کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وێرانکردن و دەسبەسەرداگرتنی سەرچاوە سروشتییەکان لە مەریوان

11:57 - 18 پووشپەڕ 2724

بەپێی ڕاپۆرتێک کە ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان بڵاوی کردووەتەوە، زەوی و سەرچاوە سروشتییەکانی پشت هۆتیل زرێبار لە شاری مەریوان لەلایەن کەسانی سەر بە ڕێژیمەوە دەستی بە سەردا گیراوە ە بەرەو وێرانی دەڕوات.

ئەنجومەنی سەوز چیا لە کاناڵی تێلێگرامیی خۆی ڕایگەیاندووە کە سەبارەت بە وێرانکردن و داگیرکردنی زەوییەکانی پشت هوتێل زرێبار لە ئیدارەکانی سامانە سروشتییەکان و چەند ناوەندەی دیکە بەدواداچوونی بۆ ئەم بابەتە کردووە کە هیچ وڵامێکیان نەداوەتەوە و خۆیان لەو بابەتە بێبەری کردووە.

ئەم ڕێکخراوە ژینگەپارێزییە ڕایگەیاندووە کە تێکدەرەکان بەبێ ئەوەی لەلایەن ئیدارە و ئۆرگانەکانی پێوەندیدار ئاگادار بکرێنەوە و هەست بە دژایەتیییەک بکەن، هێشتا درێژە بە کاولکارییەکانی خۆیان دەدەن.

ئەنجومەنی سەوز چیا، وێڕای ئاگادارکردنەوە لەم بابەتە و پێوەندیگرتن لەگەڵ بەرپرسانی ئیدارەی سامانە سروشتییەکانی شاری مەریوان، پێیان ڕایانگەیاندووە  کە ئەم بەشەی شار لەژێر چاودێریی ئەم ئیدارەدا نییە و پێویستە ئیدارەی ڕێگاوبان و گەشەپێدانی شار ڕێگری لەو وێرانکارییە بکات و بەرپرسیار بێت .

هەروەها دوابەدوای پێوەندیگرتنی یەکێک لە هاووڵاتییان لەگەڵ ئیدارەی سامانە سروشتییەکان، دیسان هەر هەمان وڵامیان بەو هاووڵاتییە داوەتەوە.

ئەنجومەنی سەوز چیای مەریوان ڕایگەیاندووە کە داوا لە هەموو ئۆرگانەکانی پێوەندیدار و بەرپرس دەکات بە زووترین کات ئەم کاولکارییانە ڕابگرن بۆ ئەوەی سامانی ئەم وڵاتە نەبێتە قوربانیی وڵامدانەوەی ئیدارەکان بە یەکتر، برۆکراسییە ئیدارییەکان و  خۆدزینەوەی بەرپرسان، کە بەداخەوە هیچ توانایەکی تریان نییە و و ڕۆژانە شایەتی سووتاندن و لەنێوچوون و و دەسبەسەرداگرتنی سامانە نەتەوەییەکانمان دەبین.