کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی دایە عیسمەت فەرەجی دایکی شەهیدێکی کوردستان لە سەقز

15:11 - 24 رەزبەر 2726

ڕۆژی هەینی ٢٤ی ڕەزبەری ١٤٠٥، دایە عیسمەت فەرەجی دایکی شەهید فەرەیدوون جەباری ناسراو بە ساڵح کۆزادی، لە شاری سەقز کۆچی دوایی کرد.

دایە عیسمەت فەرەجی کچی کاک سەعید فەرەجی یەکێک لەو شێرەژنانەی کوردستان بوو کە هەموو تەمەنی خۆی بۆ خزمەت بە نیشتمانەکەی تەرخان کرد.

تاقەکوڕی ناوبراو بەناوی فەرەیدوون جەباری ناسراو بە ساڵح کۆزادی لە سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێرانەوە پەیوەست بە ڕیزی تێکۆشەرانی دێموکرات بوو و بەو هۆیەوە کە لەسەر دەستی سالارەژنێکی وەک عیسمەت خانم بار هاتبوو، سەرباری هەموو کەندوکۆسپەکانی ڕێگای خەبات قارەمانانە خەباتی کرد و دواجار بەهۆی پیلانگێڕی و خەیانەتی چەند کەسێک لە ڕێکەوتی ٢٥ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٦٥ی هەتاوی تێکەڵ بە کاروانی سوورخەڵاتانی نیشتمان بوو.

شەهید فەرەیدوون لە کاتی شەهیدبوونی کادری دەرەجە چواری حیزب بوو و لە تەواوی ساڵانی پێشمەرگایەتیدا لەژێر ڕێنوێنی و پشتگیریییەکانی دایە عیسمەتدا درێژەی بە خەبات دا.

 دایە عیسمەت چەندین جار لەلایەن ئیتلاعات و دامودەزگا ئەمنییەکانی ڕێژیمەوە گیراوە و لە زیندان ئەشکەنجە دراوە. وەک ژنێکی چالاک چ ئەو کات کە کوڕەکەی مابوو و چ دوای ئەویش لە هەر شوێنێک هەستی بە بوونی پێشمەرگەکانی حیزب کردبێ، بە باری خواردەمەنی و دەرمانەوە خۆی دەگەیاندە لایان و پاڵپشتیی خۆی بۆ هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان دەردەبڕی.

جیا لە شەهید فەرەیدوون، کچێکی دایە عیسمەتیش بەناوی لەتیفە، ژیانی سەربەرزی پێشمەرگانەی لەژێر کاریگەری دایکی هەڵبژارد و دوای ساڵانێک زەحمەت و چالاکی سیاسی لە نێوخۆی وڵات، پەڕیوەی دەرەوەی وڵات بوو و ئێستە وەک ئەندامێکی چالاکی حیزب لە وڵاتی سوید نیشتەجێیە.

دایە عیسمەت فەرەجی لە دوایین ڕۆژەکانی تەمەنیدا سەرباری نەخۆشی و پەککەوتوویی هیچکات هیوای بە ڕێگە و ڕێبازی کوڕە شەهیدەکەی کاڵ و کەمڕەنگ نەبوویەوە و هەردەم بە ئاواتی ڕۆژی ڕزگاری و شەکانەوەی ئاڵای ئازادی ژیا کە مخابن ئەم ئاواتەی وەک زۆرێک لە خولیاکانی بردە ژێر گڵ.

ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەوە پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.