کوردستان میدیا

هەینی 22ی خاکەلێوه 2720
ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

به‌رژەوه‌ندی و باوه‌ڕ

13:24 - 23 بەفرانبار 2719

که‌ریم په‌رویزی

ڕۆژی ٧ی ژانویه‌ی ساڵی ٢٠٢٠، چه‌ند ڕۆژ دوای کوژرانی تێرۆریست "قاسم سلێمانی" له‌لایه‌ن هێزه‌کانی ئامریکاوه‌، هه‌موو جیهان چاوه‌ڕوانی هه‌ڵکشانی گرژییه‌کانی نێوان ئامریکا و کۆماری ئیسلامی بوون، به‌ڵام ئاژانسی "بلوومبێرگ" بۆمبی هه‌واڵی ته‌قانده‌وه‌!

هه‌واڵه‌که‌ بریتی بوو له‌وه‌ی که‌ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئامریکا له‌ بڕیارنامه‌یه‌کدا هه‌موو دیپلۆماته‌کانی وڵاته‌کی ئاگادار کردووه‌ته‌وه‌ که‌ نابێ له‌گه‌ڵ گرووپه‌ ئۆپۆزیسیۆنه‌کانی ئێران دابنیشن و پێوه‌ندییان پێوه‌ بگرن.

که‌ به‌دواداچوون بۆ هه‌واڵ و ڕاپۆرته‌که‌ ده‌که‌یت، ڕاپۆرته‌که‌ی بلوومبێرگ که‌ ڕاپۆرتنێریان "نیکۆلاس وادماش"، له‌ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئامریکا ئاماده‌ی کردووه‌ ده‌یڵێت که‌ نامه‌یه‌کی ڕه‌سمی بۆ هه‌موو بنکه‌ دیپلۆماتیکه‌کانی ئامریکا نێردراوه‌ که‌ له‌وێدا ده‌ڵێت که‌ نابێ بێ ئاگاداری له‌گه‌ڵ چه‌ند گرووپێکی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران دابنیشن و پێوه‌ندییان له‌گه‌ڵیان هه‌بێت، مه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی که‌ ئه‌و چاوپێکه‌وتن و پێوه‌ندییه‌ له‌ ئاراسته‌ی یارمه‌تیدان به‌ سیاسه‌تی ئامریکا بۆ گۆڕینی کرده‌وه‌ی تێکده‌رانه‌ی کۆماری ئیسلامی بێت.

به‌ واتایه‌کی دیکه‌، ئه‌و دانیشتنانه‌ نابێ ئه‌و په‌یامه‌ به‌ کۆماری ئیسلامی بدات که‌ خه‌ریکی دانیشتن و پێوه‌ندیگرتن بۆ گۆڕینی ڕێژیمن، به‌ڵکوو ده‌بێ یارمه‌تیده‌ر بۆ سیاسه‌تی گۆڕینی کرداری ڕێژیم بێت.

له‌ درێژه‌ی ڕاپۆرته‌که‌شدا دوای چه‌ند ئاماژه‌یه‌کی بۆ هه‌ندێک ڕابردووی ئه‌و جۆره‌ دانیشتنانه‌ و قازانج وه‌رگرتنی هه‌ندێک له‌و لایه‌نانه‌، ڕاپۆرتنێره‌که‌  له‌ زمانی "کرسیتیەن ویتۆن"، ئه‌ندامی پایه‌به‌رزی ناوه‌ندی به‌رژوه‌ندییه‌ نه‌تەوه‌ییه‌کانی ئامریکا و ڕاوێژکاری پێشووی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌، ده‌ڵێت: "دوژمنی دوژمنی دوژمنه‌که‌م، دۆستمه،‌ لانیکه‌م له‌و کاته‌دا که‌ به‌رژەوه‌ندییه‌کی هاوبه‌شمان هه‌بێت".

