کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆبوونەوەی نوێنەرانی هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکان لەگەڵ نوێنەرانی حیزبی SV لە پارلەمانی نۆروێژ

09:06 - 16 خەزەڵوەر 2726

نوێنەرانی هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە کۆبوونەوەیەکدا لە پارلمانی نۆروێژ لەگەڵ نوێنەرانی حیزبی سۆسیالیستی چەپ  SV، دۆخی سیاسی و مافە نەتەوەییەکانی کورد لە ئێران و پێویستیی بەهێزکردنی پشتیوانیی سیاسی و مرۆییان تاوتوێ کرد.
ڕۆژی هەینی ١٥ی خەزەڵوەری ١٤٠٥، نوێنەرانی هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە پارلەمانی نۆروێژ لەگەڵ Kathy Lie، ئەندامی پارلمانی نۆروێژ لە حیزبی سۆسیالیستی چەپ SV، Kaja Yngsdal، ڕاوێژکاری پارلمانی لە کاروباری پەیوەندیدار بە کەیسی کوردانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و Gjermund Skaar، جێگری ئەندامی پارلمان، کۆ بوونەوە.
لە درێژەی کۆبوونەوەکەدا، ئەمیر باباخانی، نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە نۆڕوێژ، تیشکی خستە سەر دۆخی کوردەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، پێویستیی پشتیوانیی سیاسی و پاراستنی مافە نەتەوەییەکانیان. هەروەها، بارودۆخی ئابووری و مرۆیی ئەندامانی حیزبە کوردییەکان لە باشووری کوردستانی خستە بەرباس.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پێشنیاری دامەزراندنی فۆرۆمێکی کوردی ـ نۆروێژیی بە مەبەستی دروستکردنی چوارچێوەیەکی بەردەوام بۆ گفتوگۆ لەسەر پرسی کورد کرد. هەروەها، پێشنیاری بەڕێوەبردنی سێمینارێکی تایبەت بە بارودۆخی کوردەکانی ئێرانی کرد، کە هەر دوو پێشنیارەکە لەلایەن نوێنەرانی حیزبی SV پێشوازییان لێ کرا.
لە هەمان کاتدا، نوێنەرانی هاوپەیمانیی هێزە کوردییەکان داوایان لە حیزبی SV کرد، لە ڕێگەی دیالۆگی سیاسی، پشتیوانیی مرۆیی و پەرەپێدانی هاوکارییە درێژخایەنەکانەوە، ڕۆڵێکی زیاتر لە پشتیوانی لە ماف و ئازادییەکانی کوردەکانی ئێران بگێڕێت.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، هەردوو لا جەختیان لەسەر گرنگیی بەردەوامبوونی دیالۆگی سیاسی و پەرەپێدانی هاوکارییە هاوبەشەکان بە مەبەستی پشتیوانی لە دێموکراسی، پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و بەدیهێنانی مافە نەتەوەییەکان کردەوە.