کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی ئەندامێکی دێرینی نهێنیی حیزبی دێموکرات لە شنۆ

15:57 - 2 خەزەڵوەر 2726

ڕۆژی چوارشەممە ۲۲ـی ڕەزبەری ۱٤۰٥ـی هەتاوی، هاوڕێی تێکۆشەری دێرین و زیندانیی سیاسی کاک "ئیسماعیل بادبەدەست "بەهۆی نەخۆشییەوە، لە شاری شنۆ کۆچی دوایی کرد.

کاک سمایل هەر لە سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێرانەوە پەیوەست بە ڕیزەکانی حیزبی دێموکرات بووە و زۆر چالاکانە بەشداریی لە خەباتی ڕزگاریخوازانەی گەل و نیشتمانەی کردووە و لەو سەردەمەدا، بە چەکی خۆیەوە ماوەیەک لە هێزی بەرگریشدا بەشدارییەکی چالاکانەی هەبووە.

دوای ئەوەی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان داگیر کرایەوە، ناوبراو وەک ئەندامی تەشکیلاتی نهێنی مایەوە و درێژەی بەکار و چالاکیی خۆی دا کە بەو هۆیەوە ساڵی ۱۳٦۳ لەلایەن ڕێژیمەوە بە تاوانی هاوکاریی حیزبی دێموکرات دەسبەسەر دەکرێت و ڕەوانەی سیاچاڵەکانی ڕێژیم دەکرێت بۆ ماوەی دوو ساڵی زیندانی دەکرێت.

ناوبراو دوای ئازادبوونیشی لەگەڵ هاوڕێیانی کادری تەشکیلاتیی شاری شنۆ پێوەندی هەر مابوو و هەتا کاتی کۆچی دواییەکەی وەفادار بە ڕێگا و ڕێبازی حیزبەکەی مایەوە.

شایانی باسە کوڕێکی ناوبراو بە ناوی موراد بادبەدەست ئیستا لە دەرەوەی وڵات ئەندامی تەشکیلاتی ئاشکرای حیزبە.

تەرمی ناوبراو لەنێو ئاپۆڕای خەڵکی شاری شنۆ و هاوڕێیانیدا بە خاکی پیرۆزی کوردستان سپێردرا.

ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەم بۆنەوە پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی  بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.