له‌م ڕاپۆرته‌ی بلوومبێرگدا ده‌ڵێت، ئه‌و گرووپانه‌ی که‌ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئامریکا باسیانی کردووه‌، ڕێکخراوی موجاهیدینی خه‌ڵق و ٥ گرووپی دیکه‌ن و ته‌نیا ئاماژه‌ به‌ دوو گرووپیان ده‌کات، بزووتنه‌وه‌ی خه‌باتکارانه‌ بۆ ئازادیی ئه‌حواز و حیزبی کۆمه‌ڵه‌ی کوردستانی ئێران.

به‌ڵام "نیکۆلاس"، ڕاپۆرتنێره‌که‌ی بلوومبێرگ له‌ تویتێری خۆیدا باسی هه‌ر شه‌ش ڕێکخراوه‌که‌ ده‌کات و ده‌ڵێت، ئه‌م ناوانه‌ له‌ نامه‌که‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی‌ ئامریکادا هاتوون: "ڕێکخراوی موجاهیدنی خه‌ڵق، شوورای گوزاری ئێران، بزووتنه‌وه‌ی خه‌باتکارانه‌ بۆ ئازادیی ئه‌حواز، بزووتنه‌وه‌ی ئازادیی نه‌ته‌ویی ئازه‌ربایجانی جنووبی، حیزبی کۆمه‌ڵه‌ی کوردستانی ئێران، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران".

له‌ وه‌ها دۆخێکدا که‌ جیهان چاوه‌ڕوانی گرژیی زیاتر له‌ ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست بوو و هه‌رده‌م خامنه‌یی و به‌رپرسانی سپای پاسداران و به‌رپرسانی ڕێژیمی تاران هه‌ڕه‌شه‌ی تۆڵه‌ئه‌ستاندنه‌وه‌ی به‌زه‌بر و توندیان ده‌کرده‌وه‌، بڵاوبوونه‌وه‌ی وه‌ها هه‌واڵێک، جێگای سه‌رسووڕمان بوو که‌ بۆچی له‌م کاته‌دا ئامریکا و وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ وه‌ها بڕیارێکیان داوه‌؟ ئایا ئه‌م بڕیاره‌ هی پێشووتره‌ و تازه‌ درزی کردووه‌ یان به‌ تازه‌یی سیاسەتێکی دیکه‌ گیراوه‌ته‌ به‌ر.

ئەوه‌ی جێگای سەرنجدان و لێوردبوونه‌وه‌یه،‌ بریتییه‌ له‌ چه‌ند شتێک:

ئه‌وه‌ی که‌ ئه‌م نامه‌یه‌ هی سیاسه‌تێکی پێشووتر بێت یان تازه‌، دیار نییه‌، به‌ڵام بڵاوکردنه‌وه‌ی له‌م کاته‌دا ئه‌وه‌ نیشان ده‌دات که‌ ئه‌مه‌ چرا سه‌وزێکه‌ بۆ کۆماری ئیسلامی.

به‌و مانایه‌ که‌ ئه‌م نامه‌یه‌ به‌ کۆماری ئیسلامی ده‌ڵێت، گه‌ر کرده‌وه‌کانت بگۆڕیت و ئاماده‌ بیت بێیته‌ سه‌ر مێزی وتووێژ و ده‌ست له‌ سیاسەته‌‌ تێکده‌رانه‌کانت هه‌ڵ بگریت، ئه‌وا ئۆپۆزیسیۆنی ڕووخێنەرت بۆ په‌راوێز ده‌خه‌ین و پێوه‌ندییان له‌گه‌ڵ ناگرین. دڵنیا ده‌بیته‌وه‌ که‌ ئیدی کارمان به‌ مانه‌وه‌ی ڕێژیمه‌که‌ت نییه‌ و ده‌توانیت درێژه‌ به‌ حکوومه‌ته‌که‌ت بده‌یت، به‌ڵام سیاسته‌کانت بگۆڕیت، ئێمه‌ش پشتیوانی له‌و ڕێکخراوانە ده‌که‌ین که‌ له‌ چوارچێوه‌ی مانه‌وه‌ی ڕێژیمدا هه‌وڵی گۆڕینی سیاستی‌ نێوخۆیی ده‌ده‌ن.

