کوردستان میدیا: "دیبەیتی هەڵبژاردن بۆ چەند کاندیداتۆرێک لە پێنج پارتی بلژیکی" بە بەشداریی بەشێکی بەرچاو لە ئەندامان و لایەنگران و دۆستانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە وڵاتی بلژیک و کوردستانیانی دانیشتووی وڵاتی بلژیک بەڕێوە چوو.
ڕۆژی یەکشەممە، ٢٩ی بانەمەڕ، کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی بلژیک، بە هاوکاریی چەند پارتێکی کوردستانی، لە ژێر ناوی فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردییەکان (بەنەلۆکس)، دیبەیتێکی بە ناوی "دیبەیتی هەڵبژاردن بۆ چەند کاندیداتۆرێک لە پێنج پارتی بلژیکی" پێک هێنا.
سەرەتا لە لایەن پێشکەشکاری دیبەیتەکەوە ویڕای بەخێرهاتنکردنی بەشداربووان، سپاسی ڕێکخەرانی ئەو کۆڕە کرا، کە بۆ یەکەمجار بەو شێوەیە لە وڵاتی بلژیک و لە سەروبەندی هەڵبژاردنەکاندا هەلێک دروست دەکرێت، هەتا گفتوگۆیەکی گرینگ و پڕبایەخ لە نێوان نەتەوە جیاجیاکانی دانیشتووی وڵاتی بلژیکدا بێتە ئاراوە .
پاشان هەرکام لە کاندیدەکان وێڕای ناساندنی خۆیان، سەرنج و بەرنامەی کاریی خۆیان پێشکەش بە ئامادەبووان کرد.
یەکێک لە بەشە گرینگەکانی ئەو دیبەیتە، پێکهاتبوو لە باسکردن و ڕا و بۆچوونی پارتەکانی بەشدار لەو دیبەیتە لەسەر هەلومەرجی ئێران و کوردستان و ڕۆڵ و کاریگەرییەکانی ئەو پارتانە لەمەڕ گۆڕانکارییەکان لە ئێران و پشتگیریی لە دۆزی ڕەوای کورد لە کوردستانی ئێراندا و هەروەها کاریگەرییەکانی یەکیەتیی ئورووپا و پارلەمانی ئورووپا لەمەڕ ئەو گۆڕانکارییانە کە چاوەڕوان دەکرێت لە ئێراندا بێنە ئاراوە.
بەشداربووان بریتی بوون لە:
١ـ Mark De Mesmaeker(مارک دێمس مایکر) لە حیزبی N-VA
٢ـ Peter Van Kemseke(پێترڤان کێمسکە) لە حیزبیCD&V
٣ـ Vim Borremans(ویم بوڕیمانس) لە حیزبیGroen
٤ـ Tim Vandenput(تیم ڤاندێنپۆت) لە حیزبیOpen VLD
٥ـ Jan Cornillie (یان کورنێیڵیە) لە حیزبیSP. A
شایانی باسە، ئەم پێنج حیزبە لە حیزبە سەرەکییەکانی ناوچەی ڤلاندرنی بلژیکن، کە نزیکایەتی زۆریان لەگەڵ کورد و کوردستانییەکاندا هەیە.
ڕۆژی یەکشەممە، ٢٦ی مانگی مەی، لە بلژیکدا هەڵبژاردن بۆ پارلەمانی فیدراڵ، پارلەمانی ناوچەکانی بلژیک و هەروەها پارلەمانی ئورووپا بەڕێوە دەچێت.