کوردستان میدیا: نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە یەکیەتیی ئورووپا، بەشداریی لە سێمیناری ٧٠ ساڵەی جاڕنامەی جیهانی مافی مرۆڤدا کرد.
ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ١٩ی سەرماوەزی ١٣٩٧ی هەتاوی، لە چوارچێوەی چالاكییەكانی بەشی پێوەندییەكانی دەرەوەی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران، "حیسام دەستپیش" نوێنەری حیزبی دێموکرات لە یەكیەتی ئورووپا لە سێمیناری ٧٠ ساڵەی مافی مرۆڤ لە ناوەندی (یانەی میدیاكان) كە لە شاری بروكسێل بەڕێوە چوو، بەشداری كرد.
سێمینارەكە تایبەت بوو بە ڕەوشی مافی مرۆڤ لە یەكیەتیی ئورووپا و دەرەوەی یەكێتییەكە. لە بەشێک لەم سێمینارەدا باس لەسەر گوشارخستنەسەر دەوڵەتان كرا هەتاكوو پێبەندی ڕەوشی مافەکانی مرۆڤ بن.
لە سێمینارەکەدا چوار كەسایەتی لە ناوەندە جیاوازەكان وەك پرسێک لە ناوخۆ و دەرەوەی یەكیەتیی ئورووپا باسیان لە ڕەهەند و لایەنە جیاوازەكانی مافی مرۆڤ كرد.
لەم سێمینارەدا نوێنەری حیزب لە چوارچێوەی ڕاوبۆچوون و پرسیارەکاندا باسی لەسەر هەڕەشەكانی سەر كورد لە خۆرهەڵاتی كوردستان و پێشێلكرانی مافەکانی مرۆڤ و مەترسییەكانی سەر ئازادی لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە كرد.
لە كۆتاییدا بەشداربووان پێداگریان لەسەر پتەوكردنی گوشارەكان لەسەر یەكیەتیی ئورووپا كردەوە هەتاكوو بە گوشار خستنە سەر دەوڵەتان كار بۆ باشتركردنی دۆخی مافی مرۆڤ بكرێت.