ئه‌م چرا سه‌وزه‌ و ئەم په‌یامه‌ له‌ ڕاستیدا، هه‌م ئیمتیازدانه‌ به‌ کۆماری ئیسلامی و دڵنیاکردنه‌وه‌ی مانه‌وه‌ی ڕێژیمه‌که‌ی و هه‌م ئاماژه‌یە‌کی مه‌ترسیداره‌ که‌ ده‌وڵه‌تان ئامادهن‌ خه‌باتی خه‌ڵک بکه‌نه‌ ده‌ستما‌یەی‌ ساتوسه‌ودای نێوانیان و زۆر به‌ئاسانی کڕین و فرۆشتن به‌ ویست و خه‌بات و خوێنی خه‌ڵکه‌وه‌ بکه‌ن.

ئه‌م جۆره‌ سیاسته‌ له‌ سه‌ده‌کانی ڕابردوو و ده‌یه‌کانی ڕابردوودا کراوه‌ و ته‌نیا بێزاریی زیاتری له‌ وڵاتان دژ به‌ ساتوسه‌وداکه‌رانی لێکه‌وتووەته‌وه‌، هه‌ر وه‌کوو چۆن ئێستا خه‌ڵکی ئێران به‌ خراپی باسی "ئۆباما" ده‌که‌ن و به‌ پشتیوانی خامنه‌یی، ناوی ده‌به‌ن.

پرسێکی گرنگی دیکه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ خه‌باتی نه‌ته‌وه‌کانی ئێران و به‌تایبه‌ت نه‌ته‌وه‌ی کورد، گرێدراوی پاڵپشتی یان تەئیدی ئامریکا و ده‌وڵەتی ئامریکا نییه‌، تاکوو به‌ نامه‌یه‌کی ئه‌وان ئه‌و خه‌باته‌ کز ببێته‌وه‌. به‌ڵکوو ڕێک له‌و کاتانه‌شدا که‌ ده‌وڵەتی ئامریکا له‌گه‌ڵ ده‌وڵەتی تاران دۆست و هاوپه‌یمان بوون، خه‌باتی نه‌ته‌وه‌ی کورد بۆ گه‌یشتن به‌ مافه‌کانی هه‌بووه ‌و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دژی ڕێژیمی پاشایه‌تیش شه‌ڕی کردووه‌ که‌ ئه‌و کات مۆره‌ی نیزامیی ئامریکا له‌ ناوچه‌کە بوو. به‌ڵام هه‌موو کات نه‌ته‌وه‌کانی ئێران و نه‌تەوه‌ی کوردیش و ڕێکخراوه‌ خه‌باتکاره‌کانی هه‌وڵیان داوه‌ که‌ له‌ دونیای ده‌رەوه‌وه‌ به‌ وڵاتان بڵێن که‌ لە ئێراندا سته‌مێکی ئه‌ساسی دژ به‌ خه‌ڵک به‌ڕێوه‌ ده‌چێت و ئێوە هه‌م به‌رپرسیاریه‌تیتان هه‌یه‌ و هه‌موو پاڵپشتیتان له‌ ده‌سه‌ڵاتی سته‌مکاری ئێران ده‌تانکاته‌ پشتیوانی سته‌م.

لایه‌نێکی دیکه‌ی ئه‌و په‌یامه‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئامریکا ئه‌وه‌یه‌ که‌ هه‌ڕه‌شه‌یه‌ بۆ سه‌ر کۆماری ئیسلامی.

چه‌ندین ده‌یه‌یه‌ که‌ کۆماری ئیسلامی بە ئاسانی سه‌رکوت ده‌کات و ئاژاوه‌گێڕی ده‌کات و هه‌موو هێز و ڕێکخراوه‌ خه‌باتکاره‌کانی نێو ئێرانی خستووەته‌ ژێر دڕندانه‌ترین سرکوت و ئه‌شکه‌نجه‌وه‌، چوونکه‌ خۆی له‌ هه‌موو که‌س زیاتر ده‌زانێت که‌ نه‌بوونی ئاڵترناتیڤێکی جیددی بۆ ڕێژیمه‌که‌ی له‌ مه‌ترسیی دوور خستووەته‌وه‌ و هه‌ر بۆیه‌ زۆر ئاسان به‌ به‌رچاوی هه‌موو دونیاوه‌ تاوان ده‌خولقێنێت.

