کوردستان میدیا: نوێنه‌ری په‌یوه‌ندییه نێونه‌ته‌وه‌ییه‌كانی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران، له كۆبوونه‌وه‌ی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی ڕێکخراوی نەتەوە بێدەوڵەتەکاندا بەشداریی کرد.
ڕۆژی هه‌ینی، ٧ی پووشپه‌ر، ٣٠هه‌مین كۆبوونه‌وه‌ی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه بێدەوڵەتەکان (UNPO)، به به‌شداریی دوکتور "عه‌لی عه‌بدیلزاده"، جێگری په‌یوه‌ندییه نێونه‌ته‌وه‌ییه‌كانی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران و نوێنه‌ری حیزبی دێموکرات له‌م ڕێكخراوه‌دا، به‌ڕێوه چوو.
سەرەتای ئەو کۆبوونەوەیە بە په‌سه‌ندكردنی بڕیاری كاریی كۆبوونه‌وه‌کە دەستی پێ‌کرد و پاشان سه‌رۆكی ڕێکخراوی نەتەوە بێدەوڵەتەکان، ڕاپۆرتی كار و چالاكیی پێشكه‌ش به ئه‌ندامانی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی كرد. هەروەها لە درێژەی بەشی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، ڕاپۆرتی به‌شی ماڵی له لایه‌ن سكرتێری ئەو ڕێکخراوەیەوە پێشكه‌ش بە ئامادەبووان کرا.
بڕگەیەکی تری کۆبوونەوەکە بۆ پێداچوونه‌وه‌ی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی به‌سه‌ر ئه‌ندامه‌تیی چه‌ند لایه‌نێكدا تەرخان کرابوو.
لە بڕگەیەکی تری ئەو كۆبوونه‌وەیەدا، تیشک خرایە سه‌ر كار و چالاكیی شه‌ش مانگی داهاتووی ڕێکخراو و هەروەها سكرتاریەتیی ئەو ڕێكخراوه‌یە، به‌رنامه و پلانی كاری بۆ شه‌ش مانگی داهاتوو پێشكەش بە بەشداربووانی کۆبوونەوەکە كرد و دوای تاوتوێکردن و هه‌ڵسه‌نگاندن، له لایه‌ن ده‌سته‌ی سهرۆكایهتییەوە په‌سه‌ند كرا.
له بڕگەی کۆتایی كۆبوونه‌وكه‌دا، دوکتور "عه‌لی عه‌بدیلزاده"، باسێكی له‌سه‌ر له تێرۆری ناجوانمێرانه‌ی دوكتور عه‌بدولڕه‌حمان قاسملوو و هاوڕێیانی لە شاری "ڤییەنـ"ـی پێتەختی وڵاتی ئۆتریش، لە ٢٢ی پووشپەڕی ساڵی ٦٨ی هەتاویدا پێشکەش بە به‌شداربووانی كۆبوونه‌وه‌كه كرد.
نوێنه‌ری حیزب له درێژه‌ی باسه‌كه‌یدا، هاوكات سه‌باره‌ت به خۆپیشاندانی به‌ربڵاوی جه‌ماوه‌ریی كوردانی تاراوگه، له ڕێكه‌وتی ٩ی ژووئهی ٢٠١٩ی زایینی‌دا، له شاری بروكسێل و له به‌رده‌م پارله‌مانی یەکیەتیی ئورووپادا، به بۆنه‌ی ٣٠هەمین ساڵوەگەڕی شه‌هیدبوونی دوکتور قاسملوو، زانیارییەکی پێشکەش به ئه‌ندامانی سه‌رۆكایه‌تیی ڕێکخراوی نەتەوە بێدوڵەتەکان کرد.
ناوبراو لە نێوئاخنی باسەکەیدا، داوای له ئه‌ندامانی ئەو ڕێكخراوه‌یە كرد، كه بۆ پشتیوانی و هاوسۆزیدهربڕین له‌گه‌ڵ نەتەوەی كورد و حیزبی دێموكراتی کوردستانی ئێران، له‌و خۆپێشاندانه‌دا بەشداری بكه‌ن.
كۆبوونه‌وه‌ی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی ڕێكخراوی نەتەوە بێدەوڵەتەکان، دوای یه‌ک ڕۆژ كاری بەردەوام، بە سەرکەوتوویی کۆتایی بەکارەکانی خۆی هێنا.