ڕۆژی چوارشەممە ١٥ی ڕەزبەری ١٤٠٥ی هەتاوی، مام مەحموود ئەفغانی ناسراو بە "سێلەکە"، کەسایەتیی نیشتمانپەروەر و جێگای متمانەی خەڵکی ناوچەی شنۆ، لە تەمەنی ٩١ ساڵیدا لە نەخۆشخانەی ڕزگاریی شاری هەوڵێر کۆچی دوایی کرد.
مام مەحموود لە ساڵی ١٣١٤ هەتاوی، لە ئاوایی "شێوەسماک"ی شنۆ لە دایک بووە. ناوبراو کەسایەتیی جێگای ڕێز و خۆشەویستیی خەڵکی شنۆ و متمانەپێکراوی تێکۆشەرانی حیزبی دێموکرات بووە.
هەروەها ناوبراو باوکی شەهیدێک و سێ پێشمەرگەی کوردستانە.
شەهید عەزیز ئەفغانی کوڕی ناوبراو لە ڕێکەوتی ٧ی سەرماوەزی ١٣٦٢ی هەتاوی لە شوێنک بە ناوی سەروکانی لە تێکهەڵچوونێک لە دژی هێزەکانی ڕێژیمی داگیرکەری تاران شەهید بوو و گڵکۆکەی لە پیرانشارە.
کاک مەحموود کە بۆ سەردانی کوڕە پێشمەرگەکانی هاتبووە باشووری کوردستان، بەداخەوە لە شاری هەولێر کۆچی دوایی کرد.
تەرمی ناوبراو لەنێو ئاپۆڕای تێکۆشەرانی حیزبی دێموکراتدا بەڕێ کرایەوە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە زێدی خۆی لە گۆڕستانی فەقێ شاڵ بە خاکی پیرۆزی کوردستان سپێردرا.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەوە پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.