کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسرائیل کاتس: جیهان گوشارەکان بۆ سەر ڕێژیمی ئاخوندەکان زیاتر بکات

11:33 - 18 پووشپەڕ 2724

وەزیری دەرەوی ئیسرائیل پاش دانانی مەسعوود پزشکییان وەک سەرۆککۆماری ڕێژیمی ئیسلامی ڕایگەیاند کە خەڵکی ئێران بە بەشدارینەکردن لە هەڵبژاردنەکاندا پەیامێکی ڕوون و ئاشکرایان ئاراستەی ڕێژیم کرد و دژایەتیی خۆیان لەگەڵ ئاخوندەکان نیشان دا و خوازیاری گۆڕان بوون.

ئیسرائیل کاتس بە ئاماژەدان بەوەی کە لە ئێستادا دەبێت کۆمەڵگەی جیهانی گوشارەکان بۆ سەر ڕێژیمی تاران چڕتر بکاتەوە زیادی کردووە کە لە ئێستادا دەبێت سپای پاسداران وەک ڕێکخراوێکی تێرۆریستیی لەلایەن وڵاتانەوە بناسرێت.

کاتس جەختی لە سەر ئەوە کردووەتەوە کە دەبێت جیهان پێش بە بەرنامە ناوکییەکانی ڕێژیم بگرێت.

ماڵپەڕی ئاکسیووس پێشتر لە ڕاپۆرتێکدا باسی لەوە کردبوو کە ئیسرائیل لە هەوڵدایە بە مەبەستی بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ هەڕەشە ئەتۆمییەکانی ئێران، کارگرووپگەلێک لە دامەزراوە دەوڵەتییەکانیدا بۆ جارێکی تر وەگەڕ بخاتەوە.

ئاکسیووس ڕایگەیاندووە کە چالاکیی ئەم کارگرووپانە نزیک بە دوو ساڵ لەمەوبەر ڕاگیرابوو.

ئاکسیووس لەپێوەندیی لەگەڵ ئام کارگرووپانە ڕوونی کردووەتەوە کە ئەم نوێکارییە لەژێر چاوەدێریی "تزاخی هانگبی" ڕاوێژکاری ئەمنییەتی نەتەوەیی ئیسرائیل ئەنجام دەبێت کە بریتییە لە شەش کارگرووپ لە مووساد و ئاژانسی ئەمنییەتی ئیسرائیل کە بۆ جارێکی دیکە ڕێک دەخرێنەوە.

بەرپرسانی ئیسرائیل و ئەمریکا لە ساڵانی ڕابردوودا چەند جار ڕایانگەیاندووە کە هیچ کات ڕێگە نادەن کە کۆماری ئیسلامی دەستی بە چەکی ئەتۆمی، ڕا بگات.