کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرێوەبەرانی ناوەندی چالاکانی مافی مرۆڤی کوردستان هاوخەمیی خۆیان بۆ شەهید کاوە جەوانمەرد دەربڕی

17:25 - 19 پووشپەڕ 2716

کوردستان میدیا: بەڕێوەبەرانی ناوەندی چالاکانی مافی مرۆڤی کوردستان، لە پەیامێکدا هاوخەمیی خۆیان سەبارەت بە شەهیدبوونی کاوە جەوانمەرد، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەربڕی.

دەقی پەیامەکە:

شەهید بوونی چالاکێکی مافی مرۆڤ، زامێکی دیکە لە پەیکەری مافی مرۆڤی کوردستان


شەهید بوونی داوود جەوانمەرد ناسراو بە کاوە، ڕۆژنامەوان و دۆستی ناوەندی چالاکانی مافی مرۆڤی کوردستان، خەمێکی قووڵی خستە دڵی هەموولایەک و زامێکی دیکەی خستە سەر پەیکەرەی مافی مرۆڤ لە کوردستان.

شەهید کاوە، سەرەتای ژیانی بە لەسێدارەدرانی باوکی خۆشەویستی، «نەجمەدین جەوانمەرد» لە ساڵی ۱۳۶۳، بە ئازارەکانی نەتەوەکەی ئاشنا بوو. هەر ئەمەش وایکرد کە هەوڵ بۆ نەهێشتی پێشێلکردنی سەرەتاییترین مافەکانی مرۆڤ بدات و بە هۆی هەوڵەکانی لەم بوارەدا لە ساڵی ۱۳۸۴، دەستبەسەر بکرێ و دوای ماوەیەک ئازار و ئەشکەنجەی ئەشکەنجەدەران، ئازاد دەبێ.

بەڵام لەبەر هەست بە بەرپرسایەتی و دڵسۆزی لەهەمبەر نەتەوەکەی، وای کرد دیسان لەسەر هەوڵە مرۆڤ دۆستانەکەی سوورتر بێ و لەکۆتایی‌دا بخرێتە ژێر گوشاری ناوەندە ئەمنیەتییەکانی ئێران و ناچار بکرێ ڕۆژهەڵاتی کوردستان جێ بێڵێ.

دوای ئەوەی بەناچار زێدی لەدایک بوونی جێ دێڵێ، لە بنکەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەگیرسێتەوە و دیسان لە هەوڵە مرۆڤ دۆستانەکەی نەوەستا و بە هەوڵەکانی لەبواری مافی مرۆڤ، خزمەتێکی بەرچاوی بە بەرەوپێشچوونی دۆخی مافی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەتایبەت بەندکراوانی سیاسی و مەدەنی کرد.

لەکۆتاییدا هەر لەپێناو نەتەوەکەی و بۆ دەستەبەربوونی سەرەتایی‌ترین مافەکانی نەتەوەکەی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە ڕێکەوتی ۱۵ی پووشپەڕی ۱۳۹۵ی هەتاوی هاوکات لەگەڵ هاوڕێیەکی دیکەی بەناوی سەرکەوت سەمەدی کە ئەویش یەکێ لە بەندکراوانی سیاسیی کورد بوو، لە بۆڕیەری نیزێک بە کۆساڵانـی مەریوان شەهید دەبن.

لەم پێوەندیەدا ئێمە بەڕێوەبەرانی ناوەندی چالاکانی مافی مرۆڤی کوردستان، خۆمان بە شەریکە خەمی لەدەستانی کاوە جەوانمەرد، دۆستی ناوەند، ڕۆژنامەوان و چالاکوانی مافەکانی مرۆڤ، دەزانین و پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵە و دۆستان و هاوڕێیانی ئەم شەهیدە و گشت شەهیدانی کوردستان، دەکەین.

ناوەندی چالاکانی مافی مرۆڤی کوردستان

۱۸ی پووشپەڕی ۱۳۹۵
۸ی جولای ۲٠۱۶