی خوێندنی بوو لەبەر هەڵوێست و ئازایەتی و شێعرە بەرزەکانی کە هەستی کوردایەتی و ئامانجە پیرۆزەکانی حیزبی دێموکرات تێیدا ڕەنگی دابوویەوە، وێڕای چەند هاوپۆلیی دیکەی دەسبەسەر کرا.

 ناوبراو لە ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە شنۆ بە شێوەیەکی بێبەزەییانە و دڕندانە بۆ ماوەی نزیک ساڵێک دەکەوێتە بەر ئەشکەنجە و لێدان و بێڕێزیی ئەو ناوەندە بەناو ئەمنییەتییەی ڕێژیمەوە و هەتا ئەو کاتەی لە ژیاندا بوو ئاسەواری ئەو ئەشکەنجانە لەسەر جەستەیدا قورسایی دەکرد.

ناوبراو شارەزایەتییەکی باشی لە شێعری کلاسیکی کوردی و شارەزایی بێوێنەی لە عرووز و کێشی کلاسیکدا هەبووە کە بە داهێنانی خۆی تێکەڵی ڕوانینی شیعری نوێی کردبوو و هەروەها هۆگرییەکی زۆری بۆ شاعێرانی کلاسیک و شێعری نوێی کوردی بووە.

کاک کەریم، نەک هەر شاعیرێکی دەروەست و نیشتمانپەروەر، بەڵکوو لە ڕەوتی ڕووناكبیریدا داینەمۆ بوو؛ ئەو لە دامەزرێنەرانی یەکەم ئەنجومەنی ئەدەبیی شاری شنۆش بووە.

شایانی باسە ناوبراو خاوەن چەندین بەرهەمی شێعریی بەپێزە، بەڵام بەداخەوە بە هۆکاری جیاواز هەتا ئێستا چاپ نەکراون.

تەرمی ناوبراو لەنێو ئاپۆڕای خەڵکی شاری شنۆ و ئەدەبدۆستانی کوردستان لە گۆڕستانی شنۆ بە خاکی پیرۆزی کوردستان سپێردرا.

ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەوە پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.