بەپێی ڕاپۆرتێکی هەواڵدەریی حکوومەتیی "ئیلنا"، وتەبێژی ڕێکخراوی دەرمان و خۆراکی ئێران دانی بەوەدا نا کە لە کۆی نزیکەی ۷۰۰ دەرمانی گرینگ و پێویستی وڵات، دابینکردنی زیاتر لە ۴۰ پێداویستیی پزیشکی و دەرمانیی گرینگ بەرەوڕووی کێشە و ئاستەنگی جیددی بووەتەوە.
سەرەڕای ئەوەی بەرپرسانی ڕێژیم هەوڵ دەدەن بە ئاماژەدان بە "بەرهەمهێنانی ناوخۆیی" و "کۆگاکردنی واکسەن" دۆخەکە ئاسایی نیشان بدەن، بەڵام هاوکات دانیان بەوەدا ناوە کە بەرزبوونەوەی تێچووی بەرهەمهێنان و بەردەوامیی هەڵکشانی نرخی ئەرزی دەرەکی (گرانبوونی دۆلار) بەربەستی سەرەکی لەبەردەم دابینکردنی کەرەستەی خاوی دەرمانن.
بەپێی زانیاری و بەدواداچوونەکان، لە کاتێکدا هەڵکشانی بەردەوامی نرخی دۆلار و قەیرانی دارایی یەکە بەرهەمهێنەرەکانی تووشی ئاستەنگ کردووە، ئەم قەیرانە ڕاستەوخۆ کاردانەوەی سەختی لەسەر ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتییان داناوە. بەهۆی کەمیی دەرمان لە دەرمانخانە فەرمییەکاندا، بازاڕی ڕەش و دەڵالیی دەرمان گەشەی سەندووە و نرخی دەرمانە گرینگەکان گەیشتووەتە ئاستێک کە توانای کڕینی لە سەرووی توانای چینە کەمداهاتەکانەوەیە. ئەم دۆخە گوشاری ئابووریی لەسەر خەڵک چەند بەرابەر کردووەتەوە و دیاردەی هەژاری و دەستکورتیی کۆمەڵگەی قووڵتر کردووەتەوە.