کانوونی نووسەرانی ئێران لە ڕاپۆرتێکدا بە ئاماژەدان بە توندبوونەوەی سەرکوت، سانسۆر و قەیرانە ئابوورییەکان، لەمەڕ دۆخی نیگەرانكەری نووسەران و وەرگێڕان لە ئێران هۆشداریی دا. بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، توندوتیژییەکانی وەزارەتی ئیرشاد و هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتی هەندێک بەرهەم، لەوانە ڕۆمان و کۆمەڵەشێعر، شەپۆلێکی خۆسانسۆری لەنێو بڵاوکەرەوەکان و بەرهەمهێنەراندا دروست کردووە.
بەپێی ئەو ڕاگەیەندراوەی کانوونی نووسەرانی ئێران، سانسۆر و سنووردارکردنەکان تەنیا تایبەت بە کتێب نەبووە، بەڵکوو سینەماکارانیشی گرتووەتەوە.
بەپێی ئەو ڕاگەیەندراوە، قەیرانە ئابوورییەکانی بەهۆی گرانبوونی کاغەز، لابردنی پاڵپشتییەکان و لێکەوتەکانی شەڕ، پیشەسازیی چاپ و بڵاوکردنەوەشی پەک خستووە.
بەپێی زانیارییەکانی ئەو کانوونە، تیراژی کتێبەکان کە جاران دوو هەزار بەرگ بووە، لە هەندێک حاڵەتدا بۆ ١٠٠ تا ٢٠٠ بەرگ دابەزیوە و هەندێک لە بڵاوکەرەوەکان پەنایان بۆ چاپکردنی یەک بەرگەیی بردووە.
بەرزبوونەوەی سەرسووڕهێنەری نرخی کتێب و کەمبوونەوەی توانای کڕینی خەڵک، دەستپێڕاگەیشتی گشتیی بە بەرهەمە ئەدەبییەکان قورستر کردووە.
هەروەها ئەم ڕاپۆرتە باسی لە پێشێلکردنی مافە پیشەییەکانی نووسەران کردووە و ڕایگەیاندووە کە هەندێک لە بڵاوکەرەوەکان تێچووی چاپ بەسەر نووسەران و وەرگێڕاندا دەسەپێنن یان بە گرێبەستی نادادپەروەرانە، مافێکی کەم بە نووسەران دەدەن.
کانوونی نووسەرانی ئێران بە جەختکردن لەسەر ئەوەی کە قەیرانی ئێستا ئەنجامی تێکەڵەیەک لە سانسۆری پێکهاتەیی و گوشارە ئابوورییەکانە، هۆشداریی توندی دا کە ئەم دۆخە، ژیانی ئەدەبی سەربەخۆی خستووەتە مەترسییەوە و نەهێشتنی سانسۆر و گەرەنتیی ئازادیی بڵاوکردنەوەی وەک پێویستییەکی هەنووکەیی زانیوە.