کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمریکا ۹ تۆڕ و کۆمپانیای دارایی بەستراوە بە کۆماری ئیسلامیی خستە ناو لیستی سزاکانەوە

09:08 - 16 خەزەڵوەر 2726

وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمەریکا لە درێژەی گوشارە ئابوورییەکانی بۆ سەر کۆماری ئیسلامی، هەشت سەڕافی و کۆمپانیای خزمەتگوزاریی دارایی لە کانادا سزا دا و دەستڕاگەیشتنی سەڕافییەکی گەورەی دراوی دیجیتاڵیی بۆ سیستەمی دارایی ئەمریکا، بڕی.

نوسینگەی کۆنتڕۆڵی داراییەکانی دەرەوەی ئەمریکا (OFAC) ڕایگەیاند کە ئەم هەشت کۆمپانیایە ڕێخۆشکەر بوون لە گۆڕینی ڕیاڵ بۆ دراوی دیجیتاڵ (ڕەمزارز) و ئاسانکارییان بۆ ئاڵوگۆڕی دارایی لەگەڵ سەڕافییە سزادراوەکانی ئێران و هەژمارە بەستراوەکان بە سپای پاسداران کردووە.

هەروەها واشنگتۆن دەستڕاگەیشتنی سەڕافی "مەکس‌سی‌ئێکس‌سی گڵۆباڵ" (MEXC Global)ی بۆ سیستەمی دارایی ئەمریکا ڕاگرت. وەزارەتی خەزێنەداری ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم پلاتفۆرمە ئاسانکاریی بۆ لانیکەم ۱۶ میلیارد دۆلار مامەڵەی دارایی پەیوەندیدار بە دەورلێدانەوەی سزاکانی ئێران، ڕووسیە و کۆرەی باکوور و هاوکات تاوانە سایبێرییەکان کردووە.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، نزیکەی یەک میلیارد دۆلار لە مامەڵەکانی ئەم سەڕافییە لەگەڵ زیاتر لە ۴۰ سەڕافیی دراوی دیجیتاڵیی بەستراوە بە ئێران، و ۲۲ ملیۆن دۆلاریشی ڕاستەوخۆ پێوەندیی لەگەڵ بانکی ناوەندیی کۆماری ئیسلامی و سپای پاسداران بووە.

سکات بێسێنت، وەزیری خەزێنەداریی ئەمریکا جەختی کردەوە کە واشنگتۆن لە بڕینی سەرچاوە داراییەکانی کۆماری ئیسلامی و ڕووبەڕووبوونەوەی هەوڵەکانی بۆ دەورلێدانەوەی سزاکان بەردەوام دەبێت.