کوردستان میدیا: بەبۆنەی ٢٦ی سەرماوەز ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستانەوە، بە بەشداریی ئەندامان و لایەنگرانی حیزب و نوێنەری ڕێکخراوە سیاسییەکان لە شاری ڤییەن، ڕێوەڕسمێک بەڕێوە چوو.
ڕۆژی شەممە، ٢٣ی سەرماوەز، بۆ ڕێزگرتن لە ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان و کەمئەندامانی حیزب، لەلایەن کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ڕێوڕەسمێک بە بەشداریی ئەندامان و لایەنگرانی حیزب و نوێنەری ڕێکخراوە سیاسیەکانی کوردستانی ڕۆژئاوا لە شاری ڤییەن، بەڕێوە چوو.
سەرەتای ڕێوەڕەسمەکە بە سروودی نەتەوەیی ''ئەی ڕەقیب'' و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدان کورد و کوردستان دەستی پێکرد.
لەم ڕێوەڕەسمەدا ''حوسێن خاڵخاڵ''، ئەندامی کۆمیتەی حیزب، وێڕای بەخێرهاتنی بەشداربووان، پیرۆزبایی ڕۆژی پێشمەرگەی کوردستان و کەمئەندامانی حیزبی کرد.
دواتر بە پێشکەشکردنی چەند سروودێکی نیشتمانی و گۆرانیی شاد لەلایەن ''سامان عەباسی'' و گرووپی میوزیکی چوارچراوە، ڕێوەڕەسمەکە ڕازێندرایەوە.
هۆڵی ئەم ڕێوەڕەسمە بە وێنەی شەهیدانی مەزن پێشەوا قازی محەممەد، شەهید دوکتورعەبدولڕەحمان قاسملوو، شەهید دوکتور سادق شەرەفکەندی، ئاڵای کوردستان و ئارمی حیزب ڕازێندرابوویەوە.
هەروەها وێنەی پێشمەرگە، فێرگەی پێشمەرگە و چۆنیەتیی فێرکردن و بارهێنانی پێشمەرگە، بە شێوەی "سلاید" لە ساڵۆنەکەدا پیشان درا.