کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەحرەین مافی هاووڵاتی بوونی شارۆمەندانی بەڕەچەڵەك ئێرانیی خۆی هەڵدەوەشێنێتەوە

20:51 - 14 بەفرانبار 2715

كوردستان میدیا: دەوڵەتی بەحرەین لە چەند ساڵی ڕابردوودا مافی هاووڵاتی بوونی لانیكەم ١٧٩ كەس لە شارۆمەندانی شێعە مەزهەبی بە ڕەچەڵەك ئێرانیی خۆی هەڵوەشاندۆتەوە.

بەپێی دوایین ڕاپۆرتەكان، دەوڵەتی بەحرەین ڕایگەیاندووە، تۆمەتی ئەم كەسانە چالاكیی تیرۆریستی و پێوەندی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران بووە.
لێپرسراوانی بەحرەینی پێیان وایە ئێران پاڵپشتی لەو تیرۆریستانە دەكات كە بەتەمای چالاكیی تێرۆریستی لەو وڵاتەدان و بە پشتیوانیی ماڵی لە ژێر چاوەدێریی سپای پاسداراندا سەرقاڵی بارهێنانی تیرۆریستن.

شێخ خالید وەزیری كاروباری دەرەوەی بەحرەین لە دوایین سەفەری خۆیدا بۆ لەندەن لە مانگی ئۆكتۆبری ٢٠١٥ ڕایگەیاندبوو: ئێمە لەدژی تیرۆریزمی دەوڵەتی شەڕ دەكەین. لە بەحرەیندا كۆمەڵێك شانەی نهێنی چالاكی دەكەن كە ڕاپۆرتی هەلومەرجەكان بەشێوەی ڕاستەوخۆ ڕادەستی بەرپرسەكانیان لە ئێراندا دەكەن.

تاكوو پێش لە ساڵی ٢٠١١ی زایینی، سوننی و شێعەكان لە وڵاتی بەحرەین بەبێ‌ هەبوونی هیچ كێشەیەك پێكەوە دەژیان، بەڵام پاش ئەوەیكە دەستێوەردانە ئاشكراكانی ڕێژیمی ئێران لە كاروباری نێوخۆیی بەحرەین بە بیانووی پشتیوانی كردن لە شێعەكانی ئەم وڵاتە زیادیان كرد، بەحرەین بوو بە گۆڕەپانی ململانێی كێشە و ئاڵۆزییە مەزهەبییەكان.

لە ساڵی ١٩٨١دا، بەرەی ئیسلامیی ئازادیخوازی بەحرەین ، ڕێكخراوی سەربازی ـ شێعەمەزهەبی بەحرەین، كە كۆماری ئیسلامی پشتیوانیی لێ‏دەكرد، بەتەمای ئەنجامدانی كودەتای سەربازی لەدژی حكوومەتی بەحرەین بوو. لەو كاتە بەدواوە، بەحرەین بەردەوام بە نیگەرانییەوە سەیری چالاكیی ڕێكخراوە شیعەمەزهەبەكان لەو وڵاتەدا دەكات. كودتای ئاماژە بۆكراو ٢ ساڵ پاش شۆڕشی گەلانی ئێران هاتە ئاراوە، واتە ئەو كاتەی كە خومەینی ویستی شۆڕشی ئیسلامی بۆ وڵاتانی ناوچە هەناردە بكات و وڵاتی بەحرەینیش كە زۆرینەی دانیشتوانەكەی شێعەمەزهەب بوون، باشترین ئامانج بۆ ئەم پیلانە دەهاتە پێش چاو.