کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی ئەندامێکی تێکۆشەری حیزب لە مەریوان

13:40 - 23 رەزبەر 2726

ڕۆژی چوارشەممە ۲۲ی ڕەزبەری ۱٤۰٥ی هەتاوی، کاک عیسا مەحموودی، ئەندامی تێکۆشەر و دێرینی حیزبی دێموکرات و خەڵکی ئاوایی سەرهوویە سەر بە ناوچەی ژاوەرۆی مەریوان، لە تەمەنی ٧٣ ساڵیدا، لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی سنەدا بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کرد.

کاک عیسا لە ساڵی ۱۳۳۲ لە ئاوایی سەرهوویە لە ناوچەی ژاوەرۆی مەریوان لە بنەماڵەیەکی ناودار، خۆشەویست و نیشتمانپەروەر لە دایک بوو.

ناوبراو لە ساڵەکانی ٦۳ و ٦٤ هاتە ڕیزی ئەندامانی تەشکیلاتی نهێنیی حیزبی دێموکرات و دەستی بە تێکۆشان کرد و بەهۆی چالاکی و تێکۆشانی بەرچاو زۆرجار لەلایەن ڕێژیمەوە ئەزیەت و ئازار دراوە و چەندین جار لەلایەن ناوەندی سەرکوتکەری ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە بانگ و ئەشکەنجە کراوە.

ناوبراو لە سەردەمی خەباتی چەکداریی حیزبدا، چاوساغ و یارمەتیدەری هێزی پێشمەرگە و تیمە تەشکیلاتییەکانی مەڵبەندی یەک و هێزی زاگروس بووە.

کاک عیسا یەکێک لە ئەندامە دڵسۆزەکانی حیزب بوو، برایەکی بە ناوی شەهاب مەحموودی پێشمەرگەی هێزی زرێباری مەریوان بووە کە بەداخەوە لە شەڕ لەگەڵ هێزە داگیرکەرەکانی دوژمندا لە مانگی ڕێبەندانی ساڵی ٦۳ لە ناوچەی کۆماسی شەهید بووە.

تەرمی ناوبراو لە گۆڕستانی ئاوایی سەرهوویە لەناو ئاپۆڕای خەڵکی سەرهوویە و دەورووبەردا بە خاکی پیرۆزی نیشتمان سپێردرا.

ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەوە پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.