به‌ڵام گه‌ر ئاڵترناتیڤێکی جیددی به‌ پشتیوانیی جیهانی ئازاد هه‌بێت، ڕێژمی خامنه‌یی به‌رگه‌ی چه‌ند خۆپیشاندان ناگرێت و هه‌ره‌س دێنێت.

ئه‌م په‌یامه‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئامریکا، له‌گه‌ڵ چرا سه‌وزی بۆ کۆماری ئیسلامی بۆ دانوستان و ساتوسه‌ودا، ئه‌و هه‌ڕەشەشی تێدایه‌ که‌ گه‌ر ئاماده‌ی دانوستان نه‌بیت، ئه‌وه‌ چه‌ند ڕێکخراوی فارس و کورد و تورک و عه‌ره‌ب هه‌یه‌ که‌ ده‌توانین وه‌کوو ئاڵترناتیڤێک بیانبینیت و به‌ پێکهاتنی هاوئاهه‌نگی له‌ نێوانیاندا و پشتیوانیی جیهانی لێییان، ده‌بنه‌ جێگره‌وه‌ی ڕێژیمه‌که‌ت.

هه‌ر وه‌کوو "کریستیەن ویتۆن" له‌و ڕاپۆرته‌دا وتوویه‌، کورد و نه‌ته‌وه‌کانی ئێرانیش ده‌زانن که‌ سیاسه‌ت له‌ ئاستی جیهانیدا له‌سه‌ر ئه‌ساسی به‌رژه‌وه‌ندیی وڵاتان به‌ڕێوه‌ ده‌چێت و ئیداره‌ ده‌کرێت. به‌رژه‌وه‌ندیی هاوبه‌ش هاوئاهه‌نگیی لێ ده‌که‌وێته‌وه‌ و دوژمنی هاوبه‌ش لانیکه‌م ڕوانگه‌ی تاکتیک لێک نزیک ده‌کاته‌وه‌، به‌ڵام هه‌موو به‌رژه‌وه‌ندیه‌که‌ ته‌نیا ئه‌وه‌ نییه‌ که‌ له‌ هه‌ڵبژاردنێکه‌وه‌ تا هه‌ڵبژاردنێکی دیکه‌ بێت، به‌ڵکوو کاتێک ڕێژیمێک له‌ کۆتاییه‌کانی نزیک بووەته‌وه‌ و ئیدی هیچ پێگه‌یه‌کی خه‌ڵکیی نه‌ماوه‌، سازان له‌گه‌ڵ ئه‌م ڕێژیمه‌ مه‌رجبه‌ندی له‌سه‌ر ئه‌سپی تۆپیوه‌. هه‌موو جیهانیش ته‌نیا به‌رژوه‌ندییه‌کی کاتی نییه‌، چوونکه‌ هه‌ر کێشه‌یه‌کی بچووک له‌ گۆشه‌یه‌کی ئه‌م دونیایه‌، به‌تایبه‌ت له‌ ناوچه‌یه‌کی هه‌ستیار وه‌کوو ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست له‌ هه‌موو جیهان کاریگه‌ری داده‌نێت.

ئه‌م‌ ڕێژیمه‌ توانای گۆڕانی له‌ سیاست و کرداریدا نییه و هه‌ر شلکردنه‌وه‌یه‌کی کرداره‌کانی به‌ره‌و نه‌مانی زووتری ده‌بات. نه‌ته‌وه‌کانی ئێران ڕێگای خۆیان ده‌پێون و کۆتاییش به‌م ڕێژیمه‌ دێنن، سیاسه‌توانانی جیهان و ئامریکاش ده‌زانن که‌ براوه‌ی شه‌ڕی نێوان خه‌ڵک و ڕێژیم کێیه‌ و ده‌بێ خۆیان بۆ ئاڵترناتیڤی دوای ڕێژیم ئاماده‌ بکه‌ن‌.