ڕۆژی یەکشەممە ٢٦ی ڕەبەزی ١٤٠٥ی هەتاوی، مام سەید عەزیز پاویر خەڵکی ئاوایی "سێ کانی"ی ناوچەی دەشتەبێڵی شنۆ و کەسایەتیی نیشتمانپەروەر و خۆشەویستی خەڵکی ناوچەکانی شنۆ و دەشتەبێڵ و مەرگەوەڕ، لە تەمەنی ٧٣ ساڵیدا و بەهۆی جەڵتەی مێشکەوە کۆچی دوایی کرد.
مام سەید عەزیز لە سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێرانەوە، لە هێزی بەرگریی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێراندا، ئەرکی نیشتمانی و نەتەوەیی وەئەستۆ گرت و ماڵەکەی پێگەی حیزب و پێشمەرگەکان بووە و خۆی و بنەماڵەکەی خزمەتێکی شایانیان بە حیزب و هێزی پێشمەرگە کردووە.
ناوبراو ساڵی ١٣٦٠ تا ساڵی ١٣٦١ی هەتاوی، بەهۆی نیشتمانپەروەری و دڵسۆزیی نەتەوەییەوە و ئەو خزمەتەکانی بە دۆزی ڕەوای گەلەکەی کردووە، وێڕای چەند کەسێکی دیکە دەسبەسەر و ڕەوانەی زیندانی تاران کراون.
سەرەڕای گوشارەکانی ئیدارەی بەدناوی ئیتلاعات و سپای پاسداران بۆ سەر خۆی و بنەماڵەکەی، مام عەزیز هیچکات وازی لە نیشتمانپەروەری و خۆشەویستیی حیزبی دێموکرات نەهێنا.
تەرمی ناوبراو لەنێو ئاپۆرای خەڵکی شاری شنۆ و ناوچەی دەشتەبێڵ و ناوچەی مەرگەوەڕی ورمێدا بە خاکی پیرۆزی کوردستان سپێردرا.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەوە پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خۆی دەزانێت.