کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوژران و برینداربوونی ٦ کۆڵبەر لە سنووری نەوسوود

12:17 - 18 پووشپەڕ 2724

لە ئەنجامی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی ڕێژیمی ئێران بەرەو کاروانی کۆڵبەران لە سنووری نەوسوود، کۆڵبەرێک کوژرا و لانیکەم ٥ کۆڵبەری دیکە بریندار بوون.

بەپێی ڕاپۆرتی "کوردپا"، سەرلەبەیانیی ڕۆژی دووشەممە ١٨ی پووشپەڕ، کۆڵبەریک بە ناوی ئەیووب محەممەدی، تەمەن ٢٨ ساڵ و خەڵکی گوندی "کۆگا"ی سەر بە شاری سەلاس باوەجانی و دانیشتووی شاری جەوانڕۆ، بە تەقەی هێزەکانی ڕێژیم لە سنووری نەوسوود بە سەختی بریندار بوو بە هۆی سەختی برینەکانیەوە لە نەخۆشخانەی قودسی پاوە گیانی لەدەست دا.

هەروەها لە کاتی ئەم تەقەکردنەدا ٥ کۆڵبەری دیکەش بریندار بوون و لە نەخۆشخانەی قودسی پاوە لەژێر چاودێریی پزیشکیدان.

کوردپا ئاماژەی بەوەدا کە هێزەکانی هەنگی سنووریی ڕێژیم بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوو دەستیان بە تەقەکردن لەم کۆڵبەرانە کردووە.

هەر لەو پێوەندییەدا، ڕۆژی یەکشەممە ١٧ی پووشپەڕ، سینا نادری، مێرمنداڵێکی تەمەن ١٨ ساڵ خەڵکی شاری پاوە، لە سنووری شاری نەوسوود و ڕێبوار ڕەشیدی خەڵکی شاری بانە، لە سنووری هەنگەژاڵی ئەو شارە، بە تەقەی هێزەکانی ڕێژیم بریندار بوون.