کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاکسیۆس: قەتەر گەڵاڵەیەکی دوو ڕۆژەی بۆ لادانی گەمارۆی دەریایی پێشکەشی ئێران و ئەمریکا کردووە

10:27 - 16 خەزەڵوەر 2726

بەپێی ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی "ئاکسیۆس"، هەوڵە دیپلۆماسییەکان بە ناوبژیوانیی دەوڵەتی قەتەر بۆ چارەسەرکردنی ئاڵۆزییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران بە خێرایی سەری هەڵداوەتەوە. ناوبژیوانانی قەتەری گەڵاڵەیەکی پێشنیاریی دوو قۆناغی (دوو ڕۆژە)یان بە مەبەستی دروستکردنی متـمانەی دوولایەنە ئاراستەی هەردوو وڵات کردووە.
بەپێێ زانیارییەکان، ڕۆژی یەکەم ئەمریکا گەمارۆی دەریایی لەسەر ئێران هەڵدەگرێت و بەشێک لە سەرمایە سڕکراوەکانی ئەو وڵاتە ئازاد دەکات. لە بەرانبەردا، ئێران بەپێی ڕێککەوتنی ساڵی ڕابردووی قاهیرە، بە فەرمی داوا لە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەت ئەتۆمی دەکات تا پشکێنەرەکانی بۆ بەسەرکردنەوەی دامەزراوە ئەتۆمییە بۆردومانکراوەکان ڕەوانە بکات.

لە ڕۆژی دووەمدا گەرووی هۆرمۆز دەکرێتەوە و ئاسایشی هاتوچۆی کەشتییەکان مسۆگەر دەکرێت. دوابەدوای ئەوەش دانوستانە ئەتۆمییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران بە جەختکردنەوە لەسەر دۆسییەی کۆگاکانی ئۆرانیۆمی پیتێنراوی ئاستبەرز دەست پێ دەکەنەوە.

ئەم پێشنیارە لە کاتێکدا بڵاو دەبێتەوە کە شێخ تەمیم بن حەمەد ئال سانی، ئەمیری قەتەر ڕایگەیاند لەگەڵ دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا پەیوەندییەکی تلفۆنی ئەنجام داوە و تاوتوێی هەوڵەکانی ناوبژیوانییان کردووە. هاوکات، ئاژانسی ڕویتێرز لە زاری سەرچاوەیەکی باڵای ئێرانییەوە ڕایگەیاندووە کە تاران ڕێگەی قەتەرەوە "پێشنیارێکی ئەتۆمی"ی ئاراستەی واشنتۆن کردووە و ئەمریکا سەرقاڵی پێداچوونەوەیەتی.

لەلایەکی دیکەوە، مۆحسن ڕەزایی، بەرپرسی شۆرای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران لە سەردانێکدا بۆ مۆسکۆ و لە دیداریدا لەگەڵ ڤێلادیمێر پووتین، جەختی لەسەر "حەوت مەرج"ی تاران بۆ ئەنجامدانی دانوستان و کردنەوەی گەرووی هۆرمۆز کردووەتەوە. ئەم پەرەسەندنانە دوای زنجیرەیەک پەیوەندیی دیپلۆماسیی عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لەگەڵ بەرپرسانی قەتەر، عەرەبستانی سعوودی، تورکیە و کوەیت هاتوونەتە ئاراوە.