كه‌ریم په‌رویزی
له‌م ڕۆژانه‌دا ده‌سه‌ڵاتی پڕ له داد و خۆشبژێوی و خێر و به‌ره‌كەت له ئێرانی وێراندا، ڕایگه‌یاند كه چیدی یارمه‌تیی حكوومه‌تی بۆ ئارد و نان نامێنێ و نرخی ئارد و نان له بازاڕدا ئازاد ده‌بێ.
ئه‌م بڕیاره‌ی ڕێژیم له یه‌ك شه‌ودا نرخی ئارد و نان و شیرینی و كه‌یك و ماكارۆنی و به‌كورتی هه‌رچی پێوه‌ندیی به ئارده‌وه هه‌بێ سێ به‌رابه‌ره‌وه كرده‌وه و ئه‌و كه‌سه‌ی ڕۆژی دووشه‌مه بۆ خواردنی ژه‌مێك ماكارۆنی گه‌ر بیست هه‌زار تمه‌نی خه‌رج ده‌بوو، ڕۆژی سێشه‌ممه ده‌بوو شه‌ست هه‌زار تمه‌ن خه‌رج بكا! یانی له ماوه‌ی كه‌متر له ٢٤ كاتژمێردا نرخی نانخواردن ٣٠٠ له سه‌د گران بوو!
حه‌وتوویه‌ك پێشتر له سنووری نه‌وسوود له كوردستان، هێزه سه‌ركوتكه‌ره‌كانی ڕێژیمی جه‌مارانی كۆلۆنیالیست، ده‌سڕێژی هه‌ڕه‌مه‌كییان كرده نێو گرووپێك كۆڵبه‌ردا و چه‌ندین كه‌سیان لێ كوشتن و بریندار كردن و ده‌یان بنه‌ماڵه‌یان داخدار كرد؛ بنه‌ماڵه‌گه‌لێك كه تا ئه‌و ڕۆژه بۆ ژه‌مێك ماكارۆنی پاره‌ی بیست هه‌زار تمه‌نه‌كه‌شیان نه‌بوو، حه‌وتووی دواتر كاتێك ماكارۆنی و نان ٣٠٠ % گران بووه، نانهێنه‌ری ماڵه‌كه‌شیان نه‌ماوه تا به‌شی یه‌ك له‌سێی ژه‌مه‌كه‌یان بۆ په‌یدا بكا!
هه‌ر حه‌وتوویه‌ك پێش له‌و ده‌سڕێژه، له زانستگای عیلم و سه‌نعه‌تی تاران كه كۆنترین دانشسه‌رای ئێرانه و دواتر بوو به زانستگا و ڕۆڵه‌ی خه‌ڵك گوایه ده‌بێ فێری زانستی ئه‌مڕۆیی بكرێ، هێزه‌كانی حه‌راسه‌ت ڕێگایان به خوێندكاران نه‌دا بچنه زانكۆ چوونكه هه‌ندێ له پێستی ده‌ستیان و قژیان دیار بوو!
ئه‌مانه چكۆله‌ترین نموونه‌ی ئه‌و سیاسه‌ته گه‌نده‌ڵ و وێرانكه‌رانه‌ی ڕێژیمی خومه‌ینی و خامنه‌یین كه دروشمیان ده‌دا خه‌ڵكی ئێران به مه‌قامی ئینسانی ده‌گه‌یه‌نن! به‌ڵام نه‌ك به مه‌قامی ئینسانییان نه‌گه‌یاند، ئه‌و مه‌قامه‌ش كه ڕه‌نگه تۆزێكیان له ده‌ورانی پاڵه‌وی بۆ مابوویه‌وه، هێنایانه ده‌یان پله خوارتر.
سیستمه سیاسییه‌كان له جیهاندا دوو ئیدیعایان هه‌یه، هه‌ندێكیان هه‌ن كه ئیدیعا ده‌كه‌ن كه ئازادیی تاك و مرۆڤه‌كانیان به‌لاوه گرینگتره و یاسایان له‌سه‌ر ئه‌ساسی ئازادیی مرۆڤ داده‌ڕێژن، ئیدی ئه‌و مرۆڤه ده‌بێ به ئازادی به‌ڵام له‌سه‌ر شانی خۆی ژیانی خۆی به‌ڕێوه ببا، هی واش هه‌یه كه ئیدیعای ئه‌وه ده‌كه‌ن كه ده‌یانهه‌وێ دادپه‌روه‌ریی كۆمه‌ڵایه‌تی دابین بكرێ و ده‌ڵێن مرۆڤێك نانی هه‌بوو ئازادییشی وه‌ده‌ست دێ.
به‌ڵام ئیدئۆلۆژیی دژه‌مرۆیی ویلایه‌تی فه‌قیهی، له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و سیستمانه‌یه و ته‌نیا نموونه‌ی كۆریای باكوور و سۆمالی وه‌كوو ئه‌م ڕێژیمه هه‌ن و ئه‌مانه هه‌م خه‌ڵك برسی ده‌كه‌ن و هه‌م ئازادیشی لێ ده‌ستێنن و هه‌رچی سامانی وڵاته خه‌رجی مووشه‌كی ده‌كه‌ن چوونه ئازادییان له خه‌ڵك ئه‌ستاندووه، لێیان ده‌ترسن و له وه‌حشه‌تی ڕووخاندا پێیان وایه كه چه‌كی قورس‌تر ده‌یانپارێزێ، بۆیه به ئاسانی ده‌سڕێژ له خه‌ڵك ده‌كه‌ن و نانیشیان ده‌بڕن تاكوو خه‌رجی مووشه‌كه‌كانیان ده‌ربێنن. له ئێرانی وێراندا، نه نان هه‌یه و نه ئازادی.