لە درێژەی شەپۆلی دەرکردنی سزای قورس بۆ بەشداربووانی خۆپیشاندانەکانی مانگی بەفرانباری ۱۴۰۴، دەزگای بەناو دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کەرەج سزای لەسێدارەدانی بەسەر دوو هاووڵاتیی دیکەدا سەپاند.
بەپێی ڕاپۆرتێکی "هێرانا"، لقی دووهەمی دادگای ئینقلابی کەرەج بە سەرۆکایەتیی دادوەر سەبزواری، سزای لەسێدارەدانی بۆ دوو دەسبەسەرکراوی ناڕەزایەتییەکان بە ناوەکانی «حەمید کازمی» و «حەسەن دیوبەند»دا سەپاندووە. ئەم دوو هاووڵاتییە لە زستانی ۱۴۰۴ەوە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کران و ڕەوانەی بەندیخانەی ناوەندیی کەرەج کران.
سەرەڕای ئەوەی هیچ زانیارییەک لەسەر وردەکاریی دۆسییەکەی حەمید کازمی بڵاو نەکراوەتەوە، زانیارییەکان دەریدەخەن کە حەسەن دیوبەندی تەمەن ۳۰ ساڵ لە ۲۰ی بەفرانباری ۱۴۰۴ لە شوێنی کارەکەیدا دەسبەسەر کراوە. هەروەها لە هەمان ماوەدا، چوار ئەندامی دیکەی بنەماڵەکەی بە ناوەکانی عەلیئەسغەر دیوبەند (۲۹ ساڵ)، عەلیئەکبەر دیوبەند (۱۵ ساڵ)، محەممەدعەلی دیوبەند (۵۰ ساڵ - باوکی خێزانەکە) و حەمیدڕەزا فرووهەر (۲۰ ساڵ) لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەر کراون.
ئەم بڕیارەی دادگای کەرەج لە کاتێکدایە کە پێشتریش لە درێژەی گوشارە ئەمنییەکاندا، لقی پێنجەمی دادگای ئینقلابی مەشهەد بە سەرۆکایەتیی قازی حوسێن یەزدانخا، سزای لەسێدارەدانی بەسەر دوو هاووڵاتیی دیکەی بەشداربووی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانبار بە ناوەکانی «ئەمیر دڵشاد» (لە زیندانی وەکیل ئابادی مەشهەد) و «مەتین شەبانی» (لە شاندیز) بە تۆمەتەکانی وەک "موحاربە"، "تێکدانی ئەمنییەت" و "ئاگرتێبەردانی موڵکی گشتی" سەپاندبوو.
سەپاندنی زنجیرەیی سزای لەسێدارەدان بەسەر دەسبەسەرکراوانی ڕووداوەکانی مانگی بەفرانبار لە شاری جیاوازەکانی ئێران، لە ناوەندێکی ئەمنیی قورس و بە بێدەنگکردنی بنەماڵەکان و بێبەشکردنی دەسبەسەرکراوان لە پارێزەری سەربەخۆ بەڕێوە دەچێت.