کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی کەسایەتییەکی ئایینی و نیشتمانپەروەر لە نەغەدە

12:40 - 4 خەزەڵوەر 2726

ڕۆژی یەکشەممەی ٢٧ی ڕەزبەری ١٤٠٥ی هەتاوی، مامۆستا غەفوور شایی، کەسایەتیی ئایینی و نیشتمانپەروەری خەڵکی ئاوایی "ئادێ" سەر بە ناوچەی سندووسی نەغەدە، دوای تەمەنێک خزمەتکردن بە خەڵک و بەشداری لە دۆزی ڕەوای نەتەوەکەی، بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کرد.

مەلا غەفوور لەنێو خەڵکدا بە پیاوچاکی و هەستە مرۆییەکانی ناسرابوو.

ناوبراو لە ژیانی خۆیدا هەمیشە وەک ڕاوێژکار و چارەسەرکاری کێشە کۆمەڵایەتی و ئایینییەکان دەردەکەوت و لەناو جەماوەردا جێگەی ڕێز و متمانەی تایبەت بوو، خێرخوازی و دڵسۆزی بۆ چینە هەژار و لێقەوماوەکان، لەو تایبەتمەندییانە بوون کە ناوبراوی پێ دەناسرایەوە.

هەروەها لە ڕووی نیشتمانپەروەرییەوە، مەلا غەفوور خاوەن هەڵوێستێکی ڕوون بوو، لە سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێراندا، وێڕای ئەرکە ئایینییەکانی، وەک ئەندامێکی هێزی بەرگری و کۆمیتەی ناوچەی سندووس، خزمەتی بە خەباتی نەتەوەیی کرد.

 ئەم ڕۆحە نیشتمانپەروەرییە تەنیا لە کەسایەتیی خۆیدا نەماوەتەوە، بەڵکوو لە بنەماڵەکەیشیدا ڕەنگی داوەتەوە؛ بە جۆرێک کە نەوەی ناوبراو، سارینا خزری، ئێستا درێژەپێدەری ئەو ڕێبازەیە و لە ڕیزی هێزی پێشمەرگەی کوردستاندا خزمەت بە گەل و نیشتمان دەکات.

مەلا غەفوور تا دوایین هەناسەکانی، وەفادار بە ڕێباز و ڕێگا پیرۆزەکەی مایەوە.

تەرمی ناوبراو لەنێو  ئاپۆڕای خەڵکی ناوچەکەدا و بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی سندووس، لە گۆڕستانی شاری نەغەدە بە خاکی پیرۆزی کوردستان سپێردرا.

ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەم بۆنەوە، پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.