کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی پێشمەرگەیەکی حیزب لە شاری قەڵادزێ

09:32 - 20 رەزبەر 2726

سەرلەئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە ۱۹ی ڕەزبەر، کاک مەولان مەولانی پێشمەرگەی دێرینی حیزبی دێموکرات، دوای ماوەیەک بەربەرەکانێ لەگەڵ نەخۆشی لە تەمەنی ٧٨ ساڵیدا، لە شاری قەڵادزێ کۆچی دوایی کرد.

کاک مەولان ساڵی  ۱۳۲۷ی هەتاوی، لە ئاوایی "نستان" ی سەر بە شارۆچکەی ڕەبەت لە دایک بوو.

ناوبراو لە دەیەی چل و هاوکات لەگەڵ بزووتنەوەی چەکدارانە ساڵانی ٤٦-٤٧ وەک ئەندامی حیزب پەیوەندی بە شۆڕشگێڕانی حیزبی دێموکراتەوە گرتووە.

ناوبراو لە ساڵی ۱۳۷۱ـەوە وەک پێشمەرگەی حیزب سازمان درا و تا دوایین ساتی ژیانی وەفادار بە ڕێبازی حیزبەکەی مایەوە.

کاک مەولان لە بنەماڵەیەکی حیزبی و شۆڕشگێڕدا پەروەردە بووە، برایەکی ناوبراو بەناوی شەهید محەممەد مەولانی(نستانی) ساڵی ۱۳٥٨ لە شەڕی نەغەدە شەهید بووە و هەروەها برایەکی تری بە ناوی ئەحمەد نستانی لە شۆڕشگێڕان و پێشمەرگە دێرینە دیارەکانی حیزبی دێموکراتە.

تەرمی ناوبراو لەنێو ئاپۆڕای تێکۆشەرانی حیزبی دێموکراتدا لە شاری قەڵادزێی باشووری کوردستان بە خاک سپێردرا.

ناوەندی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، بەم بۆنەوە پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.