کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی پێشـمەرگەیەکی پێشووی حیزب لە مەهاباد

13:11 - 14 خەزەڵوەر 2726

ڕۆژی ١٢ی خەزەڵوەری  ١٤٠٥ی هەتاوی، کاک محەممەد خوسرەو ئەنجووم، ناسراو بە "پیرەهەڵۆ"، پێشمەرگەی پێشووی حیزبی دێموکرات، خەڵکی مەهاباد و دانیشتووی شاری بۆکان، بەهۆی پیری و بەساڵاچووییەوە کۆچی دوایی کرد.

ناوبراو کەسێکی کوردپەروەر، تا سەر ئێسقان حیزبی و دڵسۆز بوو کە هەمووی  تەمەنی خۆی بە پشتیوانی و پاڵپشتیکردنی ئامانجەکانی نەتەوەکەی بەسەر برد.

 هەر بەو هۆیەشەوە چەندین جار لەلایەن ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر و زیندانی کرا، بەڵام زیندانیکردن نەیتوانی هۆکار بێت کە پێوەندیی بە حیزب و بیروباوەڕەکەی کەم بکاتەوە و لە هەمان کاتدا هەمیشە لەسەر وەیدیهاتنی ماف و ئامانجەکانی نەتەوەی کورد سوورتر و پێداگرتر بوو.

هەروەها کاک محەممەد برای شەهید ئەحمەد خوسرەو ئەنجووم ناسراو بە "ئەحمەد ڕەش"ـە،  کە لە ساڵانی سەرەتای شۆڕشی ئێراندا شەهید بوو.

ناوی کاک محەممەد وەبیرهێنانەوەی کەسایەتییەکی دڵسۆز و ئەمەگناسە کە ئازارەکانی لە زیندان و سەختییەکانی ژیان نەیانتوانی خۆشەویستی بۆ نیشتمان و میللەتەکەی کەم بکاتەوە.

ناوەندنی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەوە پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.