کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تێلێگراف: کۆماری ئیسلامیی ئێران هەوڵی کڕینی سیستەمی ئێس-۴۰۰ لە ڕووسیە دەدات

10:10 - 16 خەزەڵوەر 2726

ڕۆژنامەی "تێلێگراف" بڵاوی کردەوە کە کۆماری ئیسلامی و ڕووسیە لەسەر فرۆشتنی سیستەمی پێشکەوتووی بەرگریی ئاسمانیی "ئێس-۴۰۰" (S-400) سەرقاڵی دانوستانن و بەرپرسێکی کۆماری ئیسلامی هیوای خواستووە کە ڤێلادیمێر پووتین بەم داوایە ڕازی بێت.

مۆحسن ڕەزایی، بەرپرسی شۆرای ئاسایشی نەتەوەیی کۆماری ئیسلامی، ڕۆژی پێنجشەممە ۱۴ی خەزەڵوەر لە دیدارێکدا لەگەڵ پووتین لە کۆشکی کرێملین، پەیامێکی بەناوی موجتەبا خامنەییەوە سەبارەت بە داواکاریی دابینکردنی چەک لەلایەن ڕووسیەوە گەیاندووەتە دەستی ناوبراو.

کرێملین پشتڕاستی کردووەتەوە کە ڕەزایی هەڵگری پەیامی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی بووە، بەڵام هیچ لایەنێکیان بە فەرمی ڕێککەوتن لەسەر فرۆشتنی ئێس-۴۰۰یان پشتڕاست نەکردووەتەوە.

تێلێگراف نووسیویەتی کە مۆسکۆ ساڵانێکە بەڵێنی فرۆشتنی ئەم سیستەمەی داوە، بەڵام تاکوو ئێستا جێبەجێی نەکردووە. شرۆڤەکاران پێیان وایە کە شەڕی ئۆکراین کۆگاکانی بەرگریی ئاسمانیی ڕووسیەی کەم کردووەتەوە و ئەگەری هەیە کە ئەمە کار بکاتە سەر ڕادەستکردنی ئەم کەلوپەلە سەربازییانە.

لە هەمان کاتدا، ڕاپۆرتەکان ئاماژە بە ڕێککەوتنی سەربازیی دیکەی نێوان هەر دوو وڵات دەکەن، لەوانە فرۆشتنی ۹۰ هاوێژەری مووشەک بۆ هێلیکۆپتێرەکانی "می-۲۸" و گرێبەستی کڕینی ۵۰۰ هاوێژەری سەرشانهاوێژی "ڤێربا" و ۲۵۰۰ مووشەک.