كه‌ریم په‌رویزی
كردار و جووڵه‌كان له جیهانی هه‌ستپێكراو یان به‌رهه‌ست، هه‌موویان له شوێنێكه‌وه ده‌ست پێ ده‌كه‌ن و له شوێنێكدا كۆتاییان پێ دێ؛ به‌و مانا كه هه‌ر جووڵه‌یه‌ك و هه‌ر كردارێك، ده‌چێته خانه‌ی ڕووداوێكی كاتییه‌وه كه گرێدراوی كاته و به تێپه‌ڕینی كات، ڕووداوه‌كه ده‌گۆڕێ یان ته‌واو ده‌بێ و هه‌ست به بوونی له جیهاندا ناكرێ.
به‌ڵام بۆ ده‌ربازبوون له داوی زه‌مان و كات، ڕێگایه‌ك هه‌یه ئه‌ویش په‌یوه‌ستبوونه به جیهانی هزر و ئیده‌وه یان جیهانی داماڵراو له كات. له دونیای به‌رئاوه‌ز یان پێوه‌ندیدار به هزر و ئاوه‌زه‌وه، ئیدی پارامێترێک به‌ناوی كات كاریگه‌ریی نییه، به‌ڵكوو ڕێككه‌وتن و وێكچوون له‌گه‌ڵ فاكته‌ره‌كانی خانه‌كانی مێشك و بیركردنه‌وه‌ی كه‌سه‌كاندا ده‌وری كاریگه‌ری هه‌یه. له‌ڕاستیدا وێكچوون ده‌بێته جێگره‌وه‌ی كات و له‌وێدا هه‌ر تاكێك ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ بیركردنه‌وه‌ی ئاشنا بێ وه‌ریده‌گرێ و دووباره ده‌بێته‌وه هۆكاری لهدایكبووونهوهی هزر و ئه‌ندێشه.
له كۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تی و له كوردستانیشدا، هه‌ر تاكێك ڕۆژانه و ساڵانه هه‌زاران كرده‌وه و كرداری ده‌بێ و پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ تاكه‌كانی دیكه ده‌به‌ستێ كه زۆربه‌ی هه‌ره‌زۆری ئه‌و كردارانه كاتین، یانی گرێدراوی كاتن و به تێپه‌ڕینی كات، كاریگه‌رییان ته‌واو ده‌بێ و له‌ڕاستیدا ڕووداوه‌كه ده‌مرێ.
ڕه‌نگه زۆرجار ڕوو بدا كه له كۆمه‌ڵگادا، تاكێك به هۆكارێك ته‌نانه‌ت به ئانقه‌ستیش گیانی لێ بستێندرێ و ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری، بۆ ڕاستكردنه‌وه‌ی هێڵی به‌رده‌وامیی ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی سزایه‌ك بۆ تاوانباری كوشتنه‌كه دیاری بكا و له هه‌ندێ ده‌سه‌ڵاتیش ته‌نانه‌ت بكوژ، ئێعدام ده‌كه‌ن تاكوو موعادڵهی مه‌رگ و ژیانه‌كه هاوسه‌نگ بێته‌وه و كه‌سێك له به‌رامبه‌ر گیانی كه‌سی دیكه‌دا بكوژرێته‌وه و به‌وشێوه كۆمه‌ڵگا هه‌ست به ئاسووده‌یی بكات كه ئیدی هه‌موو شت دووباره له جێی خۆیه و به‌و شێوه مه‌رگی بكوژ و كوژراو ده‌بێته ڕووداوێكی كاتی و به تێپه‌ڕینی كات، كۆمه‌ڵگا فه‌رامۆشی ده‌كات.
به‌ڵام هه‌ندێ مرۆڤ هه‌ن كه ژیانیان و مه‌رگیان له گرێدراویی به كات ده‌رباز ده‌كه‌ن و ئه‌وان فاكتۆری هزر و ئاوه‌ز دێننه به‌ر دیده و بڕوا. له‌ڕاستیدا كرده‌وه‌یه‌ك ده‌نوێنن كه له هزری مرۆڤه‌كانی دیكه‌دا وه‌كوو نووسراوه‌ی سه‌ر تاشه‌به‌رده‌كان ههڵدهكهنرێ و فاكته‌ری وێكچوون له‌گه‌ڵ بڕوا و ئاواته‌كان، ڕووداوه‌كه له ڕووداوێكی ئاساییه‌وه ده‌رباز ده‌كا و به‌رگی كاتیبوونی لێ داده‌ماڵێ و له جیهانی بهرئاوهزیدا ده‌بێ به بكه‌رێكی وشیار.
ئه‌و مرۆڤانه، ئه‌وانه‌ن كه له ژیاندا پێشمه‌رگه‌ن و كۆتایی ژیانیان ده‌بێ به ده‌سپێكێكی دیكه. به مه‌رگیان ده‌بن به شه‌هیدێك كه ئیدی هه‌موو سنووره‌كانی كاتیبوون تێده‌په‌ڕێنن و ده‌چنه بیاڤی هه‌رمانه‌وه.
ئیدی له پێناوی شه‌هیددا نه‌ك كوشتنه‌وه‌ی كه‌سێك به‌ڵكوو گیان لێئه‌ستاندنی ده‌یان كه‌سیش ناتوانێ هاوسه‌نگیی كات و كاتیبوون به‌سه‌ر ڕووداوه‌كه‌دا بسه‌پێنێ، چوونكه شه‌هید تاكێكی كوژراو نییه كه به ڕووداوێك تێدا چووبێ به‌ڵكوو مه‌رگی شه‌هید، وشیاربوونه‌وه و داماڵینی به‌رگی كات و پۆشینی به‌رگی بوون به هێما و گه‌یشتن به لووتكه‌ی بڕوامهندییه. مه‌رگی شه‌هید هه‌موو فاكته‌ره‌كانی كات و جیهانی به‌رهه‌ست تێده‌په‌ڕێنێ و له مهملهكەتی ههرمانیدا بانگه‌وازی درێژه‌پێدان ده‌كا و بانگهێشتی ڕێبوارانی دیكه ده‌كا.
بۆیه شه‌هید نامرێ و له نیشتمانی بڕوا و باوه‌ڕ و هزردا ڕێبه‌ره.