ڕۆژی چوارشەممە ١٣ی خەزەڵوەری ١٤٠٥ی هەتاوی، کاک "عەلی قوربانی" پێشمەرگەی پێشووی حیزبی دێموکرات و خەڵکی ئاوایی شەکراوێی ناوچەی نەڵێنی پیرانشار، لە تەمەنی ٧٩ ساڵیدا، بەهۆی نەخۆشی شێرپەنجەوە کۆچی دوایی کرد.
ناوبراو لە سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێراندا و لە ساڵی ٥٧وە چەکی بەرگریکردن لە شەرافەت و ئازادیی کوردستان کردە شان و لە هێزی ئاوارەدا سازمان درا و هەتا ساڵی ٦٢ پێشمەرگە بووە.
لە ماوەی ژیانی پێشمەرگایەتیدا، بە تایبەتی ئەو کاتەی کە ڕێژیمی تاران هێرشی بۆ سەر کوردستان دەست پێکرد و پەلاماری ناوچەکانی پیرانشاری دا، کاک عەلی وەک پێشمەرگەیەکی بوێر و خۆڕاگر، لە زۆربەی شەڕەکاندا، لەوانە شەڕی پشتی هەنگەوێ و بازرگان، قارەمانەتییەکی زۆری نواندووە.
دواتر، بەهۆی هەندێک لە گیروگرفتەکانی ژیان و بەرپرسیارییەتیی بنەماڵەییەوە، گەڕایەوە سەر ژیانی ئاسایی، بەڵام هەرگیز پشتی لە ئامانجە بەرزەکانی حیزبی دێموکرات نەکرد.
ناوبراو کەسایەتییەکی خۆشناو و خۆشەویستی ناوچەی نەڵێن بووە و بەهۆی ساڵانێک ژیانی پێشمەرگایەتی و خەباتەوە، خەڵکی ناوچەکە ڕێزێکی زۆریان لێگرتووە.
شایانی باسە ناوبراو دەیان جار لەلایەن هێزە ئیتلاعاتیەکانی ڕێژیمەوە گیراوە و ئەزیەت و ئازار دراوە، بەڵام ئازاردان و بەندیخانە نەیتوانی شوێندانەریی لەسەر ئیرادەی کوردانەی دابنێت.
ناوەندنی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەوە پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.