کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی مام برایم ئەسپەندار کەسایەتیی نیشتیمانپەروەر و حیزبدۆست لە سەردەشت

13:39 - 25 رەزبەر 2726

شەوی سێشەممە ١٤ی ڕەزبەری ١٤٠٥، مام برایم ئەسپەندار ناسراو بە برایمی حەمە جۆڵای خەڵکی گوندی قوڵەسوێرو لە ناوچەی سەردەشت بە هۆی نەخۆشی و بەساڵاچوون کۆچی دوایی کرد.

مام برایم لە بنەماڵەیەکی نیشتیمانپەروەر و حیزبی پەروەردە کرابوو و لەباری کەسایەتیشەوە کەسێکی هێدی و نەرم و نیان بوو و ماڵەکەیان بەردەوام شوێنێکی ئەمن بۆ تێکۆشەرانی حیزبەکەمان بوو.

ئەو بنەماڵەیە خۆشەویستی و حورمەتی زۆریان بۆ پێشمەرگە هەبوو، هەر کات پێشمەرگە ڕێگایان دەکەوتە ئەو گوندە حەتمەن سەردانی ئەو بنەماڵەیان دەکرد و ڕێزی زۆریان لێ دەگیرا.

چەند کەس لە خزمانی نزیکی مام برایم لە ڕیزی تێکۆشەرانی حیزبەکەمان دابوون.

برایەکی فیداکار و دڵسۆزی مام برایم بە ناوی فەقێ هەمزە کە ئەندامێکی چالاکی حیزب بوو لە ساڵی ١٣٦٦ی هەتاوی بە پیلانی داڕێژراوی دەزگا ئەمنیەتییەکانی ڕێژیم لە شاری سەردەشت ماشینەکەی بۆمبڕێژ کرا و و بەداخەوە شەهید بوو.

برایەکی دیکەی مام برایم بەناوی خەلیل ئەسپەندار کە کادرێکی دڵسۆز و فیداکار بوو لە مەئمووریەتێکی حیزبی لە هاوینی ١٣٦٨کەوتە مەیدانی مینی دوژمن و لاقێکی لەدەست دا و ئیستا لە ولاتی بریتانیا ئەندامێکی چالاکی حیزبە.  

دوو لە کچەکانی مام برایم بە ناوەکانی خاتوو ئایشە و ئامینە ئەندامی حیزبی دێموکراتن.

ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەوە پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.