کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی پێشمەرگەیەکی پێشووی حیزب لە شاری پاوە

12:51 - 14 خەزەڵوەر 2726

ڕۆژی سێشەممە ١٢ی خەزەڵوەری ١٤٠٥ی هەتاوی، کاک عەلی مەولوودی، کەسایەتیی خۆشناوی ناوچەی پاوە و پێشمەرگەی پێشووی حیزب لە تەمەنی ٨٠ ساڵیدا بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کرد.

کاک عەلی ساڵی ١٣٢٦ی هەتاوی لە ئاوایی "نۆریاو" لە نزیک شاری پاوە لەدایک بووە و بە دەستپێکردنی شۆڕشی گەلانی ئێران و خەباتی ئاشکرای حیزبی دێموکرات، لە ساڵی ١٣٥٨ پەیوەندیی بە ڕیزەکانی هێزی پێشمەرگەی كوردستانەوە کردووە و لە هێزی شاهۆ سازمان دراوە.

کاک عەلی لەنێوان ساڵەکانی ١٣٥٨ تا ١٣٦٣ بەوپەڕی دڵسۆزییەوە کار و ئەرکەکانی وەکوو پێشمەرگەی دڵسۆز ڕاپەڕاندووە و دواتر بە هۆی هەندێک گیروگرفتی تایبەتیی خۆیەوە  لەسەر داوای خۆی و بە ڕەزامەندیی حیزب گەڕاوەتەوە بۆ ناوخۆی کوردستان و هەر لە ئاوایی نۆریاو نیشتەجێ بووە و خەریکی ژیانی ئاسایی خۆی بووە.

ناوبراو بە چوونەوەی بۆ نێوخۆ لە هەستی کوردایەتیی خۆی سارد نەبوویەوە و هەتا دواساتەکانی ژیانی وەکوو لایەنگرێکی بەوەفای گەل و حیزبەکەی مایەوە.

تەرمی ناوبراو لە ناو ئاپۆڕای خەڵکی ناوچەکەدا و لە زێدی خۆی بە خاکی پیرۆزی کوردستان سپێردرا.

ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەم بۆنەوە پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.