کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کادرێکی دێرینی حیزبی دێموکرات چووە ڕیزی کاروانی شەهیدانەوە

14:14 - 22 رەزبەر 2726

ناوەندی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بە داخ و کەسەرەوە شەهیدبوونی کادری بەوەج و تێکۆشەری مەڵبەندی ٣ی کوردستان، بە هۆی نە خۆشییەوە ڕادەگەینێ.

کاک برایم ڕەحمانی ناسراو بە برایم هەجیجی، لە ساڵی ١٣٤٣ی هەتاویدا لە بنەماڵەیەکی نیشتمانپەروەور لە ئاوایی دەرەهەجیج لە دایک بوو. لە تەمەنی چوار مانگییەوە بە هۆی قاچاخبوونی باوکی لە ڕۆژهەڵات بە هۆی ئەندامبوونی باوکی لە حیزبی دێموکرات پەڕیوەی باشووری کوردستان دەبن و لە تەوێڵە نیشتەجێ دەبن. لە ساڵی ١٣٥٢ باوکی لەلایەن ڕێژیمی عێراقەوە ڕادەستی ڕێژیمی ئێران دەکرێتەوە و بنەماڵەکەشی دەگەڕێنەوە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

سەرەتای خوێندنی لە ئاوایی تەوێڵە دەست پێکردووە و پاشان لە ڕۆژهەڵات درێژەی پێ داوە بەڵام بەداخەوە نەیتوانی قۆناغی دیپلۆم تەواو بکات.

لە ساڵی ١٣٥٨وە دەبێ بە پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و چەکی شەرەف لە شان دەکات. لە جەریانی پێشمەرگایەتیدا لە زۆربەی شەڕەکانی هەورامان، کامێران، مەریوان، و ژاوەرۆی مەریوان، سنە و چەمشاری سنەدا بەشداریی چالاکی هەبووە و لە زۆر شەڕی دیکە وەک شەڕەکانی دۆڵی دێموکرات لە سەردەشت و شەڕی جاددەی سەردەشت_ پیرانشار و شەڕی هەنگەوێ و هەروەها زۆر شەڕی دیکە بەشداریی کردووە. لە ماوەی پێشمەرگایەتیدا بەرپرسایەتیگەلی وەک سەرپەل، سەر دەستە و دوو جار فەرمانەدەری هێزی لە ئەستۆ بووە. لە ساڵی ١٣٧٣دا ئاخرین پلەی تەشکیلاتی وەرگرت کە پلەی کادری دەرەجە سێیە و لەم ماوەیەدا بەرپرسایەتی جواوجۆری لە ئەستۆ بووە. ئەندامی کۆمیتەکانی مەڵبەندی یەک، بەرپرسی ناوچە، زۆر بەرپرسایەتی کۆمەڵایەتی و خەدەماتی دیکەی لە ئەستۆ بوو و لە ماوەی پێشمەرگایەتیدا چەند جار بریندار بووە.

شایانی باسە مام تاهیری باوکی کاک برایم، پێشمەرگەی حیزب دێموکرات بوو و ئێستا کوڕێکی کاک برایم بە ناوی دەربەند ڕەحمانی کادری مەڵبەندی ٣ی کوردستانە.

حێزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و ناوەندی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بۆ لەدەستدانی کادرێکی بەوەج و دڵسۆزی خۆی، سەرەخۆشی لە هەموو کادر و پێشمەرگە و ئەندام و لاینگرانی حیزب و بەتایبەت بنەماڵەی بەڕێزی دەکات کە لەخۆبردووانە و شۆڕشگێڕانە لە ماوەی زیاتر لە چوار دەیە خەباتی کاک برایمدا پشتیوان و هاندەری بوون.

هیوای سەبووری بۆ کەسوکاری و هاوڕێیانی دەخوازین

ڕێگا و سەنگەری خەباتی پر ڕێبوار و ئاوەدان بێت

ناوەندی هێزی پێشمەرگەی کوردستان

٢٢ی ڕەزبەری ١٤٠٥هەتاوی