ڕۆژی سێشەممە ٥ی خەزەڵوەری ١٤٠٥، کاک ئەبووبەکر ئەحمەدی، ئەندام و تێکۆشەری دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە نۆروێژ ماڵاوایی لە ژیان کرد .
کاک ئەبووبەکر ڕۆژی ٤ی جۆزەردانی ١٣٣٧، لە گوندی دەڵاوانی سەر بە شاری پیرانشار، لە بنەماڵەیەکی نیشتمانپەروەر لەدایک بوو. دوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران و ئاشکرابوونی تێکۆشانی حیزبی دێموکرات، پێوەندیی بە ڕێکخراوەکانی حیزبەوە گرت و دواتر چووە ناو ڕیزەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان.
ناوبراو لە چالاکییە پێشمەرگانەکاندا بە ئازایەتی، دڵسۆزی و فیداکاری ناسرابوو و چەندین جار لە شەڕەکاندا بریندار بوو.
لە کاری تەشکیلاتیشدا، بە پابەندبوون بە ئەرکەکانی و هەستی بەرپرسیارێتی، نموونەی تێکۆشەرێکی دڵسۆز و خۆبەخش بوو.
کاک ئەبووبەکر دواتر ڕووی لە دەرەوەی وڵات کرد و لە نۆروێژ گیرسایەوە، بەڵام دووری لە نیشتمان کۆتایی بە تێکۆشانی نەهێنا. بۆیە شانبەشانی بنەماڵەکەی، ماڵ و تواناکانی خۆی بۆ پێشبردنی کاری حیزبی و یارمەتیدانی خەڵکی ئاوارە تەرخان کردبوو و ماڵەکەی ببـووە پێگەی کار و مەکۆی کۆبوونەوەکانی حیزب.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و کەسوکار و هەروەها هاوڕێیانو هاوسەنگەرانی ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.