کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاڵمان؛ گردبوونەوەیەک بۆ یادی ڕاپەرینی خەزەڵوەری ساڵی ٩٨ بەڕێوە چوو

10:56 - 1 سەرماوەز 2721

ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ٢٨ی خەزەڵوەر، لە شاری هامبورگی ئاڵمان گردبوونەوەیەک بۆ یادی ڕاپەرینەکانی خەزەڵوەری ١٣٩٨ی هەتاوی لە کوردستان و ئێران، لەلایەن کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە ناوچەی هامبورگ و ناوەندی چالاکانی ڕێگای ئازادیی ئێران بەڕێوە چوو.

لە خۆپیشاندانەکەدا پەیامی کۆمیتەی حیزب لەلایەن ''هوشیار ئەحمەدی'' خوێندرایەوە.

 لە پەیامەکەدا بە ڕێزەوە یادی قوربانییانی ڕاپەرینەکانی ساڵی ٩٨ کرایەوە کە بەدەستی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژێمی ئیسلامیی ئێران درانە بەر دەستڕێژی ڕاستەوخۆ و بە هەزاران کەس شەهید و بریندار کران.

لە ڕەوتی خۆپیشاندانەکانی ٩٨ سەدان کەس بە دەستی هێزەکانی ڕێژیمی ئێران کوژران و هەزاران کەسیش دەسبەسەر و ئەشکەنجە کران، هەتا ئێستا بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران ئامارێکی ڕاستیان لەوبارەوە باس نەکردووە، بەڵام ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان هەتا ئێستا ٣٢٤ کەسی لە کوژراوانی خۆپیشاندانەکانی ٩٨ پشڕاست کردووەتەوە، هەروەها هەواڵدەریی ڕۆیتێرز لە ڕاپۆرتێکدا وتبووی کە لانیکەم هەزار و ٥٠٠ کەس کوژراون.